لە بێمافییەوە بۆ هێزی داھاتووی خەباتی کرێکاران
نوسینی شاباز مەحمود
لەسایەی قەیرانە ئابوورییە بەردەوامەکان وهەڵاوسانی ڕۆژبەڕۆژدا، بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخی شتومەک وپێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بارگرانییەکی تاقەت پڕووکێنی خستووەتە سەر شانی خەڵکی کەم دەرامەت.
لەناو جەرگەی ئەم گرانیەدا، چینی کرێکارە کەڕاستەوخۆ دەبێتە قوربانی یەکەم. چونکە لە کاتێکدا نرخەکان ڕۆژانە ڕوو لەهەڵکشانن، کرێی ڕۆژانەی کرێکاران بەجێگیری ماوەتەوە. کرێکاری کوردستان ڕووبەڕووی دوو جۆر زەبر دەبنەوە لەلایەک هاوتا نەبوونی کرێ و خەرجییەکانی بژێوی و لەلایەکی تریشەوە نەبوونی پاراستنی یاسایی. بیمەی تەندروستی، و سەلامەتیی پیشەیی کە ڕۆژانە گیانی کرێکاران لەبیناسازی و کارگەکاندا دەکاتە قوربانی. لەدۆخێکی وەها دژواردا، سەندیکا نەریتی وفەرمییەکان تەواوکارتۆنی، و پاشکۆی ئیرادەی سیاسیی باڵادەستن. ئەم سەندیکایانە نە بەپیر داواکارییە مەیدانییەکانی کرێکارانەوە دەچن و نەتوانای ڕووبەڕووبوونەوەی گرانی وچەوساندنەوەی شوێنی کاریان هەیە، بەڵکو زۆر جار وەک پەردەیەک بۆ داپۆشینی پێشێلکارییەکان وخامۆش کردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان ڕەفتار دەکەن. · کاتێک ڕێکخراوە فەرمییەکان ناتوانن ببنە پەناگەیەک بۆ پاراستنی مافی ژیان، خۆڕێکخستن لە خوارەوە لە ڕێگەی دەستە کرێکارییە سەربەخۆکان لە نێو کارگەو شوێنەکانی کاردا، دەبێتە تاقە بەدیل و ئامرازی ڕاستەقینەی خۆڕێکخستن.
بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کەچۆن ئەم خەباتە پرژوبڵاوەی ناو کارگە و شوێنە جیاوازەکان بگوێزرێتەوە بۆ خەباتێکی سەرتاسەری و کاریگەر؟ بۆ تێپەڕاندنی کوسپەکانی بەردەم هاوئاهەنگبوونی بزوتنەوەی کرێکاری، لەبارودۆخی ئێستادا پێویستە دەستە کرێکارییەکان بەدوو ئاڕاستەی سەرەکیدا هەنگاو بنێن
یەکەم: چەسپاندنی داواکاری و دروشمی وەک یەک وسەرتاسەری یەک دەنگی لە داخوازییەکاندا یەکەم هەنگاوی هەموو جۆرە یەکبوون و یەکێتییەکی شێلگیرانەیە لە تێکۆشاندا. بەرزکردنەوەی داواکاری و دروشمی وەک یەک لە دژی گرفت و مەینەتییە هاوبەشەکان (وەک گونجاندنی ئۆتۆماتیکیی کرێ لەگەڵ هەڵاوسانداو دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتیی کار)، ڕۆحی هاوپشتی، وشیاریی چینایەتی، بڕوا بەخۆبوونی کرێکاران لە ئاستی سەرتاسەریدا بەهێز دەکات. وەڵامدانەوە بەم کێشە گشتییانە، هێزو ئیرادەی سەرجەم کرێکارانی دەوێت
دووەم: دروستکردنی پەیوەندیی کرداری لەنێوان پێشڕەوان ودەستە کرێکارییەکاندا هاوئاهەنگی، هاوکاتیی خەبات، و ڕاکێشانی بەپەلەی هاوپشتیی بەشە جیاوازەکان لەیەکتری، بە بێ بوونی تۆڕێکی ئۆرگانیک و پەیوەندیی جیدیی نێوان هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی مەیدانی لەدەستە کرێکارییە جۆراوجۆرەکاندا سەرکەوتن مەحاڵە. پەیوەست کردنەوەی لینکی خەبات لەیەکە جیاوازەکاندا، زامنی گواستنەوەی ناڕەزایەتییە ناوچەیییەکانە بۆ بزوتنەوەیەکی یەکگرتووی سەرتاسەری. دەربازبوون لە گرانی و ڕزگارکردنی کرێکاران لە بێمافی، بەئومێد هەڵواسین بەسەندیکا کارتۆنییەکانیان بەڵێنی بێکرداری دەسەڵات نایەتەدی، بەڵکو تەواوی بژاردەی ئەرێنی، گەشە پێدانی دەستە کرێکارییەکانە لە نێو جەرگەی شوێنی کاردا، وە تەنها لەڕێگەی داواکاریی هاوبەش و بەستنەوەی زنجیرەی پەیوەندیی نێوان پێشڕەوانی دەستە کرێکارییەکان لە ئاستی سەرتاسەریدا، چینی کرێکار دەتوانێت هێزی خۆی دەست بخاتەوە و کەرامەت وژیانێکی شایستە بۆ خۆی وتەواوی کۆمەڵگە فەراهەم بکات
