Dangikrekar.com
وتار

هێزی چینی کرێکار لە یەکگترن و ڕێکخراوبوونی دایە؟

هێزی چینی کرێکار لە یەکگترن و ڕێکخراوبوونی دایە؟
 ڕێبوار ئەحمەد
هاوڕێیانی کرێکار!
من زۆر بە قوڵی هەست بە ئازار و ژان و کێشە و گرفتەکانتان دەگەم. کاری قورسی ٨-٩ سەعاتی و ڕنگە زیاتریش. کرێیەکیش کە بە کرێکار دەدرێت هەرناوی کرێییە. چۆن دەکرێت بە چەند سەد هەزار دینارێک، لەم گرانیە کەمەرشکێنەدا، مانگێک بەڕێبکرێت؟ بە تایبەت بۆ خێزاندار کرێ خانو، خۆراک، پۆشاک، کارەبا و ئاو کە دەسەڵاتداران بە نرخی بازاڕی ڕەش بە خەڵکی دەفرۆشن، دکتۆر و د ەرمانخانە کە وەکو دوپشک بە گیرفانەوە دەدەن.
کرێکاران لە هەر کوی بن، لە کارگە یان کۆمپانیا یان مەیدانەکانی بیناسازی یان هەر جێگایەک، لە بەیانیەوە تا تاریک و ڕون، بە بەیانی خوانێکی زۆر سادەی کە هیچ بەهایەکی خۆراکی نیە، بە گەرمای هاوین و بە سەرمای زستان، لەوکاتەی کە سەرمایەدارن لە ماڵە گەرم یان فێنکەکانیاندا کات بەسەر دەبەن، دەبێ تا ئێوارە بە دوای ئامێر یان لۆریەکانی کۆکردنەوەی خاشاک، یان کارە سەختەکانی بیناسازیدا..و… ڕابکەن. ئێستا بە هۆی تەمەن و دۆخی تەندروستیەوە توانای کارم نەماوە، بەڵام هەزاران ڕۆژ و سەڵەهای ساڵ، ئازار و زەحمەتی کرێکاریم چەشتوە، لەبەر گەرمای چلەی هاوین و سەرمای چلەی زستان، بەڕاستی تاقەتپڕوکێنە. دوای ئەم هەموو ماندوبونەش، بەو کرێیە ناکرێت لانی کەمی ژیان دابین بکرێت. دەبێ بە هەزار حاڵ و پینە و پەڕۆ ڕۆژە سەختەکانی ژیان بەڕێبکەی.
ئەمە چ سیستەم و دنیایەکی زاڵمانەیە، ئەگەر کار سەرچاوەی داهات و دابنکردنی ژیان بێت، خۆ کرێکاران هیچ درێغیان نەکردوە لە کار و ماندوبون، بەڵام بۆچی ئەم هەموو زەحمەتە ژیانێکی سادەی پێ دابینناکرێت؟ بۆچی ئەوانەی کار ناکەن هەموو ساتەکانی ژیان بە خۆشی دەگوزەرێین؟! بۆچی هەر ئەو بەرهەمانەی کرێکاران خۆیان دروستی دەکەن دواتر لە دەستیان دەردەچێت و نەک ناتوانن تەنانەت بیکڕنەوە، بەڵکو دەبێتە هێزی پارە و هێزی کۆمەڵایەتی و بەسەریاندا حوکمڕانی دەکات. ئەمەیە کە کرێکار دوچاری نامۆبون دەکات لە کارەکەی، لە بەرهەمەکەی، لە خۆی و تەنانەت لە مرۆڤەکانی تر. ئەمە کارکردی نیزامی سەرمایەداریە کە هەر ساتێکی لە سەر رەنج و ئارەق و خوێنی کرێکار بەڕێوە دەچێت. بۆیە ڕزگاری چینی کرێکار لە گرەوی هەڵگێڕانەوەی ئەم نیزامە سەرەوخوارەی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیدایە کە لە سایەیدا ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی هەموان مسۆگەر دەبێت. هەموان کار دەکەن و هەموان تێروتەسەل و بەختەوەر و خۆشگوزەران دەژین. کاریش لە تەقەلایەکی ناچاریەوە بۆ ژیان، دەبێتە بەشێکی لەزەتبەخشی ژیان و هەوڵی داهێنەرانە بۆ بەختەوەری.
