سەروتار
موچەی مانگانەی خانەنشینی، کە هاوتابێت لەگەڵ ژیانێکی شایستەدا، خواستێکی ڕەوای کرێکارانە!
دوای زیاتر لە٣٠ ساڵ لەحوکمڕانی حیزبە بۆرژوازییەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و پاش دەریایەک لەڕشتنی ئارەقە وڕەنجی کرێکارانی کوردستان و کەڵەکەبوونی داهات و سەرمایەیەکی خەیاڵی لە گیرفانی سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان، حکومەتی هەرێم لەم دوایانەدا بڕیاری دیاریکردنی لانی کەمی موچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی ٤٥٠ دینار پەسەند کرد. لەم بارەیەوە با لەوە بگەڕێێن کە ئەم بڕیارە تاچەند لەسەر ئەرزی واقیع لەلایەن کۆمپانیا تاڵانچیەکانی کەرتی تایبەتەوە پەیڕەوی لێدەکرێ و تا چەند دوای زیاتر لە ١٥ ساڵ لەمژینی خوین و ڕەنجی کرێکاران، خاوەنکاران ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن وکرێکاران دەستەبەردەکەن، بەلام خودی ئەم بڕیارەی حکومەت خۆی ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە نادادپەروەر و نا هاوسەنگەیە کەلە نێوان ئاستی بژێوی کرێکران و ژیانی فیرعەونی سەرمایەدران و خاوەن کۆمپانیاو بەرپرسانی حیزبی حکومیێدا هەیە. هاوکات ئەم بڕیارە نیشانەی فشارێکی گەورەی کۆمەلایەتییە لەسەر دەسەڵاتداران، چونکە ئەو گرانی ونەبونی و بیکاری و دۆخە ئابورییەی کە داڕمانی خزمەتگوزارییەکانی وەک قورساییەکی گەورە خستۆتەسەر شانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش، ترسی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی، خستۆتە دڵی دەسەڵاتدارانەوە. بەتایبەتی کە توڕەیی و بێزاری زۆرێنەی خەڵکی کوردستان، تا ئاوپەڕی خۆی گەیشتووە. واتە وەک بەرئەنجامێک لە دۆخی ناهمەواری کرێکاران و ئەو نا هاوسەنگییە چینایەتیەی کە لەداهات و دەرامەتی خاوەن کۆمپانیاو چینە داراکانی کۆمەڵگاو خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا دروست بووە، دەسەڵاتداران ناچاربوون بە دەرکردنی بڕیارێکی لەم جۆرە، تا ئەم دەسەڵاتەو ئەم سیستمە زاڵمانەیە لەخەتەری ڕاپەڕین و شەپۆلەکانی هاتنەمەیدانی کرێکاران و جەماوەر دور بخەنەوەو بیپارێزن. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئەم بڕیارەی حکومەت بە دیاری کردنی لانی کەمی موچەی مانگانەی کرێکارانی کەرتی تایبەت بە ٤٥٠ هەزار دینار، وەڵام دەرەوەی دۆخی کارو بژێوی ئیستای کرێکارانە؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا، ئەگەر لەسەرێکەوە سەرنچ بدەین ئەوا نا عەداڵەتیەکی یەکجار گەورە دەبینین ئەویش ئەوەیە کە کرێکارێکی کەرتی تایبەتی خانەنشین کراو دوای لانی کەمی ١٥ساڵ کارکردن وبەتەمەنێکی سەرو ٦٠ ساڵیەوە لەداهاتی کۆمەڵگا ٤٥٠ هەزار دیناری پێدراوەو لەولاشەوە سەرمایەو قازانجی کەڵەکەبوو لەدەستی خاوەن کارو کۆمپانیاکاندا هەزار جار زیاترە، هەرگیز جێگەی بەراوردکردن نییە. واتە ئەوەی حیزبەکانی دەسەڵات و بزوتنەوەی کوردایەتی دەیڵێن کە ”کوردستان نیشتمانی هەموو کوردانە“ و ” ”داهاتی کوردستان