Dangikrekar.com
گفتوگۆ

کاتێک دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی ئابوری لەیەک خاڵدا یەکدەگرنەوە، ئەو کاتەش یاسا دەبێتە مەرەکەبی سەر کاغەز”

کاتێک دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی ئابوری لەیەک خاڵدا یەکدەگرنەوە، ئەو کاتەش یاسا دەبێتە مەرەکەبی سەر کاغەز”

دیدارێک لەگەڵ مەحمود حەلاق خاوەن ئیمتیازی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار

   سازدانی  دیار بەرزنجی 

دەنگی کرێکار: بێکاری، دەرکردنی سیستەماتیک، زیادەکاریی، کەمی کرێ و حەقدەست و گرانیی بازاڕو..  دۆخێکی نالەباریان خولقاندووە بۆ کرێکاران. زۆرێک پێیانوایە ئەمە قەیرانێکی گشتیی جیهانیی سەرمایەدارییە. ئێوە چۆن دەڕواننە ئەم دۆخە؟

محمود حەڵاق: ئەوە ڕاستە کەسەرمایەداری جیهانی و جەنگەکانیان کاریگەرییان لەسەر گرانی بازاڕ داناوە، بەڵام دۆخی کوردستان تەنها ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی جیهانی نییە؛ لەلای ئێمە بەهۆی نەبوونی یاسایەکی کرێکاریی پێشڕەو ونەبوونی چاودێری جددی و نالێپرسراویەتی و کەمتەرخەمی حکومەت بەرامبەر بەو هەموو زوڵمەی لەکرێکار دەکرێت، دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستی کۆیلە کاریی ڕەها. بەراوردکردنی واقیعی لۆکاڵی ئێمە بەوڵاتانی تر، تەنها پاساوێکە بۆ شاردنەوەی ئەو زوڵمە بێسنوورەی لەناوخۆدا دەکرێت.

دەنگی کرێکار: بۆچی چاودێری و ئیجرائاتێکی جددی دژی پێشێلکاری کۆمپانیاکان نییە؟

محمود حەڵاق: چونکە ئەم کارگەو پڕۆژە ستراتیژییانە، ئەگەر سەد لەسەد هی دامەزراوەکانی حزب نەبن، ئەوا پشکی شێری بەرپرس و دەستڕۆیشتووەکانی حزبە فەرمانڕەواکانە. کاتێک دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی ئابوری لەیەک خاڵدا یەکدەگرنەوە، ئەو کاتەش یاسا دەبێتە مەرەکەبی سەر کاغەز؛ حکومەت چاودێری یان سزای شوێنێک نادات کەبەرژەوەندی دارایی سەرکردەکانی حزبی تێدابێت، بۆیە بێدەنگ دەبن.

دەنگی کرێکار: مەرگ و برینداربوونی ڕۆژانەی کرێکاران لەکاتی کاردا بەهۆی نەبوونی سەیفتییەوە، چ خوێندنەوەیەکی بۆ دەکەن؟

محمود حەڵاق: ئەمە کارەسات و تاوانێکی ڕێکخراوە. کرێکارانی ئێمە ڕۆژانە ئەنفال دەکرێن، لەبینا بەرزەکانەوە دەکەوونە خوارەوە یان دەبنە قوربانی ئامێرە نا‌سەلامەتەکان. خاوەنکار ئامادە نییە پارە لەکڕینی کڵاو، پشتێنەی سەلامەتی، کوالیتێی ئەو ئامرازانەو مەرجە سەرەتاییەکاندا خەرجبکات. لەلای دەسەڵات و کۆمپانیاکان، ژیانی کرێکار لەکیسەیەک چیمەنتۆ هەرزانترە؛ تەنانەت لەکاتی مردنیشیاندا خێزانەکانیان بێقەرەبووو بێمووچەی خانەنشینی جێدەهێڵرێن جگەلە تاکوتەرایەکیان نەبێت.

دەنگی کرێکار: تێڕوانینتان چییە لەسەر بەکارهێنانی دەرچووانی زانکۆ وەک خۆبەخشیان سیستەمی تێست؟

محمود حەڵاق: ئەمە لوتکەی دڕندەیی ئەم سیستمەیەو فەرهودکردنی هێزیکاری لاوانە بەناوی دامەزراندنەوە. گەنج هەیە بۆ چەندین ساڵ وەک خۆبەخش تەمەنی بەبێ حەقدەست بەفیڕۆ دەدات، تەنانەت کرێی هاتووچۆکەشی لەسەر خێزانەکەیەتی. هاوکات، کۆمپانیاکان گەنجان بۆ سێ مانگ بەناوی تێستەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەچەوسێننەوەو پاشان دەریان دەکەن و یەکێکی تر دەخەنە جێگای، بەمشێوەیە بەردەوام هێزیکاری بێبەرامبەر بەدەست دەهێنن.

