Dangikrekar.com
گفتوگۆ

وتوێژی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەگەڵ کرێکاری کارگەیەکدا.

“ لەزۆر کۆمپانیاو ناوەندەکاندا، کرێکار ناچار دەکرێن کاری زیادە بکەن، بەڵام هیچ پارەیەکی ئیزافەکاری وەرناگرن. ئەگەر قسەش بکەن، دەڵێن ئەوەی نایەوێت با بڕوات، چونکە دەزانن بێکاری زۆرە. ”

وتوێژی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەگەڵ کرێکاری کارگەیەکدا.

سازدانی محمود حەلاق

 

دەنگی کرێکار:سڵاوت لێبیت، سوپاس بۆ ئەو کاتەی بەئێمەی دەدەن.. سەرەتا پرسیارمان ئەوەیە کە ئێوە ژیانی ڕۆژانەتان لەناو کارگەدا چۆن دەگوزەرێت، بەتایبەتی لەڕووی کات و حەوانەوەوە؟

کرێکارەکە:سڵاو بۆ دەنگی کرێکاری خۆمان. ڕاستییەکەی لێرە باس لەکات ناکرێت، بەڵکو باس لەهەڵلووشینی تەمەن دەکرێت. ئێمە لەسەعات ٧ی بەیانییەوە دەست پێدەکەین تا ٤ی ئێوارە. ئەمە زیاتر لە ٨ سەعاتە، کاتی حەوانەوەو نانخواردنمان باشە، بەڵام کاتی زۆرمان دەبات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی مووچەکانمان بەراوورد بەهیلاکی و کاتەکەی ناڵێم هیچ نیە، بەڵام بەڕاستی زۆر کەمترە.

دەنگی کرێکار:ئەی سەبارەت بەموچەو ئەو کاتە زۆرەی کارکردن؟ ئایا ئیزافەکاری (کاری زیادە) هەژمار دەکرێت؟

کرێکارەکە:موچەکەمان زۆر لەخوار ئەو ماندووبوونەو ئەو گرانیەوەیە کەئێستا هەیەو بەشی هیچ ناکات. سەیرەکە لەوەدایە لەزۆر کۆمپانیاو ناوەندەکاندا، کرێکار ناچار دەکرێین کاری زیادە بکەن، بەڵام هیچ پارەیەکی ئیزافەکاری وەرناگرن. ئەگەر قسەش بکەن، دەڵێن ئەوەی نایەوێت با بڕوات، چونکە دەزانن بێکاری زۆرە. من هەواڵی چەندین کارگەو تەنانەت کۆمپانیاش دەزانم کەلەئێمە زۆر باشتر نین ئەگەر خراپتریش نەبن.

دەنگی کرێکار:ئەی مافە یاساییەکانتان؟ ئایا گرێبەستتان هەیە یان دەستەبەری (زەمان) کراون؟

کرێکارەکە: ئەوە گەورەترین کێشەیە. زۆرینەی کارگەکان گرێبەستیکار نادەن بەکرێکار، یان ئەگەر بیدەن، دەستکاری وشەکانی ناو یاسایکار دەکەن بەشێوەیەک کە تەنها لەبەرژەوەندی خاوەنکاردا بێت. مەرجیش نیە هەموو کرێکاران دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەبێت. ئەتوانم بڵێم نزیک هەموو کرێکاران دەستەبەری کراوون، بەڵام ئەڵێن کراوون و پارەمان لێدەبڕن، بەڵام بەڕاستی خۆم بەدواداچوونم نەکردووە هەتا بزانم وایە یان نا!