• بەڵام هەر ئێستاش دەکرێت سنورێک بۆ ئەم هەموو ناهەمەتی و زوڵم و ستەمە دابنێین. دەکرێت سنوریک بۆ کەمی کرێ و سەعات کاری رۆژانەی زۆر و سەختی کار و نا سەڵامەتی شوێنی کار و کێشەی خواردن و پشودان و گەرما و سەرما و هاتوچۆ و..و..دابنێین. بە تایبەت کە هێشتا خاوەنکار فشار دەهینێت بۆ ڕاکەڕاکی زیاتر. دەیانەوێ دەرفەت بۆ کرێکار نەهێڵنەوە کە تەنانەت ناڕەزایەتیەکی سادە بەرامبەر ئەم دۆخە دژوارە دەربڕێت. ئەوان لیستێک ناوی کرێکاری یەدەگیان ئامادە کردوە بۆ ئەوەی هەر کرێکارێک دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕی، دەریبکەن و کەسێکی تر لە جێگای دابنێین. کرێکارانێکی زۆر بێکارن و بە دوای کارێکدا دەگەڕێن کە هەرچەند سەخت بێت نانێک بۆ خۆیان و خێزانیان دابین بکات. ئەمە کرێکارانی لەسەرکار دەخاتە ژێر فشاری تەحەمول کردنی ستەمی زۆرترەوە. ئەم دەسەڵاتە ستەمکارەش نەک هەر لە پشتی سەرمایەدارە، بەڵکو خۆی لە هەموو کارگە و پڕۆژە و کۆمپانیایەکدا شەریکە و بەشی هەیە لەو قازانجەی لە ڕەنجی کرێکارەوە بەدەست دێت.
بۆیە دۆخەکە سەختە و دەبێ بە وردی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بە نان و گوزەرانی خێزانەوە پەیوەستە. ڕەنگە لە یەکەم ساتتدا وا بێتە بەرچاو کە تاقەچارەسەر ملدانە بە ویستی خاوەنکار و فەرمانەکانی. واتە خاوەنکار چۆنی ویست و چی خواست بە قسەی بکەین و هەوڵدەین دڵی ڕازی بکەین، بۆ ئەوەی بیر لە دەرکردنمان نەکاتەوە. بەڵام ئارەزوی سەرمایەدار بۆ قازانجی زیاتر هەرگیز کۆتایی نایات و ئەوپەڕی نیە. چاویان جگە لە قازانج هیچ نابینێت، ئەگەر بە ستەمی ئێستا ڕازی بین زیاتر پێی لێ درێژ دەکەن، سەعاتی کار زیاد دەکەن، لەکاتی پشو دەبڕن، زیاتر کرێکار دەڕەتێنن و بێ دەنگبون و ڕازی بونی زۆرتریان دەوێ، ئەمە سەرچاوەی قازانجیانە. بۆیە تەسلیم بون بە خواستی خاوەنکار جگە لە محنەتی زیاتر هیچ ئەنجامێکی نابێت.
بەڵام چینی کرێکار ئەگەر هێزی خۆی کۆبکاتەوە، پێگە و هێزیکی کۆمەڵایەتی زۆر گەورەی هەیە. ئەگەر یەکگرتو و ڕێکخراوبێت، مافەکانی خۆیان باش بناسن، ڕێگا و شێوازە گونجاوەکانی خەباتی بدۆزێتەوە، هێزی هیچ سەرمایەدارێک بە پشتیوانی ئاسایش و دەسەڵاتیش بەشی ئەوە ناکات تێکی بشکینێت. کار ڕاگرتن تەنها بۆ چەند سەعاتێک، زەرەرێک لە سەرمایەداری قازنجپەرست دەدات کە دەیتەزێنێ. هیچ کارگە و هیچ هەلومەرج و هیچ مەیدانی کارێکیش نیە کە بتوانێ هەموو بوارەکان لە خەباتی کرێکار دابخات. خەباتی کرێکار لە نالەبارترین دۆخدا هەم دەرفەت و هەم سەنگ و کاریگەری گەورەی هەیە. بیگومان هەلومەرجی هەر کارگە و پڕۆژەیەک، تەنانەت فەزای هەر زۆنێک، شێوە و ڕێگای گونجاوی خۆی هەیە بۆ ئەوەی خەباتی کرێکار ڕێچکە بگرێت و بڕواتە پێش و سەرکەوێ و چۆک بە سەرمایەدار و دەسەڵات دابدات و داخوازیەکانی بسەپێنێ. ئەم چۆن چۆنانە دەبێ بە جیاجیا و لە هەر جێگایەکدا بە تایبەتی هەڵسەنگێندرێت و شێوەی گونجاو و خواستی گونجاوی بۆ دیاری بکرێت.
