Dangikrekar.com
ڕاپۆرت

 وەک ئاوڕدانەوەیەک لەدۆخی کارو ژیانی ژنانی دەستفرۆش،

 وەک ئاوڕدانەوەیەک لەدۆخی کارو ژیانی ژنانی دەستفرۆش،

ئامادەکردنی:نەغەدە عوسمان

وەک ئاوڕدانەوەیەک لەدۆخی کارو ژیانی ژنانی دەستفرۆش، تیمێکی دەنگی کرێکار، سەردانی شوێنگەی ئەوانی لەشاری سلێمانی کرد. لەم سەردانەدا تیمکە کۆمەڵێک پرسیاری ئاراستەی ژمارەیەک لەو ژنە زەحمەتکێشانە کرد،  تالەزاری خۆیانەوە ڕاستیەکانی ژیانی پڕ زەحمەتیان بخەنەڕوو. لەیەکێک لە ژنانەکان پرسیارمان کرد کە ئەم کارە بۆدەکەیت و لە کەیەکەوە دەستت بۆبردوە؟

لە وەڵامدا وتی“ کاتێک کەڕژێمی بەعس پەنای بۆ ئەنفال کردنی خەڵکی لادێکانی کوردستان برد،  ئێمەش بەرئەنفال کەوتین ودواتریش هیچ پیاوێکمان دەرباز نەبوو تا نانمان بۆ پەیدابکات“.. بێگومان ئاکام و ئەنجامە خراپەکانی کردەوەی ئەنفال هەر ئینسانکوژی وزیندەبەچاڵ کردنی پیاوان نەبوو، بەڵکو ژیانی ژن و منداڵانی جێماوی بۆ هەتاهەتایە لەمیحنەتدا جێهێشت.  ژنانی زەحمەتکێشی دەستفرۆش بەرهەمی ئەم ڕوداوانەیە کەناچار کراون بەکاری دەست فرۆشی. ئەمە لەکاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم وئەوحزبانەی موزایەدە دەکەن بەکەیسی ئەنفالەوە، دەبوایە بەرپرسیارێتی ژیانی ئەم ئینسانانەیان هەرلەیەکەمین ڕۆژی بەدەسەڵات گەیشتنیانەوە لەئەستۆ بگرتایە. لە وەڵام بە پرسیاری ئەوەی کەداهاتی کارەکەیان چەندە وتاچەند ژیانیان دابیندەکات، یەکێکی تر لەژنەکان ووتی:“ گرنگ ژیانی  ئاسودەیی و سەربەرزانەیە، ئەگینا داهاتێک لەو کارەی کە ئێمە دەیکەین دەبێ چەند بێت، دیارە هەرگیز لەئاستی بژیوی ئەمڕۆدا نییە. بۆ کەسانێکی وەک ئێمە کە مناڵدارین ولە کرێچیداین، بۆئێمە کەنەموچەمان هەیە ونە هیچ داهاتێکیتر، بەدڵنیایەوە مەمرەو مەژی ژیان بەڕێدەکەین.. ئەمکارە بۆ ئێمە ناچاریە“ .. بەم حاڵەشەوە ئەوەی ئەوانی نیگەران کردبوو ئەو ڕاونان و پەلاماردانەیە کە دەزگا داپڵۆسێنەرەکەی دەسەڵات لەگەڵیان دەکات، ژنەکان باسیان لەوە دەکرد کە هیچ کات هەفتە تەواو ناکەن، کەلەلایەن پۆلیسەوە پەلاماری کەل و پەلەکانیان نەدرێت ودەستی بەسەردا نەگرێت، کەدواتر لەدوای ماوەیەک ئازار پێدانیان و نیوەناچڵ کردنی کەرەسەکانیان ئینجا بەرامبەر بڕێک پارە شتەکانیان وەردەگرنەوە، لەکاتێکدا ئەم ژنانە نانئاوەری ماڵن و هەر یەکەیان خاوەنی خێزانێکن کەلەسەر ئەم کارەی ئەوان دەژین!..  شایانی باسە شوێن کاری ئەم ژنانە سەر شۆستەو قەراغ جادەکانی ناوەڕاستی شارە، واتە شوێنەکەیان نە بۆ گەرما شیاوە نە بۆ سەرما، بۆیە بوە جێی پرسیار بۆ ئێمە کە ئایا ئێوە داوای شوێن کارێکی جێگیرتان کردوە لە دەسەڵات؟ وتیان بەڵێ بگرە زۆرجار یەخەی بەرپرسانمان گرتوەو داوای شوێنمان کردوە بۆ کارکردن، بەڵام بەرپرسان خراپترین شوێنیان بۆ دەستنیشان کردوین هەر بۆیە جێی ڕەزامەندی ئێمە نییە، لە کۆتایدا یەکێک لە ژنەکان ڕووی کردە ئێمەو بە هەنسکێکی پڕلە قوڵپی گریان وتی ئێمە قوربانی ئەو ڕۆژە بوین بەڵام بەرەکەی بۆ ئێمەو منداڵمان نەبوو.. ئێمە بێ لانە بوین بەڵام تاقمێکیتر  لەسایەیدا دەوڵەمەند بوون..

 

 

Related posts

دە نگی کرێکار ژمارە ٥٤ جاپکرا لێرە وە بە شێوە پیدی ئێف بیبینن

Dangi Krekar

کرێکارێک لە کاتی کارکردندا لە کارگەی چیمەنتۆی (لاڤارج) گیانی لەدەستدا

Dangi Krekar

لەحەڤدە ساڵی ڕابردوودا ٨٢ هەزار “کرێکاری بیانی” هێنراونەتە کوردستانەوە!

Dangi Krekar

Leave a Comment