بۆچی هێزی چینی کرێکار لە ڕێکخراوبوونی دایە؟
| مەحمود حەلاق
هاوڕێیانی کرێکار!
کاتێک سەرمایەدارێک، خاوەنکارێک یان کۆمپانیایەکی گەورە ڕووبەڕووی یەک کرێکار دەبێتەوە، بەئاسانی دەتوانێت دەنگی ببڕێت، مافەکانی بخاتە ژێر پێیەوە، یاخود بەمەرجی زۆرەملێ و دەرکردن، پێی بڵێت:ئەمە یاساو بەرنامەی منە کە ئەیبینیت، هەر کەسێکتان نایەوێت، ئەوە دەرگای دەرەوە، فەرموو ئەتوانیت بەجێی بهێڵێت!
ئێوە دەزانن خاوەنکار بەپارە، بەکورسیی دەسەڵات، بەیاسا کاغەزییەکان و بەهێزی پارە پشت ئەستوورە، ئێوەش بەتەنهاو پەرتەوازەییەوە هیچ دەسەڵاتێکتان نییە. بەڵام کاتێک کرێکارێکی تەنها دەبێتە بەشێک لەگروپێک، لەدەستەو کۆڕ و کۆمەڵێک لەو سەدان و هەزاران کرێکارەی کەپێکەوە کار دەکەن و چەرخی بەرهەمهێنان دەسوڕێنن، دیمەنەکە بەتەواوەتی پێچەوانە دەبێتەوە. لێرەوە ئەو ڕاستییە گەورە مێژووییە سەر هەڵدەدات کە هێزی چینی کرێکار تەنهاو تەنها لەڕێکخراو بوونیدایە.
• بێننە پێش چاو!! ئەگەر کرێکارێک بەتەنها داوای مووچە، پشووی یاسایی، مۆڵەت یان دەستەبەری بکات یان خواستێکی هەبێت، خاوەنکار دەستبەجێ دەریدەکات و کەسیش ئاگای لێنابێت؛ بەڵام کاتێک سەدان کرێکار لەکارگەیەکدا، لە کێڵگەیەکدا یان لە کۆمپانیایەکدا دەبنە یەک دەنگ، خاوەنکار ئیتر ناتوانێت کارگەکە بەیەکجاری بوەستێنێت و دەنگی هەمووان ببڕێت. هێزی کرێکار لەوەدایە ئەو بەرهەمە دەستەبەر دەکات کەخاوەنکار پێی دەوڵەمەند دەبێت، کەواتە کاتێک کرێکاران ڕێکدەکەوون، دەتوانن خاوەنکار ناچار بکەن مل بۆ داواکارییە ڕەواکانیان بدات، ئەو کاتەش باڵانسی هێز بەقازانجی خۆیان دەگۆڕن.
سەرمایەدار هەموو هێزەکەی لەوەوە ناهێنێت کەزۆر دانشمەندو ئازایە یان لەسەر هەقە، بەڵکو هێزەکەی لەپەرتەوازەیی کرێکارانەوە سەرچاوە دەگرێت. هەتا ئەو کاتانەش کرێکاران وەک تاکی دابڕاو مامەڵە دەکەن، خاوەنکار دەتوانێت لەڕێگای کێبرکێی نێوان کرێکارەکانەوە مووچەکان کەم بکاتەوەو مەرجی سەختی کارکردن بەسەریاندا بسەپێنێت. بەڵام کاتێک ڕێکخراوبوون دەست پێدەکات، بەهێزترین چەکی دەستی خاوەنکار کە کۆنترۆڵکردنی بژێوی تاکی کرێکارە، پەکدەکەوێت. لەم ساتەوەختەدا باڵانسی هێز سەرەوژێر دەبێتەوە: کاتێک بەرهەمهێنان و ئامێرەکان ڕادەوەستن، سەرمایەدار ڕۆژانە هەزاران دۆلار زیان دەکات و ناچار دەبێت گوێ لەدەنگ و ڕیزی یەکگرتووی کرێکاران بگرێت. لەهەمانکاتدا، توندوتۆڵی ڕیزەکانی کرێکاران ڕێگا نادات هیچ کرێکارێکی تر ببێتە چەکی دەستی خاوەنکار بۆ شکاندنی مانگرتنی هاوڕێکانی.
لەئێستادا، لەسایەی ئەو نادادپەروەرییە قورسەی بەسەر ژیانماندا سەپێنراوە، دروستکردنی دەستەو گروپە ناوخۆییەکانی کرێکاران لەناو کارگەکان، کۆمپانیاکان و تەنانەت لەناو پەیوەندییە شەخسی و خزمایەتییەکانماندا بووەتە پێویستییەکی حەتمی. ئەم گروپە بچووکانە دەبنە بنکەی سەرەتایی هوشیاری، چونکە کێشە و گرفتی کرێکاران یەک شتە، ئازارەکانیان یەکەو نانیان لەسەر یەک سفرەیە. دروستکردنی ئەم جۆرە گروپگەلە بچووکانە لەشوێنی کاردا، یان لەهەر ڕێگایەکەوە کەخۆیان پێیان گونجاو و لەبارە، ئەو دەرگایە دەکاتەوە کە کرێکاران لەدۆخی بێدەنگی و ترسەوە بگوازنەوە بۆ قۆناغی گفتوگۆ، ڕاوێژو هاوپشتیی ڕاستەقینە.
