Dangikrekar.com
ئەرشیڤ

“چاڵی مەسعەدەکان”، هۆکارێك بۆ مەرگی کرێکاران!

“چاڵی مەسعەدەکان”، هۆکارێك بۆ مەرگی کرێکاران!

ئامادەکردنی:مەحمود حەلاق

لەسایەی سیستەمی ئابوری بازاڕی ئازادو حکومەتی بۆرژوای کوردایەتیدا، شوێنیکار بۆ چینی کرێکار گۆڕدراوە بۆ سەنگەری جەنگێک کەتێیدا ڕۆژانە ڕووبەڕووی مەترسی مەرگدەبێتەوە. زنجیرەی بەردەوامی گیان لەدەستدانی کرێکاران بەهۆی کەوتنی مەسعەدەکانەوە (ئاسانسۆر)، تەنها قەزاو قەدەر نییە، بەڵکو شێوەیەکە لە کوشتنی بێدەنگ کە سەرمایەداران لەپێناوی زۆرترین قازانج و لەسەر حسابی کەمترین تێچووی سەلامەتی ئەنجامیدەدەن. ئەم کارەساتە لە دوو ڕەهەندی سەرەکییەوە پێکهاتووە:

تەوەری یەکەم: تیرۆری دەروونی و دزینی هۆشیاریی کرێکار لەناو کاردا

مەرگی کرێکار پێش ئەوەی لەچاڵی مەسعەدەکەوە دەست پێبکات، لەمێشکی شێواوی خۆیەوە دەستپێدەکات. کاتێک کرێکارێک لەبەرزایی بیست مەترەوە بەڕاگرێکی لەرزۆکەوە هەڵواسراوە، مێشکی لەژێر باری قورسی بژێوی سبەینێدا، هاوسەنگیی فیزیکیی کرێکارەکە دەشێوێت. لەچرکەساتێکی واقوڕماندا، تەرکیزی لەنێوان خەمی نان و ئامێرەکاندا دابەشدەبێت، قاچی دەترازێت و جەستەی دەبێتە سووتەمەنی.

تەوەری دووەم: بازرگانیکردن بەهێرتزو فێڵە تەکنیکییەکانی مەسعەدەکان

کاتێک دێینە سەر واقیعی تەکنیکیی ئامێرەکان، پەردە لەسەر جومگەیەکی تری چاوچنۆکیی سەرمایەداران لادەدرێت. لایەنی میکانیکی مەسعەدەکان لە پڕۆژەکانی کوردستاندا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار لەفێڵ و فەرامۆشکردنی سەیفتی، کەدەکرێت بەپێی جۆری مەسعەدەکان بەم شێوەیە پۆلێنیان بکەین:

یەکەم: مەسعەدە تورکییە کۆنەکان:زۆرێک لەو مەسعەدانەی لە پڕۆژەکاندا بەکاردێن، بەکۆنی و بەکارهاتووی هێنراوون. بۆ نمونە: مەسعەدێکمان هەیە کە لەتورکیا سیستەمی کۆنترۆڵی کارەباییەکەی (AC Drive) تەنها بۆ ١٠ هەزار کاتژمێر کارکردن دروستکراوە، بەڵام پێش هێنانیشی گەرەنتییەکەی هەر لەوێ تەواو بووە، کەچی کۆمپانیاکانی ئێرە هێناوییانەو نزیکەی ١٠ هەزار کاتژمێری تری ئیش پێدەکەنەوە! ئەمە واتە هیچ جۆرە سەیفتی و گەرەنتییەکی تێدا نەماوە؛ حاسەکانی سەرەوەو خوارەوە، کۆنترۆڵ و قەپانەکەی پەکیان کەوتووەو تەنها دوو ماتۆڕە بەڕووتی دەڕوات و بەدوو بانص ڕاگیراوە. ئەم جۆرە مەسعەدانە تەنها بۆ دوو تەن و نیو دروستکراون، بەڵام تەنانەت بەباری کەمتریشەوە توانایان نەماوەو لەپڕدا برێکیان نامێنێت و یەکسەر دێنە خوارەوە. کێشەی سەرەکی جۆرە تورکییەکەی، وەستانی لەپڕی سیستەمی ستۆپ (Stop) و کێشەی بەرزونزمیی ڤۆڵتیەی کارەبایە.

دووەم: مەسعەدە چینییەکان و فێڵی هێرتز:مەسعەدە چینییەکان بەگشتی پێویستیان بەکۆمەڵێک کەرەستەی پاراستنی توندوتۆڵ هەیە، بەڵام چونکە لەسەر کۆمپانیاکان گران دەکەوێت، ئەوان داوای مۆدێلی دەستکاری کراو و هەرزان دەکەن و کارگەکانی چینیش بەپێی ئەو پارە کەم وخواستەیان دروستیدەکەن. لەسادەترین نموونەدا، ستانداردی مەسعەدەکان دەڵێت: ئەگەر ئامێرەکە لەسەر فریکوێنسی( هێرتزی ٧.٥) ئیش بکات، هەم گەرەنتیی تەواوو سەیفتییە، هەم خێراییەکەی ڕێکە، برێکەکەشی بێخەلەلەو سیستەمی پەڕەشوت و ئێرباگەکەی (Breaker) بەهێزە؛ بەجۆرێک ئەگەر هەر کێشەیەک دروستبێت دەستبەجێ دەوەستێت و کرێکارەکە دەپارێزێت.

