Dangikrekar.com
گفتوگۆ

کرێکارێکی کارگەی بۆری پلاستیکی بازیان، لەبارەی دۆخی کرێکارنی کارگەکەوە بۆ بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار دەدوێ

“لەم کارگەیەدا زۆرینەی کرێکارەکان عەرەب و بەنگلادیشین، زۆرکاری لەبەنگلادیشیەکان ئەکرێت، چونکە پاسپۆرت و ئیقامەکانیان لەلای ئەوانەو بەم هۆیەوە ناچاریان دەکەن بۆ کارکردنی زیاتر”

کرێکارێکی کارگەی بۆری پلاستیکی بازیان، لەبارەی دۆخی کرێکارنی کارگەکەوە بۆ بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار دەدوێ

 

کرێکارێکی کارگەی بۆری پلاستیکی بازیان، کەنەیوویست ناوی بهێنین، دەنگی ناڕەزایەتی ئەگەیەنێتە بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار:

ئێمە زیاتر لە٢٥ کرێکارین لەکارگەی بۆری پلاستیکی ناشیونال-الوطنیةی بازیان کاردەکەین، پێش چەندین ساڵ بەهەزارحاڵ وەرگیراین، بەهیچ جۆرێک کرێکاری کورد وەرناگرن مەگەر زۆر ناچاربکرێن ئیتر بەهەر هۆیەکەوە بێت. لەکاژێر ٧ بەیانیانەوە بۆ کاژێر ٧ ئێوارە بەبێوەستان کاردەکەین. لەکاژێر ١٢ نیوەڕۆوە مۆڵەتمان ئەدەنێ بۆ نانخواردن و دەبێت هەریەکەمان خۆی مشوری خواردنی خۆی بخوات، چونکە ناماندەنێ! موچەی مانگانەمان ٥٠٠ دۆلارە.

کارگەکە هەندێک بەشی تێدایە بۆنمونە بەشی شکاندن (کسارة) لەقاتی سەرەوە، ئەوانەی لەسەرەوەن ئەسڵەن هەر ژیانیان نیە، چوارجار خۆی بشوات ئینجا گیانی پاکنابێتەوە لەو مەوادە پیسە، مەوادێکی زۆر پیسی کاربۆنی کیمیاییە لەگەڵ ئاویشدا تێکەڵنابێت و ئەگەر بچێتە سنگەوە هەتا ئەمریت پێوەی ئەتلێیتەوە.

کرێکاری تێدایە پەنجەی قرتاوە، کرێکار هەیە دەستیشکاوە، دەستی خۆم شکاوەو بەهۆی نەڕۆشتنی خوێنەوە، ناچار نەشتەرگەریمکرد ئێستا پلاتینی تێدایە. کارگە پێیان ووتم نیوەی پارەکەت بۆ هەژمار ئەکەین، دوایی بەهۆی خزم و ناسیاویەوە پارەیان لێوەرنەگرتم. هەروەها پێیان ووتم چەند دەرمان و شتت سەرفکرد، نیوەی پارەکەت بۆ ئەدەین. دوو مانگ لەماڵەوە بووم، بەڵام پارەی مانگێکیان بۆ هەژمارکردم.

بەشی کەسارەکە، جگەلەوەی کەدەنگی زلەو ژاوەژاوی زۆری تێدایەو سەختە، نەموبەڕیدەیەک، نە هەواکێشێکی تێدایە، خواردنمان نیە، سێفتی و هیچ پێداوویستیەکمان نیە تەنها دەستکێش نەبێت و لەحاڵەتی گۆڕینی دەستکێشەکانیشدا ئەبێت کۆنەکان ببەینەوە ئینجا ئەیگۆڕن بەتازە، کەمامەیان پێداین مانگێک دوو مانگ، ئەویشیان نەهێشت. جاری وا هەیە بەنزین ئەبەین بۆ ڕافیعەکان و سەرفدەبێت، ئەڵێن کرێکار دزیوویەتی، ئەگەر دەڕنەفیزێک یان هەرشتێک دیار نەبێت ئەڵێن کرێکار دزیویەتی. لەم ماوەیەدا نزیک ٢٨ کرێکار بووین، چوار پێنجێکیان دەرکردووە هێشتا بەنیازن دووانی تریش دەربکەن بەبیانووی ئەوەی کەگوایە مەسرەف زۆرەو دەریناهێنێت. هەتا ئەم ماوەیەی ڕابردوو کێشە نەبووە، کابرایەکی مصری هێناوە، ئەویش پیاوی خۆیانەو تەلەفۆن بۆ بەڕێوەبەر ئەکات ئەوکرێکارە وایەو ئەو ئیش ناکات.  جەژنەکانیش هەدیەی نەداوە بەکرێکارەکان. کاتێک مووچە ئەدات، ئەڵێت خوات لەگەڵ و مەیەرەوە بۆئیش بەبێئاگارکردنەوەی پێش وەختە،  بە دوو کرێکاری برایان ووت کامتان ئەڕۆن! قەت ئینزاری پێشوەختە نادەن بەکرێکارو بەمیزاجی خۆیان کرێکار دەرئەکەن.  هەر کاتێک ئەو وەستا مصرییە لەگەڵ کرێکارێکدا بەینی خۆش نابێت، یان دەمبۆڵە یان شتێکی هەبێت لەگەڵیدا، بیانوویەکی پێدەگرێت و بەدەرکردنی ئەدات و بڕۆ بەخێرچی، ئایا دەکرێت بەهۆی دەنگە دەنگەوە کرێکار لەسەرکار دەربکرێت و نانی ببڕێت؟ ئەم مانگی حەوتە کرێکاری دەرکردووە دووماڵی بەسەرەوەیەو کرێچیە لەبازیان، دۆخی ژیانی زۆر سەختەو منداڵی نەخۆشی ڕەبۆی هەیە، ئێستا شوانی ئەکات لەسەنگاو.