دەنگی کرێکار: ئایا ئەگەر دوربا ڕووداوێکی نەخوازراو هاتە پێشەوە، خەستەخانە یان پزیشکتان هەیە بۆ حاڵەتێکی کتوپڕ؟

کرێکارەکە: ئەگەر ئەمڕۆ تووشی ڕووداوێکیش ببین، هیچ پشتوپەنایەکمان نییە، تەنانەت لەحاڵەتی کتوپڕدا (ئیمرجنەیسی)، نەدکتۆری باش هەیەو نەخەستەخانەیەکی شایستەو نەئامبوڵانسێک لەنزیک کارگەکان کەبتوانێت فریای کرێکارەکە بکەوێت.

دەنگی کرێکار: ئەی لایەنی سەلامەتیکارتان چۆنە؟ ئایا ئامێرەکانی خۆپارێزی بەکار دەهێنن؟

کرێکارەکە:فشار لەسەر کرێکار دروست ناکرێت بۆ بەکارهێنانی ئامێرەکانی خۆپارێزی. مەرجی توند دانانێن، چونکە بۆ ئەوان گرنگ نییە کرێکارەکە چی لێدێت، تەنها گرنگ ئەوەیە مەکینەکان نەوەستن. ئەمەش وایکردووە زۆرێک لەهاوڕێکانمان تووشی پێکان و نەخۆشی درێژخایەن ببن. بەڵام بەڕاستیش هەندێک کرێکار خۆی ئیهمالی دەکات.

دەنگی کرێکار:وەک تێبینی دەکرێت، پەیوەندی لەنێوان کرێکاراندا کەمێک ساردە، هۆکارەکەی چییە؟

کرێکارەکە:(بەدەنگێکی نزمەوە) چونکە دەترسین. ترسێک بڵاوکراوەتەوە کەئەگەر دوو کرێکار زۆر لەیەکتری نزیک بن یان پێکەوە قسە بکەن، دەکەونە ژێر چاودێرییەوە. هەستدەکەین هەندێک کەس هەن سیخوڕیمان بەسەرەوە دەکەن بۆ ئەوەی هەر جموجۆڵێکی ناڕەزایەتی هەبێت، دەستبەجێ لەکار دەربکرێین. ئەمە جۆرێکە لە کۆیلەکاری، نەک تەنها جەستەمان، بەڵکو دەیانەوێت پەیوەندییە مرۆییەکانمان و بیرکردنەوەشمان کۆنترۆڵبکەن.

دەنگی کرێکار:سوپاس بۆ ئەو ڕاستگۆییەت و بۆ ئەو وێنە ڕوونەی کە بەئێمەو خوێنەرانتدا. وەک دوا پەیام، دەمانەوێت بەتۆو هەموو کرێکارانی تر بڵێین: ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ببینە پردی گەیاندنی دەنگی ئێوە.

کرێکارەکە:زۆر سوپاس بۆ دەنگی خۆمان دەنگی کرێکار، هەتا ئێستا ڕاستگۆبوون لەگەڵ کرێکاراندا.. هیوادارم ئەم قسانە تەنها نووسین نەبن و کاردانەوەیان هەبێت.

دەنگی کرێکار:

لێرەوە بانگی هەموو کرێکارانی کارگەو ناوەندە جیاجیاکانی کار دەکەین: هەر کاتێک ڕووبەڕووی هەر کێشەیەک، ستەمێک، یان پێشێلکارییەکی یاسایی بوونەوە، یان ئەگەر گرفتێکی تەکنیکی و تەندروستیتان لەشوێنی کارەکەتان هەبوو، تکایە پەیوەندی بەئێمەوە (بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار) بگرن:

 ئێمە بەئەمانەتەوە کێشەکانتان دەگەیەنین و دەبینە دەنگی ڕاستەقینەی ئێوە.. بەدڵناییەوە  ئێوە بەتەنها جێناهێڵین .

Related posts

کرێکارانی وەرزی، پێویستیان بەڕێکخراوبوونە!

Dangi Krekar

دەنگی کرێکار، بەدواداچوون بۆ کەیسی کرێکاران دەکات!

Dangi Krekar

ژمارە ٦٣ دە نگی کرێکار

Dangi Krekar

Leave a Comment