دەنگی کرێکار: دۆخی ئەو گەنجانەی لەمارکێت، مۆڵ، نۆرینگەو نەخۆشخانە ئەهلییەکاندا بەمووچەی سێسەد هەزار شتێک زیاترو کەمتر کەمتر کار دەکەن، چۆن دەستنیشان دەکەن؟

محمود حەڵاق: ئەمە بەندایەتییەکی بێبەزەییانەیە لەژێر ڕووناکی پرشنگداری مۆڵە شیکەکاندا، لەپشت دیوارە بێدەنگەکانی نۆرینگە ئەهلییەکان و لەناو جەرگەی نەخۆشخانە بازرگانییەکاندا کەکۆمپانیا چاوچنۆکەکانی حزب بەڕێوەی دەبەن. کچان و ژنانێک لەناو خەستەخانەکانداو لەناو پاشماوەی خوێناوی نەخۆشخانەکاندا تەندروستی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، کچان و کوڕانێکی گەنجیش لەمۆڵ و مارکێتەکاندا بۆ زیاتر لە٨ کاتژمێر لەسەر پێ ڕادەوەستن؛ کەچی لەبەرامبەردا مووچەیەکی وەها وەردەگرن کەتەنانەت کرێی هاتووچۆی مانگەکەیان دابین ناکات! لاوانی ناو نۆرینگە ئەهلییەکان دۆخیان لەوانی تر باشتر نییە؛ هەموو ئەم کرێکارانەنەکۆنتراکتی کاریان هەیەو نە‌دەستەبەر (ضمان)، تەمەن و وزەیان لەخزمەت عەیادەی دکتۆرەکان و کۆمپانیاکاندا دەتوێتەوە.

لێرەوە داوا لەتەواوی کۆمەڵگا دەکەم؛ کاتێک دەچنە مۆڵێکی شیک، نۆرینگەیەکی پزیشکی یان نەخۆشخانەیەکی ئەهلی، تەنها سەیری دیمەنی جوان و ڕازاوە، خاوێنی و تەرتیباتی ڕاڕەوو هۆڵەکان نەکەن، بەڵکو کەمێک بەقووڵی سەیری چاوی ئەو کچ و کوڕە گەنجانە بکەن کەخەریکی خزمەتن. لەپشت ئەو زەردەخەنەیەی سەر لێویان، کێوێک لەحەسرەت، دەریایەک لەخۆزگەو ئاوات، جیهانێک لەخەمی نانی سبەینێ و دڵەڕاوکێی دەرکردن لەکار حەشاردراوە. ئەم هێزە گەنجە کاتێک لەنیوەشەودا بەجەستەیەکی تێکشکاوو دەستێکی خاڵی دەگەڕێتەوە ماڵەوە، کەرامەتی مرۆیی خۆی تێکدەشکێت. ئەم خوێنڕشتنە بێدەنگەی ڕۆحی لاوانی ئێمە، بەیاسایی و بەبەرچاوی حکومەتی بۆرژوازی کوردایەتییەوە دەگوزەرێت و تەنها دەتوانرێت ناوی کۆیلەکاری بێت نەهیچی تر!

دەنگی کرێکار: بێکاریی بەرفراوان چ کاریگەرییەکی لەسەر مامەڵەی خاوەنکارەکان داناوە؟

محمود حەڵاق: من بێکاریم ناوناوە شێرپەنجەی جەستەی کۆمەڵگە. لەڕوانگەی ئابوریی فەرمییەوە، بێکاریی بەرفراوان سوپایەکی یەدەگی گەورەی لەهێزیکاری بێبەرامبەر و برسی دروستکردووە کەبووەتە چەکێکی کوشندەو ئامرازێکی سەرەکی بەدەست خاوەنکار، سەرمایەدارو کۆمپانیاکانەوە. خاوەنکارەکان لەواقیعدا باشترین و زۆرترین قازانجیان لەم بێکارییە بەرفراوانە چنیوەتەوە، ئەوان بێکاری وەک دەرفەتێک بەکاردەهێنن بۆ نەهێشتنی تەواوی ئیمتیازاتەکان، بۆ فەرزکردنی کاری زیادەی تاقەتپڕووکێن و بێبەرامبەر، بۆ ڕاگرتنی حەقدەستەکان لەنزمترین و خراپترین ئاستی خۆیدا، لەکاتێکدا بازاڕ ڕۆژانە ڕووەو گرانییەکی شێتانە دەچێت.