لەگەڵ کرێکارەکاندا قسەمکردووە کەباش بیربکەنەوە، ئێمە کەمووچەمان لێبڕاوە دەری ناهێنێت بۆمان با مشوری خۆمان بخۆین. ئێمە هێشتا لەو کرێکارە بەنگلادیشیانە باشترین کەلەوێ کار ئەکەن.  سەد دۆلار بدات بەئیقامەو، سەد دۆلار بۆخەرجی خۆی و، هیچ عەقدێکی نیە.

دوێنێ پێم ووتن کەمن ئەڕۆم بەدواداچوون ئەکەم لەگەڵ برادەرانی دەنگی کرێکاردا، مدیرەکە خۆی ئەیووت من هیچم بەدەست نیەو هیچ نیم، من حەقم نیەو ناوی من مەهێنن. ئەوە ڕەقەمی تەلەفۆنەکەی و پێی بڵێن هەتا بزانن وایە یان نا!. باشە تۆبتوانیت کرێکار دەربکەیت، مووچە بدەیت، کرێکار وەربگریت، بۆری بفرۆشیت، کۆنتاکتت لەگەڵ خاوەن مەعمەلدا هەبێت، ئایا مدیر نیت؟ ئەڵێت من هیچ نیم. دوو مدیری هەیەو هەردوکیان ماڵیان لەسلێمانیە. مانگانە مووچە وەرئەگرین و هەتا ئەم مانگە(مانگی ٧)، حەوت مووچەیان پێداووین. هەتا ئێستا مەعمەلەکە ئیجازەی نیەو تازە بەتازە لەڕێگای پارێزەرەوە خەریکی دەرهێنانی مۆڵەتەکەن.

چەندینجار خۆم کرێکارم بردووە بۆ خەستەخانە، کرێکار جاری واهەیە بۆری بەردەکەوێت دەستی ئەشکێت، یان دەکەوێتە خوارەوەو شوێنێکی دەشکێت، بردوونم بۆ خەستەخانە، دوای ماوەیەک هاتن دەریبکەن لەئیش،  ووتم کاکە دەریمەکەن، گوناحە، غەریبەو خەڵکی ئەم ووڵاتە نیە، ماوەیەک وەریانگرتەوەو دوای ئەو مانگە ئەویشیان دەرکرد، ئەو مەعمەلە تقریبا لەوە ئەچێت لە ٢٠١٠ ئیش بکات. من لە ٢٠١٧/٣/٥ لەو مەعمەلە کاردەکەم هەتا ٢١ مانگی ٧ی ٢٠٢٤ ، نانخواردنی نیە، پێڵاوی کار نیە، سەلامەتی کاری تێدا نیە، هاتۆچۆ نیە، بیانوویان زۆرە. من خۆم دەستەبەری کۆمەڵایەتیم هەیە تقریبا وا بۆ ٣ ساڵ ئەچێت. بۆ دەرکردنی کرێکار زۆر بێمنەت و بێباکن. مدیرەکە پێی ووتم بڕۆ چیت نەکردووە بیکە. سێرڤس سفرە، نانت ناداتێ، هاتووچۆ لەسەرخۆتە، ١٢ سەعاتکارە بەبێ پێڵاو جل وبەرگی تایبەت، سێفتی و کەل وپەلی خۆپارێزی نیە، ئیجازە نیە،.

