ئۆفیسەکانی هەلی کار، بازرگانی بە گەنجانی بێکارەوە دەکەن!
دەنگی کرێکار
پرسی بێکاری لەم قۆناغەدا بووەتە هۆی ئەوەی بازاڕێکی ڕەشی قێزەون لەژێر ناوی ”ئۆفیسەکانی دۆزینەوەی هەلیکار”دا دروستببێت کە لەجیاتی بوون بەپردی گەیاندنی کرێکار بەبازاڕی کار، بوونەتە تەڵەیەک بۆ خاڵیکردنەوەی گیرفانی ئەو گەنجانەی تەنانەت پارەی بژێوی ڕۆژانەیان پێ نییە.
واقیعی تاڵی ئەم دیاردەیە لەبەدواداچوونێکی مەیدانیداو لەڕۆژی ٢٣/٧/٢٠٢٦ کاتێک تەواو ڕونبووەوە کەهاوڵاتییەک بەناوی ئیمداد، کەباوکی گەنجێکی بیست ساڵانی بەدوایکاردا گەڕاوە، خۆی ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر خەت بۆ لێکۆڵینەوە لەو غەدرەی لەکوڕەکەی کراوە کاتێک بەناوی ناونووسین و بەڵێنی دۆزینەوەی کارێک کەهیچ گەرەنتییەکی نییە، بڕی بیست هەزار دیناریان لێسەندووە.
کاتێک کاک ئیمداد وەک باوکێک دەچێت پرسیار لەسەر بنەمای یاسایی ئەم وەرگرتنی پارەیە بکات، لەبەردەم دەرگاکەدا لەلایەن ستافێکەوە ڕێگری لێدەکرێت و پێیدەڵێت بۆت نییە بچێتە ژوورەوە مەگەر ئەوەی کاغەزێکی فۆتۆکۆپیت پێ بێت، کاتێکیش کاغەزێکی هەلیکار ئیستنساخ دەکات تەنها بۆ ئەوەی ڕێگای پێبدەن بچێتە ژوورەوە، بڕی حەوت هەزارو پێنج سەد دیناری لێوەردەگرن. ئەو کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ وەک شەست و چوارەمین کەس دەچێتە ژوورەوە دەبینێت ئەو دەفتەرەی ناوی هەلی کارەکانی تێدایە پڕە لەپەڕەی ئیستنساخکراو. ئەمەش پێمان دەڵێت کەڕۆژانە هەتا کاتژمێر حەوتی ئێوارە داخۆ چەندین گەنجی تر دەبنە قوربانیی ئەم خەڵەتاندنە داراییە خێرایە، لەکاتێکدا بەپێی قسەکانی کاک ئیمداد، هیچ کەسێکی نەبینییوە کە هەتا ئێستا سوودمەند بووبێت لەدابینکردنی هەلیکارو هەموو گلەییان هەبووە لەئۆفیسەکەدا. خۆ ئەگەر بەڕێکەوتیش کارێک بۆ یەکێک دۆزرابێتەوە، بڕی لەسەدا بیست لەیەکەم مووچەی کرێکارەکە وەک سەرانە سەندراوە.
ئەم دۆخە بێباکی پێشاندەدات لەئازاری بێکارێک کەتەنانەت پارەی لەفەیەکی پێ نییە، کەچی بەمشێوەیە بێپارە دەکرێت لەپێناو بەڵێنێکی درۆینەی کارپەیداکردندا. ئەمەش لەپاڵ نەبوونی شەفافییەتدایە، چونکە مۆڵەت و مەرجەکانی کارکردنی ئەم ئۆفیسانە تەواو نادیارن و بەشێکیان بەدرۆ بانگەشەی ئەوە دەکەن کەسەر بەحکومەتن، ئەمەش بەهۆی پاشەکشەی تەواوی چاودێریی مەیدانی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم چەوساندنەوە چینایەتییە.
بۆ کۆتاییهێنان بەم چەوساندنەوە چینایەتییە،دەبێت حکومەت ڕاستەوخۆ لێپرسراو بکرێت کەچۆن ڕێگای بەم ئۆفیسانە داوەو پێویستە ڕێکاری بەپەلە بگرێتەبەر بەجۆرێک ئەگەر ئەم شوێنانە فەرمی و مۆڵەتپێدراون، دەبێت حکومەت لەڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە مانگانە چەندین جار ڕیکلامیان بۆ بکات و پشتڕاستیان بکاتەوە هەتا بێکاران متمانەیان هەبێت. هاوکات دەبێت بڕی پارەی وەرگیراو بۆ ناونووسین یەکجار کەم و سیمبولیک بێت و ڕێگری بکرێت لەسەپاندنی هەر بڕە پارەیەک لەیەکەم مووچەی کرێکاردا..
دەبێت ئۆفیسەکانی هەلیکار دۆزینەوە پابەند بکرێن بەوەی نوسخەی فەرمی ئیجازەو مۆڵەتی کارکردنی پێدراو لەلایەن وەزارەتەوە بەقەبارەیەکی گەورەو دیار لەناو ژووری سەرەکیدا هەڵبواسن هەتا هاوڵاتی دڵنیا بێت. مەرجی سەرەکیش بۆ بەردەوامبوونیان ئەوەیە کەنوێنەرێکی هەمیشەیی و چاودێر لەسەندیکاکانی کرێکاران و بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتی کار لەناو خودی ئۆفیسەکاندا ئامادەبن هەتا ڕێگری بکەن لەهەر چەوساندنەوەو پێشێلکارییەک، چونکە شێوازی ئێستای ئەم ئۆفیسانە سوودوەرگرتنە لەبێکاری و سوکایەتیکردنە بەکەرامەتی مرۆیی و هەتا جێبەجێکردنی ئەم مەرجە یاساییانەش پێویستە هوشیاریی گشتی بڵاو بکرێتەوە کە هیچ کەسێک ڕوو لەم شوێنە نادیارو بازرگانانە نەکات.