ئەم سوپا یەدەگە بێکارییە، کەناڵ و براندێکی تری عەبقەرییانەی چەتەییە بەخوێن و عارەقی چینی کرێکار. سەرمایەداران ئەم دۆخە نالەبارە بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی دژایەتی، کێبڕکێی ناتەندروست  لە نێوان خودی کرێکاراندا، واتە کرێکاری سەرکارو کرێکاری بێکار دەخەنە جەنگێکی دەستەویەخەوە بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان بپارێزن. ئەم ستراتیژییە بۆ دەمکوتکردن، چاوترسێنکردن و بێدەنگکردنی هەر دەنگێکی ناڕەزایەتییە لەناو کارگەکەدا. کاتێک کرێکارێک دەبینێت دەستەبەری کۆمەڵایەتی (ضمان)ی نییەو مافەکانی پێشێلدەکرێن، لەترسی برسیبوونی خێزانەکەی و لەترسی دەرکردنی فەوری ناتوانێت دەنگ هەڵببڕێت، چونکە باش دەزانێت خاوەنکارەکە ئامادەیە دەستبەجێ دەریبکات و یەکێک لەو سەدان لاوە بێکارانەی لەپشت دەرگای کارگەکە لەسەر هێڵی چاوەڕوانین، بخاتە جێگای بەحەقدەستێکی کەمترو بێ مەرجیشەوە! بەم شێوەیە، بێکاری دەبێتە قەڵغانی پاراستنی قازانجی سەرمایەدار و زیندانی تێکشکاندنی ئیرادەی کرێکاران.

دەنگی کرێکار: پێنەدانی گرێبەستی فەرمی، یان ئەو فێڵە زمانەوانیانەی لەگرێبەستەکاندا دەکرێن، ئامانجیان چییە؟

محمود حەڵاق: پێنەدانی گرێبەست، سیاسەتێکی بەئەنقەستە بۆ ئەوەی کرێکار بەبێقەڵغانی یاسایی بمێنێتەوە تا هەر کات بێت بەبێقەرەبوو دەریبکەن. ئەو کۆمپانیایانەش کەگرێبەست دەکەن، فێڵی یاسایی تێدا دەکەن؛ بۆ نموونە لەجیاتی وشەی حەقدەست، دەستەواژەی پاداشتی هاندان یان هاوکاری کاتی بەکاردەهێنن، یان لەجیاتی ”کۆی گشتی مووچە”، دەستەواژەی ”مووچەی بنەڕەتی” دەنووسن بۆ ئەوەی لەکاتی دەرکردندا کرێکارەکە نەتوانێت داوای قەرەبوو بکات، زۆرجاریش بەزمانێک دەنووسرێت کە کرێکار لێی تێناگات. ئێمە لەدەنگی کرێکارەوە بەردەوام ئەم لایەنە یاساییانە ڕووندەکەینەوەو باشتریشە کرێکاران پێش واژۆکردن سەردانی ئێمەو پەیجەکەمان بکەن بۆ ڕاوێژ، یان لەڕێگای تەلەفۆنەکانمانەوە پەیوەندیمان پێوە بکەن.

دەنگی کرێکار: لەکاتێکدا کرێکاران پەرتەوازەن، چۆن دەتوانن ڕیزەکانیان ڕێکبخەن؟ ڕێگاچارەی کۆتایی چییە؟

محمود حەڵاق: یەکەم هەنگاو، دروستکردنی دەستە، کۆڕو گروپە بچووکەکانی کرێکاران خۆیانە لەناو کارگەو گەڕەکەکاندا، لەڕێگای پەیوەندییە خزمایەتی و کەسێتییەکانی خۆیانەوە، چونکە ڕێکخستن دەبێت لەخوارەوەو لەخودی خۆیانەوە دەست پێبکات. کاتێک کرێکاران لەم کۆڕانەدا باسی ژیانی خۆیان، باسی زوڵم و ناعەدالەتیەکان، باسی کەمی حەقدەست و ئیزافەکاری  و دەیان و دەیان معاناتی تر دەکەن، هاوسۆزی و هوشیاریی چینایەتی لەدایک دەبێت و تێدەگەن کەکێشەکە گشتییە. ئەمەش تۆوی یەکەمە بۆ گۆڕینی هاوسۆزی بۆ بڕیاری بەکۆمەڵ و دروستکردنی ڕێکخراوێکی واقیعی و هێزێکی قایم بۆ بەرگری.

ڕێگاچارەی بنەڕەتی تەنها ڕێکخستنی سەربەخۆی کرێکاران خۆیانە. کرێکاران یەک کێشەو یەک گرفت و یەک خواست ویەک ڕێگا چارەشیان هەیە، بۆیە دەتوانن لەڕێگەی ئەم کەناڵ و تۆڕە بەهێزانەوە ووردە ووردە هێزی پەرش و بڵاویان کۆبکەنەوە هەتا بتوانن بەئیرادەیەکی بەهێزەوە خواست ومافەکانیان بچەسپێنن لەپێناوی ژیانێکی باشتر لەئێستایان

 

Related posts

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دە نگی کرێکار و ڕاگەیاندنی ئاماری قوربانیانی شوێنی کار

Dangi Krekar

لێدوانی وەستا مەهدی ڕەسوڵ هەروەها ڕاگەیاندنی کات شوێنی مەراسیمی یەکی ئایار/ڤیدۆ

Dangi Krekar

ژنانی کرێکار لەکوردستان؛ سووتەمەنی بێدەنگی شوێنیکار و قوربانی یەکەمی قەیرانەکان!

Dangi Krekar

Leave a Comment