ئاوڕێک لە حەماڵەکانی ناو بازاڕی کار!
ڕیپۆرتاژێکی مەیدانی دەنگی کرێکار
لەم ڕیپۆرتاژەدا، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەحەماڵەکانی ناوبازاڕ گفتوگۆم کرد، بەشێک لەوان گەنج بوون، بەهۆی بێکارییەوەو بەهۆی ئەوەی نەخۆشیان هەیەو کرێچین، بەناچاری حەماڵیدەکەن.. هەتا ڕادەیەکی زۆر ژیانی هەموویان وەکویەک وابوو، یەک معاناتی دەردناکیان هەبوو.. بێتاقەت و وەڕسبوون لەژیانی خۆیان.. تروسکایی لەڕوخساریاندا نەمابوو، دەموچاوی گەنجانەو تەمەنی کەمی زۆرینەیان وەک تەمەنی ٦٠ ساڵان و٧٠ ساڵ ئەهاتە پێش چاو.. لەشی ماندوو و دەموچاوی هیلاک و شەتەکیان، ڕق ونەفرەتی قووڵبوو لەدەورو دوکان وئەم سیستەم و دەسەڵاتەی حزبەکانی کوردایەتی.. کاک محمد تەمەنی ٥٧ ساڵەو لەتەمەنی ١٢ ساڵانەوە لەگەڵ باوکیدا حەماڵیکردووە، خاوەنی ٥ خوشکەو هیچیان خوێندنیان تەواو نەکردووە، کرێچین و لەگەڵ دایکو دووخوشک و هاوسەرو دوو منداڵەکەی پێکەوە ئەژین، ئەو دەڵێت” کاکە تەمەنمان بەناحەق و ناڕەوا بەفیڕۆڕۆشت، هێشتا نەمئەزانی دنیا چیەو چ باسە لەگەڵ باوکی ڕەحمەتیمدا زەحمەتمان کێشا لەپێناوی ئەوەی کەڕۆژێک بەبێخەم پاڵی لێبدەینەوە.. هەزارو یەک ئاوات و خۆزگەمان وەک منداڵ لەبار برا.. نازانم هەتا کەی هەر دەبێت لەسەر عارەبانەکەم لەبن سێبەری یەکێک لەم دارتوانەدا نیوەڕوان بەخەیاڵی پڕکردنی چەند عەلاگەیەکەوە خەو بمباتەوە.. هەموو ئەم زوڵم و ناعەدالەتی و تاوانکارییە فەرزکروە بەسەرماندا بەناوی ژیانەوە.. بەڵام تەنها ژیان نیە.. ئاخر چۆن دەتوانرێت تۆ بەڕۆژانەی ١٠ هەزارو ١٥ هەزار دینار ئەویش ئەگەر دەستبکەوێت، خێزانێکی وەکو منی ٧ نەفەری، کرێچی و بێمووچە بژیەنیت.. ژیانمان قورس و سەختەو بەڵام ناچارین، لانیکەم ئیرادەیەکمان هەیەو شانمان داوەتەبەر بزانین هەتاکوێ دەتوانین بڕۆین…”.
کاک فوئاد زیاتر لە ٢٥ ساڵە حەماڵیدەکات ودەڵێت: “کاکە بهێنە پێش چاو ڕۆژانە سەدان فەردە ئارد دابگرەو باری بکەرەوە بەم گەرمایە، چ دیمەنێک ئەبینیت؟ تاکوتەرامان نەبێت هەمووی ئیزلاق و نەخۆشی فەقەراتی هەیە.. زیاتر لە ١٢ سەعات لەدەرەوەین لەپێناوی ئەوەی ڕۆژانەیەکمان دەستبکەوێت، ئەگەر کار هەبێت ئەوپەڕی لەڕۆژێکدا ٢٠ هەتا ٢٥ هەزار دینارمان دەستبکەوێت، ئینجا وەرە کرێچیبەو ئەگەر شانس یاوەرت بێت ئەوەش ڕۆژانەکەت بێت، ئەبێت بپرسیت ئایا ژیان چۆن بەڕێدەکەیت خێزاندارو خاوەن منداڵ و کرێچی؟ ژیانی ئێمەو مانان مەمرەومەژییە، مردنە، ژانەو تەواویش نابێت.. من ژن و منداڵیشم بەخۆمەوە گیرۆدە کردووە، کاکە ژیانیان نیەو هەزارو یەک خۆزگەو ئاواتیشیان هەبێت بەدینایەن و ناتوانم دابینی بکەم.. بەڕاستی ژیانمان جەهەنەمیە..”
کاک ئاواتیش زیاتر لە ٢٠ ساڵە حەماڵیدەکات، خاوەنی سێ منداڵەو کرێچیە ئەو دەڵێت: ” بەڕاستی حەماڵی کار نیە، بەڵام چی بکەین ناچارییە.. کاکە ڕۆژانەکەمان هیچ نیە، باوەڕ بکە ڕۆژی واهەیە ١٠ هەزار پەیدا ناکەین.. باشترین ڕۆژ ئەو ڕۆژەیە کە ٢٠ هەزار پەیدا دەکەین.. جاوەرە ئەگەر هەموو ڕۆژێکیش ٢٠ هەزارت دەستبکەوێت، بەشی چیدەکات! کرێچیم، سێ منداڵم هەیە، ژنەکەم تەندروستی باش نیەو دنیایەک مەسرەفی نەخۆشیەکەی هەیە، باوەڕ بکە منداڵەکانم هیچ وەسیلەیەکیان نیە یاری پێ بکەن، نە ئایپادو مۆبایل و نەهیچ شتێکی تریش.. ساڵ ١٢ مانگ دوو گۆشت ناخۆین، ناتوانین، هەتا بۆشاییەک پڕدەکەیتەوە، لەسەد شوێنی ترەوە وێران ئەبیت.. بەم گەرمای هاوینە لەماڵەوە موبەڕیدەمان نیە، پانکەیەکی شەق وشڕمان هەیە..”.