بەڵام سەرئەنجام وەڵامی هەموو پرسیارەکان تەنها لە دو وشەوە دەست پێدەکەن “یەکگرتن و ڕێکخراوبون” هەر ئەوەندە! بەکردەوە دەرهێنانی ئەو دو وشەیە دەیان دەرگا دەکاتەوە بۆ دیاریکردنی شێوازی خەبات و سەرکەوتن لە هەموو هەلومەرجە سەختەکانیشدا. ئەگەر یەکگرتو ڕێکخراوبین، ئەگەر یەک دەنگ بین و بەسەر ئەو ناکۆکیانەدا زاڵ بین کە خاوەنکار لە نێوان کرێکاراندا دروستی دەکات، هیچ هەلومەرج و هێزی هیچ سەرمایەدار و دەسەڵاتیک دەرەقەتی نایات. تەنانەت هەڕەشەی دەرکردن و لیستی درێژی ناوی کرێکاری یەدەگیش بەرگەی یەکڕیزی کرێکاران ناگرێت. یەکدەنگی تەنانەت دەتوانێ ویژدانی هەموو کۆمەڵگا بەخەبەر بهێنێت، لە دنیای ئێستادا تەنانەت دەتوانێ هاوچینەکانمان لەسەراسەری جیهان بەدەنگ بهێنێت. ئەگەر پەرت و بڵاو و لێکدابڕاویش بین، هەموو سەرمایەدارێک دەتوانێ بە هەڕەشەی دەرکردن بەسەرماندا سەرکەوێت و بیکات بە عیبرەت بۆ کرێکارانی تریش.
• ئەگەر یەکگرتو ڕێکخراوبین، بە مەشۆرەت و هاوفکری دەتوانیین بزانین چی بکەین و چۆنی بکەین، بۆ ئەوەی بەرگری لە ماف و داخوازیەکانمان بکەین بەبێ ئەوەی توشی دەرکردن یان کێشەی تر ببینەوە. دەتوانیین بزانین کەی و کام خواست بکەینە بابەتی گفتوگۆی ئارام لەگەڵ خاوەنکار، یان دەست بۆ مانگرتن یان تەنانەت داخستنی دەرگای کارگە بەرین و ڕێگا نەدەین هیچ یەدەگێکیش بخەنە جیێگامان. بۆیە دەبێ هەوڵی خۆمان بۆ یەکگرتن و ڕێکخراوبون بخەینەکار و لەگەڵ هاوڕێکامان دڵسۆزانە قسە بکەین. هیچ کەس و هیچ دەسەڵات و هیچ هەلومەرجێک نیە بتوانێ ڕێگا لەم گفتوگۆیەی نێوان کرێکاران بگرێت. هەمیشە دەتوانین پیکەوە قسە بکەین و ڕێکخراوی خۆمان دامەزرینین. هەتا ئەگەر زۆرجار سەرمایەدار یان دەسەڵات هەڕەشەی ئەوە بدەن بە گوێی کرێکاراندا کە مافیان نیە سەندیکا و یەکێتی و شورا دامەزرێنن، تەنها بۆ ترساندنە، چونکە دەزانن کرێکار ئەگەر ڕێکخراو بێت بەهێز دەبێت. ڕاستی ئەوەیە لە جیهانی ئەمڕۆدا تەنانەت لە سەخترین دۆخیشدا، سەرمایەداری ناتوانێ بە قانونی هەموو ڕێکخراوێکی کرێکاری قەدەغە بکات. دەتوانن قەید و بەندی بۆ دبنین، بەڵام ناتوانن بەتەواوی قەدەغەی بکەن. تەنانەت هێزهاوسەنگی جیهانی نێوان کار و سەرمایە ئەمەی سەپاندوە.
بەڵام بۆ ئەوەی بە کردەوە ڕێکخراوی خۆمان دروست بکەین، ناچارین بۆی بجەنگین، دەبێ پێداگری بکەین و بەربەستەکان بشکێنین و قەید وبەندەکان هەڵتەکێنین. ئەمەش بە یەکگرتویی دەکرێت. پێویستە لەسەر کار بێت یان لە دەرەوەی کار، لەگەڵ یەکتر باسی پێویستی یەکگرتن و ڕێکخراوبون بکەین و هاوڕێکانمان بەمە قانع بکەین. ئەو کرێکارانە بە ئاگا بهێنن کە فریوی خاوەنکاریان خواردوە و بونەتە چاودێر بەسەر هاوچینەکانیانەوە . ئەو کرێکارانەی زۆرتر خەم لە ناکۆکی و پەرتوبڵاوی کرێکاران دەخۆن و پەیان بە پێویستی یەگرتن و ڕێکخراوبون بردوە، دەبێ پێشڕەو و دەستپێشخەر بن. لە نوسراوێکی تردا ڕونی دەکەینەوە کە چۆن دەکرێت لە پێشدا بە دامەزراندنی دەستەکانی کرێکارانی پێشڕەو، بەردی بناغەی یەکگرتن و ڕێکخراوکردنی کرێکاران دابنرێت.

Related posts

لە دەربەندیخان کرێکارێک گیانی لەدەستدا

Dangi Krekar

لەماوەی ٤ مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا ٢٤ کرێکار، لەشارەکانی هەرێم، بونەتە قوربانی ڕوداوەکانی شوێنیکار 

Dangi Krekar

ڕووداوێکی تری کار لە هەولێر کارمەندێکی کارەبا لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیدا گیانی لەدەستدا

Dangi Krekar

Leave a Comment