چۆن پەرشوبڵاوی کرێکاران لەقازانجی خاوەنکارە؟
وەستا مەهدی
حکومەتی هەرێم هەرچەندە ئیدیعای هەبوونی یاسایکاردەکات، بەڵام تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزە لەچاو ژیان و گوزەرانی کرێکاران کەچۆن خاوەنکارو کارگەو کۆمپانیاکان بەپێی قازانج و وویستی خۆیان بەرامبەر کرێکاران دەجوڵێنەوە.. گەورەترین کێشە، نەبوونی ئیجرائاتی توندە بەرامبەر خاوەنکارەکان و لەبەشێک لەکارگەو کۆمپانیاکاندا، کرێکار تەنانەت مافی ڕەخنەگرتنیشی نییە، تەنها یەک داواکاری بۆ باشترکردنی دۆخیکار یان ناڕەزایەتییەک بەرامبەر زوڵم ستەمێک کەدەکرێت، یەکسانە بەهەڕەشەی دەرکردن لەکار..حکومەت چاوی خۆی لەئاستی ئەم پێشێلکارییانەدا نوقاندووە، چونکە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری دەسەڵاتداران لەگەڵ قازانجی کارگەکاندا تێکەڵبووە…کاتێک خاوەنکارەکە خۆی بەشێکبێت لەدەسەڵات، ئیتر کێ دەوێرێت ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر بکات؟ ئەمە وایکردووە هیچ یاسایەک بڕ نەکات جگە لەویستی خاوەنکار…
دۆخی ناوخۆی کارگەکان تراژیدیایەکی ترە… کرێکاران بەموچەیەکی کەم کار دەکەن کەبەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو هەموو هیلاکی و ماندووبوونەدا ناگونجێت… نەبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی -ضمان- کەزۆرینەی کرێکاران بێبەش دەکرێن لەخانەنشینی..نەبوونی مەرجی سەلامەتی ستانداردکەساڵانە دەیان کرێکار بەهۆی نەبوونی کەلوپەلی پاراستنەوە دەبنە قوربانی.. یان نانخواردن و هاتووچۆی خراپ کەکرێکار دەبێت تەنها بەرهەمبهێنێت، نەک وەک مرۆڤێک کەپێویستی بەپشوو، خواردنێکی تەندروست و هاتووچۆیەکی شایستە بێت.. نەبوونی مۆڵەتی ئاسایی بۆ نەخۆشی، یان بۆکارێکی پێوویست، بووە بەخەون و زۆرجار پارەی ئەو ڕۆژانە لەکرێکار دەبڕدرێت کەبەهۆی ڕووداوی سروشتی، هیلاکی، نەخۆشی و ئیشێکەوە ناچنەوە سەرکار..
لەهەرێمی کوردستان، کێشەی سەرەکی کرێکار، هەربەتەنها کەمی مووچە یان خراپی جۆری خواردن و هاتوچۆکەی نییە، بەڵکو کێشەکەی ناڕێکخراوی و پەرتەوازەییە.. خاوەنکارەکان و ئەو مەسئولانەی پشکیان لەکارگەکاندا هەیە، زۆرباش دەزانن کەکرێکارانی کوردستان تاک و تەنهایە، هەربۆیە بەئارەزووی خۆیان بڕیاری دەرکردن، ضمان نەکردن، کاتژمێری کاری زیادەو نەبوونی سێرڤسی باش دەرئەکەن وبەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک پارەی ڕۆژانی نۆژەنکردنەوەو پاککردنەوەی کارگەو کۆمپانیا لەکرێکار دەبڕن..
خاوەنکار دەزانێت کەئەگەر کرێکارێک دەربکات، سەرەڕای ئیجرائاتی پچڕپچڕو سنوردار لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە، ئیترکەسێک نییە لەپشت ئەو کرێکارەوە بوەستێت.. نەبوونی ڕێکخراوێکی کرێکاریی سەربەخۆو ڕاستەقینە وایکردووە کەخاوەنکار حساب بۆ یاسایکارنەکات… کاتێک کرێکاران بەیەکەوە یەکدەنگ و یەکڕیز دەرناکەون، خاوەنکار دەتوانێت مەرجی خۆی بسەپێنێت.. ئەو دەزانێت کەدەتوانێت بەهەڕەشەی دەرکردن مافی کرێکار پێشێلبکات، چونکە دەزانێت یەکگرتووییەک نییە لەناو کرێکاراندا هەتا کارگەکەی پەکبخات.
باشترکردنی ژیانی کرێکار لەڕێگەی پاڕانەوەو چاوەڕوانی لەحکومەت نایەتە دی، چونکە حکومەت خۆی بەشێکە لەبازاڕو پشکی خاوەنکارەکان، بەڵکو کۆمەڵێک ڕێکار هەیە کەبتوانێت بیگرێتەبەر، لەوانە: لەهەر کارگەیەکدا دەبێت کرێکاران چەند کەسێک وەک نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن.. نابێت کرێکار بەتەنها ڕووبەڕووی خاوەنکار ببێتەوە، بەڵکو دەبێت داواکارییەکان بەناوی هەمووانەوە بێت…کاتێک خاوەنکار بڕیارێکی نادادپەروەرانە دەر دەکات، وەک بڕینی پارە لەکاتی لافاو یان نۆژەنکردنەوەدا، دەبێت هەموو کرێکاران پێکەوە بڵێن نا..و قبوڵینەکەن،هەرکاتێک کارگەیەک بۆ کاتژمێرێک دەوەستێت، خاوەنکار تێدەگات کەهێزی ڕاستەقینە لای کێیە… دەبێت کرێکاران یەکدەنگ بن لەسەر ئەوەی کەهیچ کەسێک دەست بەکار نەکات هەتا دەستەبەری (ضمان) بۆ نەکرێت… ئەمە مافێکی یاساییەو نابێت ڕێگا بدرێت بەبیانووی کرێکاری ڕۆژانەوە یان موەقەتئەم مافە بخورێت..دەبێت کرێکار بزانێت کە ئەو خێربەخاوەنکار دەکات نەک بەپێچەوانەوە.. بەبێ هێزوبازوی کرێکار، کەڵەکەی سەرمایەو باڵەخانەو کارگەی مەسئولەکان هیچ بەهایەکیان نییە.هەتا ئەو کاتەی کرێکاران یەکدەنگ نەبن و فشار نەخەنە سەر ئەم سیستەمە بۆرژوازییە، چەوساندنەوە بەردەوام دەبێت…کرێکاری کورد شایستەی ژیانێکی شکۆمەندانەیە، نەک ئەوەی لەژێر سێبەری باڵەخانەو کارگەی مەسئولەکاندا، هەموو ڕۆژێک لەگەڵ ترس لەنان و ترس لەدەرکردن بەڕێبکات.هەتا ئەو کاتەی کرێکاران نەیەنە سەر ئەو بڕوایەی کەدەبێت ڕێکخراو بن، خاوەنکارەکان بەردەوام دەبن لەتاڵانکردنی ژیان و گوزەرانیان.. بەسادەیی، ژیانێکی باشتر تەنها بەیەکگرتوویی کرێکاران خۆیانەوە وەدەستدێت.
