کاتێک کەنرخی دۆلار گران دەبێت، بۆ ئەبێت بارگرانییەکەی لەسەر شانی خەڵک بێت؟
وەستا مەهدی
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەبازاڕی عێراقدا تەنها ژمارەیەک نییە کە لەسەر تابلۆی ئۆفیسی سەڕافییەکاندا ئەگۆڕێت، بەڵکو بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە، چونکە بەشێکی زۆر لەکاڵاو پێداویستییەکانی ژیان بەشێوەیەک لەشێوەکان پەیوەندییان بە دۆلارەوە هەیە.
کاتێک نرخی دۆلار بەرز ئەبێتەوە، موچەی فەرمانبەرو خانەنشین و زۆربەی موچەخۆران بەهەمان ئاست بەرز نابێتەوەو هەر لەجێگای خۆیەتی. کرێکارانی کۆمپانیا تایبەتەکانیش موچەکانیان بەدیناری عێراقی وەردەگرن، واتە داهاتی خەڵک بەدینارە، بەڵام بەشێکی گرنگی خەرجییەکانیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەنرخی دۆلارەوە پەیوەستە.
لێرەدا پرسیارێکی سەرەکی دروست ئەبێت، خەڵک لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا چی بکات؟
لەکاتێکدا خەڵک ناتوانێت نرخی دۆلار دیاری بکات و ناتوانێت نرخی کاڵا لەبازاڕدا کۆنترۆڵ بکات. بەڵام ئەوەی ئەیکات ئەوەیە کە لەکۆتاییدا بارگرانییەکەی لەسەر شانی خۆی ئەکەوێت، خواردن، کرێی خانوو، دەرمان، گواستنەوە، جل و بەرگ و هەموو پێداویستییەکانی ژیان گرانتر ئەبن، لەکاتێکدا داهاتەکەی هەروەك خۆیەتی، ئایا هەموو گرانبوونێک بەهۆی دۆلارەوەیە؟.
لە بازاڕدا، بازرگانان زۆرجار ئەڵێن، دۆلار بەرز بووەتەوە، بۆیە نرخەکانمان بەرز کردووەتەوە. بەڵام ئەمە پرسیارێکی گرنگ بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەویش ئەوەیە کە ئەو کاڵایەی ئێستا لە کۆگادایە، کەی و بە چ نرخێک کڕدراوە؟.
• بۆ نمونە: ئەگەر بازرگانێک کاڵایەکی بەدۆلار هاوردە کردبێت لەکاتێکدا ١٠٠ دۆلار بە ١٣٠ هەزار دینار بووەو ئەو کاڵایە هێشتا لە کۆگاکەیدا مابێتەوە، بۆچی بەهەر بەرزبوونەوەیەکی نوێی نرخی دۆلار، نرخەکەی یەکسەر بەرز دەکاتەوە؟.
ئەمە جیاوازییەکی گرنگە لە نێوان تێچووی ڕاستەقینەی کڕین و نرخی نوێی بازاڕدا. ئەگەر کاڵاکە پێشتر بەنرخی دۆلاری کەمتر کڕدرابێت، بەرزکردنەوەی یەکسەری نرخەکە بەتەنها بەهۆی گۆڕانی نرخی دۆلار پێویستی بەڕوونکردنەوەو چاودێری هەیە.ئەمە بەو مانایە نییە کە هەر گرانبوونێک نادروستە، چونکە بازرگان تێچووی گواستنەوە، گومرک، خەزنکردن، پارەی کڕین و هەموو خەرجییەکانی تری هەیە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هەموو ئەو تێچووانە بەڕاستی لەنرخە نوێیەکەدا هەژمار کراون، یان نرخی بازاڕ بەشێوەیەکی خۆکارانە لەگەڵ نرخی دۆلار دەجوڵێت؟ کێ بەرپرسیارە؟
چارەسەرکردنی ئەم دۆخە تەنها لەسەر شانی هاووڵاتی نییە. هاووڵاتی ناتوانێت بەتەنها لەگەڵ گرانبوونی ژیان بەرەنگار ببێتەوە.حکومەت، بانک، دەزگا کۆنترۆڵکەرەکان و هەروەها کەرتیبازرگانی هەریەکەیان بەشێک لە بەرپرسیارێتییان هەیە. حکومەت پێویستە لەسەر بازاڕ چاودێریی ڕاستەقینەی هەبێت، بەتایبەتی لەوکاڵایانەی کە پێویستیی ڕۆژانەی خەڵکن. پێویستە جیاوازی نێوان نرخی کڕین و نرخی فرۆشتن بەشێوەیەکی ڕوون بزانرێت و لە هەمانکاتدا ڕێگری لە قۆستنەوەو زیادکردنیبێ بنەمای نرخ بکرێت، لە بەرامبەردا، بازرگان و فرۆشیار دەبێتبزانێت کەبازاڕ تەنها شوێنی قازانجکردن نییە، بەڵکوو بەشێکە لەژیانی کۆمەڵگا.