زۆرینەی کرێکارەکان عەرەب و بەنگلادیشین، زۆرکاری لە بەنگلادیشیەکان ئەکرێت، چونکە پاسپۆرت و ئیقامەکانیان لەلای ئەوانەو بەم هۆیەوە ناچاریان دەکەن بۆ کارکردنی زیاتر. کاتێک کەدواندمن ووتیان چیبکەین توڕە ئەبن لێمان، هەموو شتێکی یاسایی و مانەوەمان لەژێر دەستی ئەواندایە، ئێوە ماڵتان لێرەیە ئێمە چی بکەین! لەناو مەعمەلەکەدا ئەخەوون بەهیچ جۆرێک شایستەی ئینسان نیە هێندە پیس و ناتەندروستە. ئەوان چونکە لەناو تەپوتۆزو مادە کیمیاییەکاندان لەقاتی سەرەوەی مەعمەلن، ٥٠ دۆلاریان زیاترە لەئێمە، خۆ ئەگەر ٥ ڕۆژ بگوێزرێنەوە بۆخوارەوە بۆکارێکی تر، ئەوا حسابی ئەو ٥ ڕۆژەیان لێگل ئەدەنەوە. زۆر بێباکن بۆ دەرکردنی کرێکار.

دوێنێ هات پێی ووتین ئیتر ئیجازەشتان نامێنێت، ١٢ کاژێر ئیشدەکەین لەڕۆژێکدا، ٢٦ ڕۆژیش لەمانگێکدا، ئەو چوار ڕۆژە ئەبێت بەئیجازە بۆت، ئەو مانگەی کە ٢٨ ڕۆژە مووچەی ٢٨ ڕۆژ هەژمار دەکات، ئەو ٧ مانگەی کە ٣١ ڕۆژە مووچەی ٣٠ ڕۆژ ئەدات، بەمجۆرە ئەو ڕۆژە زیادانە لەکرێکار ئەبڕێت. بڕووبیانووی ئەوەیان هەیە کەمووچەکان لە ٦٥٠ و ٦ سەد دۆلارەوە بکەن بەپێنج سەد دۆلار. ئەگەر هەرکرێکارێک هاتبێت بەنیازی کارکردن بن بە پێنج سەد دۆلار هەتا ئێستا کەس نەیکردووە، چونکە ئیشەکە ناتەندروست و ناڕەحەتە، ووتمان کەس بەو بڕە پارەیە ئەم کارە ناکات، لەم قسانەدا بووین، بوو بە هۆسەو هەڵاو دەنگە دەنگی کرێکاران لەسەر کەمکردنەوەی مووچەکانیان، کرێکارێکی برادەرم نەخۆشی گورچیلەی هەبوو، بەپەلە گەیاندمە خەستەخانە، لەڕێگادا تەلەفۆنی بۆکردم کە ئێوە هەردووکتان لەئیش دەرکراوون و ئیتر مەیەنەوە بۆکارکردن، ووتم بۆ، ووتی لەبەرئەوەی هەڕەشەت لەکرێکار کردووە کەکار نەکەن، کاتێک گەڕامەوە بۆ مەعمەل ووتم هەڕەشەم لەکێ کردووە کەنابێت کار بکات، فەرموو بانگی بکە باهەموان بزانن. ئیتر ئێمەی ئیزنداو ووتم من بەدواداچوون لەسەرمافی خۆم دەکەم، ووتی بڕۆ چیت نەکردووە بیکە.. ووتم تۆ براکەت قائیمقامە لەوەیە بەوەوە بنازیت.. ئەوەندەم پێ ووت.. ئەویش تەلەفۆنی کردووە بۆ ئاسایشی باینجان و پێی ووتوون ئەوا من ئەو دوو کرێکارەم دەرکردووە هەرشتێک بەسەر مەعمەلدا هات ئەوان لێپرسراوون. من هیچ شتێکم نیە نە لەگەڵ ئاسایش، نە لەگەڵ مەعمەل، من کێشەم لەگەڵ کەس نیەو بەبێئەوەی یەک کەس دڵی لەمن ئێشابێت لەمەعمەل هەتا ئێستا تەنها مدیرەکە نەبێت. خاوەن مەعمەل دوێنێ شەو تەلەفۆنی بۆکردووم کاکە بگەڕێرەوە، قەناعەت بکە بەو مووچەیە کە دەکرێت بە پێنج سەد دۆلارو ئەم جۆرە قسانە.. ووتم کاکە مدیرەکەت منی لەسەر کار دەرکردووە، منیش ئەچم بۆلای ڕۆژنامەی دەنگی کرێکارو بەدوادا چون لەسەر مافەکانم ئەکەم.

 

Related posts

دادگای کاری سلێمانی کەیسی ١٠ کرێکاری لەسەر کار دەرکراوی بەقازانجی کرێکاران یەکلایی کردەوە!

Dangi Krekar

دە نگی کرێکار ژمارە ٥٦ بە شێوەی pdf

Dangi Krekar

workers voice No.9

Dangi Krekar

Leave a Comment