بەڵام کۆمپانیاکانی کوردستان بۆ ئەوەی لۆدی کارەبا لەسەر خۆیان کەمبکەنەوەو پارەی کەمتر بدەن، ئەم پێوەرە لە ٧.٥ هێرتزەوە دادەبەزێنن بۆ ٥٠ هێرتز! چونکە ئەگەر بە ٧.٥ ئیشی پێبکەن، لۆدی کارەباکەی لەجیاتی ٣٥ بۆ ٥٠ ئەمپێر، دەگاتە ٦٠ بۆ ٦٨ ئەمپێر. کۆمپانیاکان بۆ پاساودانی ئەم چاوچنۆکییە داراییە، بەدرۆ دەڵێن ئەم خاو ڕۆیشتنەی مەسعەدەکە بۆ کرێکارەکە سەلامەتترە، لەکاتێکدا لەڕووی زانستییەوە بەپێچەوانەوەیە! چونکە چەندێک مەسعەدەکە خاوتر بێت، ماتۆڕو سەکۆکە ”ئیعازی ستۆپکردن و گرتنەوەی پەڕەشوتەکە” درەنگتر دەگات، ئەم دواکەوتنی ئیعازەش لە چرکەساتێکدا دەبێتە هۆی کەوتنی مەسعەدەکەو کوشتنی کرێکاران. کۆمپانیاکان ئامادەن ژیانی کرێکار بخەنە گرەوی ئەم فێڵە تەکنیکییانەوە، تەنها بۆ ئەوەی چەند ئەمپێرێکی کەم کارەبا پاشەکەوت بکەن.

ئەنجامگیری و پەیامی دەنگی کرێکار

کاتێک کرێکارێک لەچاڵی مەسعەدێکدا دەمرێت، کۆمپانیاکە تەنها بەبڕە پارەیەکی کەم (کە ناوی دەنێن قەرەبوو یان فاتیحەو سۆزی خێڵەکی کێشەکە دادەخات، بەبێ ئەوەی یەک ڕۆژ پڕۆژەکەی ڕابگیرێت یان مۆڵەتی کارکردنی لێبەسەندرێتەوە. ئەمە حەقیقەتی مۆدێلی گەشەپێدانی تەلارسازییە لەکوردستان.

پێویستە هەم وەزارەتیکارو وەزیرەکەی، هەم سیستەمی دادوەری و داواکاری گشتی بەفەرمی بێنە ناو ئەم دۆسیانەوەو ڕێگە نەدەن گیانی مرۆڤی کرێکار ببێتە قوربانی ڕێککەوتنی ژێر بەژێر. پێویستە دادگا لەسەر ئەم جۆرە مەرگانە کە هاوشێوەی ”کوشتنی بەئەنقەست”ن، ئیجرائاتی توندو فەوری بکات و خاوەن کۆمپانیایان ڕاپێچی بەردەم یاسا بکات. نابێت چیتر ڕێگە بدرێت ئەم قەتڵە عەمدییە لەڕێگەی سوڵحی عەشایەری، چاوپۆشی و بێدەنگ کردنی خێزانی کرێکارەکان بەپارە پەردەپۆش بکرێن، بەڵکو دەبێت دادگا وەک تاکە مەرجەعی پاراستنی مافی گشتی، سەروەریی خۆی بسەپێنێت و سزای توند بەسەر هۆکارانی ئەم کارەساتانەدا بسەپێنێت. ئەوە هاوپەیمانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان، دەسەڵاتی حزبی و دامەزراوەکانی حکومەتە کەپێکەوە بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی ئەم خوێنڕشتنە سیستەماتیکەن.

کەوایە دەبێ کرێکاران خۆیان تێبگەن لەدۆخی کارەکەیان و  مل بەکارێک نەدەن کە ژیانو گیانیان دەخاتەبەردەم مەترسی مەرگەوە. بێگومان ڕزگاری کرێکاران لەم کوشتارگەیەی  ناونراوە وەبەرهێنان، تەنها لەڕێگەی ڕێکخراوبوونی خودی کرێکاران و هوشیاربوون بە دۆخی کار ومافەکانیان دەتوانێت هێزێکی راوەستاو بهێنێتە مەیدانەوە و سنورێک بۆ مەرگ و لەدەستدانی بەشێك لەجەستەیان دابنێت.

Related posts

تەنها هاتنەمەیدانی یەکگرتوانە و سەراسەریی موچەخۆرانی  کوردستان دەتوانێت قوتی هاوڵاتیان لەدەست دەسەڵاتدارن دەرکێشێت! 

Dangi Krekar

سیستەمی شەفتات لەپڕۆژە پیشەسازیەکانی کەرتی تایبەتدا!   

Dangi Krekar

گفتوگۆ لەگەڵ شیروان مەجید، بەڕێوەبەری بەڕیوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەسلێمانی

Dangi Krekar

Leave a Comment