کاتێک هەموو بارگرانییەکە بەسەر کڕیاردا ئەشکێتەوە، توانای کڕینی خەڵک لاوازتر دەکات و کۆمەڵگا بەرەو قەیرانی گەورەتر ئەبات.بەڵام ئەگەر نرخی کاڵاو خزمەتگوزارییەکان بەردەوام بەرز بنوموچە هەروەك خۆی بمێنێتەوە، لەڕاستیدا مەعنای وایەتەنها حساببۆموچە نەکراوە، بەو پێەش توانای کڕینی کرێکارو موچەخۆر کەمبووەتەوە.
بۆیە باسکردن لەموچە نابێت تەنها بەوە کۆتایی بێت کە چەند دینار موچە وەردەگریت؟ پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە بەو موچەیە چەنددەتوانیت بۆ خێزانەکەت شتی پێ بکڕیت؟
ئەگەر موچە ١٠٠ هەزاردینار زیاد بکرێت، بەڵام لە هەمانکاتدا خەرجی خواردن و کرێ ودەرمان و گواستنەوە بەشێوەیەکی زۆر زیاتر بەرز ببێتەوە، ئەوازیادبوونی ژمارەی موچە بەمانای باشبوونی ژیانی کرێکار نییە.هەر بۆیە هەر سیاستێکی ئابووری کە باس لەموچەو داهاتی خەڵکئەکات، ئەبێت لەگەڵ نرخی ژیان و توانای کڕین پێوانە بکرێت.ئەی کەواتە خەڵك چی بکات؟.
چارەسەر تەنها ئەوە نییە کە هەر کەسێک بچێت و کاڵای کەمتر بکڕێت یان خەرجییەکانی خۆی کەم بکاتەوە. ئەمە لەوانەیە چارەسەرێکی کورت ماوەبێت، بەڵام چارەسەری کێشەیەکیگشتی نییە. چارەسەری بنەڕەتی پێویستی بە بازاڕێکی چاودێری کراوتر، شەفافیەتی زیاتر لەنرخدانان، پاراستنی توانای کڕینی موچەخۆران وکرێکاران، و سیاسەتێکی ئابووری هەیە کە کاریگەریی گۆڕانی دۆلارلەسەر ژیانی خەڵک کەم بکاتەوە. چونکە لەکۆتاییدا، کێشەکە تەنهانرخی دۆلار نییە، کێشەکە ئەوەیە کەبارودۆخی ئابووری چۆن دەگاتەسەر سفرەی کرێکارو خێزانی موچەخۆر.
بەڵام ئەگەر دۆلار بەرز ببێتەوەو نرخەکان بەرز ببن، بەڵام موچەنەگۆڕێت، کێ ئەبێت تاوانی ئەم هاوسەنگییەو نەبوونیە بدات؟. لەکاتێکدا حوکمەتو لایەنە پەیوەندارەکان شانی خۆیان لە بەرپرسیاریەتی بەژیانی سەدان هەزار کرێکارو فەرمانبەر و موچەخۆری حکومی و کومپانیاکان خاڵی کەنەوەو هەر خۆشیان دەستکاری نرخی دراوو بازاڕ بکەن.
ئیتر تاکە ڕێگا هاتنە مەیدانی ملیۆنی خەڵکی کەم دەرامەتو کرێکارانە بۆ ناڕەزایەتی لەم گرانییە کەخراوەتە سەر شانیان. ئێستا کاتی ئەوەیە بزوتەنەوەیەکی جەماوەری دژی گرانی بەڕێبخرێت و کرێکارانی کەرتی تایبەتو حکومیش لەڕیزی پێشەوەی ئەم بزوتنەوەیەدا ڕاوەستن