بۆ هەموانە“، جگە لەدرۆیەکی شاخدار هیچی تر نیە، واقعیەت ئەوەمان پیدەڵێت کە ”کوردستان ” بازاڕێکە بۆ گیرفان پڕکردنی بەرپرسان وخاوەن سەرمایە وکۆمپانیاکان لەسەر حسابی چەوسانەوەو دزینی هەرچی زیاتری ڕەنجی کرێکار. بەم جۆرەش دیاری کردنی موچەی ٤٥٠ هەزار دیناری لەبەرامبەر داهاتی خەیاڵی بەرپرسان و خاوەن کۆمپانیاکاندا، ڕەسمیەیتدانە بە ناعەدالەتییەکی ئاشکرا، کە هەرگیز کرێکاران و سەرمایەدارانی کوردستان وەک یەک ناکاتە شەرێکێک لە“نیشتمان“ێکدا کە تێیدا دەژین. لەسەرێکی ترەوە ئەگەر ئەو ٤٥٠ هەزار دینارەی کە وەک لانی کەمی موچەی کرێکارانی خانەنشین کراو، بۆتە بڕیاری وەزارەتی کار، بەراورد بکەین بەو دۆخە سەخت و گرانییەی کە ژیانی کرێکاران دەهاڕێت، هەرگیز وەڵام دەرەوە نیە. بێگومان داهاتی کرێکار تەنها موچەو کرێکەیەتی پاش ماندوبون و ئارەق ڕشتنی ١٥ ساڵە ئینجا ٤٥٠ هەزار دیناری لەدهاتی هەموو ئەو سامان و سەروەتەی پێدەبڕێت کەبەرهەم هاتووە. ئەگەر ئەم بڕە لەئێستاو داهاتوودا بەراورد بەژیانی خێزانێکی ٣ کەسی بکەین، بەدڵنیایەوە بەشی هەفتەیەک لەژیان کردن ناکات. لە کاتێکدا کە کرێ خانوو، خۆراک و پۆشاک، مەسرەفی هاتوچۆ و ئەنتەرنێت، مەسرەفی ئاو کارەباو سوتەمەنی وخویندن و چارەسەری نەخۆشی ودەیان پیداویستی تر، کە تادێت لەبازاڕدا ڕوولەهەڵکشانە و هەرگیز بەو لانی کەمی موچەیەی مانگانەی کرێکارێکی خانەنشین کراو، کە حوکمەت بڕیاری لێداوە بەڕیوە ناچێت. هەر بۆیە بڕیارەکەی حکومەت نەک هەرشتێک نییە کە کرێکاران دڵی پێخۆش بکەن، بەڵکو جگە لەجێگیر کردنی هەژاری و سەپاندنی دۆخی سەختی بژێوی بەسەریاندا، ئاکامێکی تری لێسەوز نابێت. · کرێکارانی کوردستان نابێت هیچ ئومێدیك بەبڕیارێکی واوە ببەستنەوە، بەڵکو ئەوان دەبێت بەهوشیارییەوە لەو نا دادپەروەریەی کە لەداهاتی کۆمەڵگادا لەنیوان خاوەن کۆمپانیاکان و چینی دەسەڵاتدار و خەڵکی زەحمەتکێشدا کراوەتە بەشی کرێکاران بڕوانن، وە بۆ ئەوەی لەژیانێکی شایستە وتیرو تەسەل لەئێستاو داهاتوودا بەهەرەمەند بن، دەبێ بەخەباتی یەکگرتوانەی خۆیان لەدەوری دیاری کردنی لانی کەمی موچە چ لەکاتێکدا کار دەکەن و چ بۆ ئەو کاتەی خانەنشین دەبن بە لانی کەم بە یەک ملیۆن دینار پێ بنێنە مەیدانەوەو ئەو نا هەوسەنگیەی کەلەداهاتدا هەیە بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان بیگۆڕن. وتمان داهاتی کرێکاران لەهەر ئاستێك و لەهەر دۆخێکی ژیان و بژێویدا بێت کڕێ وموچەکەیەتی، کەوایە هەرلەم ڕۆدا خەبات بۆ زیادکردنی کرێ وبەرزکردنەوەی بەپێی هەڵکشانی داهاتی سەرمایەداران و بەپێی گرانی ونرخی بازاڕ، یەکێک لەمەیدانە سەرەکیەکانی بەهرەمەند بوونی کرێکارانە لەباش بژێوی ودەست ڕاگەیشتنیانە بەژیانێکی تێرو تەسەل و شایستە بە ئنیسان. وە هەر لێرەشەوە کرێکاران دەتوانن دواڕۆژی موچەی مانگانەی خانەنشینبونیان لەقوڕگی خاوەن کارو کۆمپانیاکان دەر بکێشن و چیتر ژیانی ئێستاو داهاتویان بە حکومەت و حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی نەسپێرن.