ئەم دەستەو گروپە کرێکارییانە تەنها بۆ قسەکردن نین، بەڵکو دیواری پارێزەرو لێکۆڵەری ڕاستەقینەی کرێکارانن. ئەركی سەرەکییان بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە لەسەر پێشێلکارییە یاساییەکانی خاوەنکار، پوچەڵکردنەوەی فێڵەکانی ئیدارە کەدەیەوێت دووبەرەکی یان هەر کارێک بەزەرەری کرێکارە دروست بکات، بۆیە پشتگیریی بەکۆمەڵ لەهەر کرێکارێک کە ڕووبەڕووی ناحەقی یان سزادان دەبێتەوە بۆ ئەوەی نەهێڵرێت بەتەنها ببێتە قوربانی.
لەڕاستیدا گروپ و دەستەی ناوخۆیی بەتەنها بەس نییە ئەگەر بەیەکترەوە نەبەسترێنەوە، بۆ نموونە لەنێوان کارگەو ناوەندە جیاجیاکاندا، پەیوەندی گرتن بەوانەوەو ئاگادارکردنەوەو هوشیاری لەگەڵ یەکتریدا، بۆ ئەوەی ئەم گروپە بچووکانە ببنە پردێک بەرەو دروستکردنی ڕێکخراوێکی گشتی و سەربەخۆی کرێکاران لەسەرانسەری شار و وڵاتدا. ئەم ڕێکخراوە گشتییە مەرجی دروستبوونەکەی ئەوەیە کە بەدەستی خودی کرێکاران خۆیان و بە بێ کاریگەری و هەژموونی فکری و سیاسەتی حزبەکان بێت، چونکە کرێکاران موختارو ناوەند و ڕێکخراوێکیان ناوێت لەسەر خوێنی ئەوان مووچەی قەبە وەربگرێت و سوار شەپۆلی خەباتی ئەوان بێت و لەدواییشدا چەواشەیان بکات بەقازانجی خاوەنکار. حزبە سیاسییەکان، دەسەڵاتداران و ناوەندو دەستوپێوەندەکانیان، کاتێک لەسەر کورسیی دەسەڵاتدان، کرێکار وەکو پەیژە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان بەکاردەهێنن و ئەو کاتەش کەدەسەڵات دەگرنە دەست یان لەگەڵ خاوەنکاردا ڕێک بکەون، یەکەم شت کە لەبیری دەکەن، ماف و نانی منداڵەکانی کرێکارە.
ڕێکخراوی ڕاستەقینەی کرێکاران نابێت مۆری هیچ حزبێکی لەسەر بێت، نابێت پاشکۆی هیچ لایەن و ناوەندێکی مەدەنی و یاسایی و هیچ لایەنێکی بەرژەوەندی خوازی ناکرێکاری بێت. دەبێت ڕێکخراوێک بێت کەنوێنەرەکەی کرێکارێکی بەهێز و چاونەترسی ماندووی ناو کارگە و کۆڵانەکان خۆی بێت، نەک مووچەخۆرێکی حزبی کە لەپشت مێزەکانەوە فەرمان بەکرێکار بدات. ڕێکخراوێکی سەربەخۆ کەبەدەستی خودی کرێکاران خۆیان بەڕێوە دەچێت، تەنهاو تەنها پابەندە بەبەرژەوەندیی کرێکارانەوە، هیچ سازشێک لەسەر عارەق و ماندووبوونی ئەوان ناکات و دەتوانێت هاوپشتیی جەماوەری لەسەرانسەری کارگەکاندا بۆ یەکتر دروست بکات.
کاکی کرێکار! هاوڕێی زەحمەتکێش!
• هەتا بە تەنها بیت، بێدەسەڵاتیت. هەتا ڕێکخراوەکەت ببێتە پاشکۆی ئەم حزب و ئەو لایەنی سیاسی کەژیانی تۆی کرێکاری پێ گرنگ نییەو لەسەنگەری خەباتی تۆدا نییە، تەنها وەک ئامرازێک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکارت دەهێنن. هێزی ڕاستەقینەی تۆ لەوەدایە کە لەناو شوێنی کارەکەتدا، لەڕێگای پەیوەندییە شەخسییەکانتەوە گروپ و دەستەی سەربەخۆی خۆت دروست بکەیت، دەست بخەیتە ناو دەستی برا کرێکارەکانت و بەبێ خۆبەستنەوە بەهیچ حزب و لایەنێکەوە، ڕێکخراوی ڕاستەقینەی خۆتان بونیاد بنێن. تەنها ئەم یەکێتییە سەربەخۆیەیە کە نەخاوەنکارو نەدەسەڵات ناتوانن نانت ببڕن یان مافت پێشێل بکەن
