کرێکارانی خەستەخانەکانی کەلار لەنێوان بەرداشی کۆمپانیاو حکومەتدا!
ڕاپۆرتێک
لەسەر ئەو زوڵمە ڕێکخراوە کەلە ١٢٨ کرێکاری پاککەرەوەی گەرمیان دەکرێت
محمود حلاق
جارێکی دیکەو لەژێر فشاری قورسی بژێوی ژیاندا، کرێکارانی ناوەندی خەستەخانەکانی شارۆچکەی کەلار مانیانگرتەوەو دەستیان لەکار هەڵگرت. ئەم مانگرتنە وەک ئینزاری کۆتایی بەڕووی بێباکی پێشەنگی یەکەمی ئەم زوڵمە کەخودی حکومەتەو کۆمپانیاکانی بەڵێندەردا دێت..
دوای ئەوەی کەکرێکاران بۆ ماوەی چوار مانگ و ١٧ ڕۆژە چاوەڕێی وەرگرتنی شایستە داراییە سەرەتاییەکانیان دەکەن، بەڵام تەنها بەڵێنی بێکردەوەیان پێدەدرێت. دەنگی کرێکارلەدوای بڵاوکردنەوەی چەند هەفتە پێشتر هاواری ئەم توێژە لەسایتەکەیدا، ئەمجارەش لەڕێگەی کۆنتاکتەکانی خۆیەوەو لەنزیکترەوە بەدواداچوونی بۆ دۆخی ئەم کرێکارە مانگرتووانە کرد. لەزمان خۆیانەوە گوێبیستی ئەو ڕاستییە تاڵانە بوو کە لەپشتی دەرگای خەستەخانەکانەوە دەگوزەرێت.
ئەم کێشەیە تەنها ناوەندی کەلار ناگرێتەوە؛ لێرەدا قسە لەسەر ١٢٨ کرێکارە کەبەشێکی زۆریان لەشارەدێ و کۆمەڵگاکانی دەوروبەری کەلارەوە وەک (ڕزگاری و صمود) و شوێنەکانی تر، ڕۆژانە بەڕێگای دووردا دێن. یەکێک لەکرێکارەکان بە کڵۆڵی و توڕەیییەوە بەدەنگی کرێکاری ڕاگەیاند:
وەنەبێت مووچەکانمان ملیارێک بێت! بەحاڵەحاڵیش ناگاتە ٣٠٠ هەزار دینار. سەرەڕای ئەوەی زیاتر لەچوار مانگە ئەو مافە کەمەشمان پێنەدراوە، مانگانەش دەبێت لەسەر گیرفانی خۆمان کرێی هاتوچۆ بدەین بۆ ئەوەی لەو دێهات و کۆمەڵگایانەوە بێینە سەرکارو خەستەخانەکان پۆشتە و خاوێن ڕاگرین. ئەوەی پشتمان دەشکێنێت ئەوەیە کەزۆربەی هەرەزۆری ئەم کرێکارانە کەسوکارو نەوەی ئەنفالکراوەکانن! لەبری ئەوەی حکومەت قەرەبووی برینەکانیان بکاتەوە، کەچی هێندەی تر ژیانمان دەهاڕێت. کرێکارێکی دیکە لەسەر هەمان دۆخ دەڵێت: هەموو شتێک لەبازاڕدا گرانبووە. زۆربەمان لێرە کرێچین، قەرزارین و بووین بەژێر قەرزی زۆرەوە. ئێستا بەئاستەم دەتوانین کیلۆیەک گۆشت بکڕین بۆ منداڵەکانمان. لەناو ئێمەدا ژنانی سەرپەرشتیاری خێزان هەن کەپیاوێکیان نییە کار بکات، یان ئەگەر هەیان بێت کارێکی دەست ناکەوێت. ئێمە چی بکەین؟”!
ئەم کارەساتە، پەردە لەسەر گەورەترین درۆی دەسەڵات لادەدات. حکومەت خۆی لەڕەئسی ئەم زوڵمەدا وەستاوەو بەفەرمی بەرپرسە. بیانووی ئەمجارەی حکومەت و کۆمپانیا بۆ نەدانی مووچەی ئەم ١٢٨ کرێکارە ئەوەیە کەگوایە کۆنتراکت و گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکەو حکومەت تەواو بووە.ئەمەش خۆیلەخۆیدا لوتکەی کایەی سیاسی و بێباکییە، کاتێک گرێبەستێک تەواو دەبێت..
ئەم گەمە قێزەونە تەنها خەستەخانەکان ناگرێتەوە، ئەمە مۆدێلێکی باوی تاڵانییە کەجارێک خەستەخانەکان دەگرێتەوەو جارێکی تریش کۆمپانیاکانی ژینگەپارێزی (پاککەرەوەی شارەوانییەکان). حکومەت بەناوی کەرتی تایبەت و بازاڕی ئازادەوە خۆی لەبەرپرسیارێتی دەدزێتەوە، کۆمپانیاش کرێکاران دەکات بەبارمتەو کارتێکی فشار بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و وەرگرتنی پارەی زیاتر لەحکومەت. لەم نێوەشدا، تەنها ژیانی هاڕدراوی کرێکارانە کەدەبێتە سوتەمەنی.
لەکاتێکدا مانگرتنی کرێکاران گەیشتووەتە لوتکەو تەواوی خەستەخانەکانی پەکخستووە، ئەمڕۆ سەندیکاو نەقابە فەرمییەکان مژدەیەکیان بڵاوکردووەتەوە کەگوایە دوای دانیشتنیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵێنی ئەوە دراوە کەمووچەکانیان بۆ سەرفبکرێت. بێگومان هەر هەوڵ و دانیشتنێک کەببێتە هۆی دابینکردنی دینارێک یان نانێکی زیاتر بۆ ئەم کرێکارە ماندووانە، هەنگاوێکی ئەرێنییە و جێگەی دەستخۆشییە.بەڵام ئەوەی لای کرێکاران جێگەی گومان و پرسیارە ئەوەیە، هێشتا هیچ شتێکی ڕوون و کۆنکرێتی لەسەر زەوی دیار نییە. چۆن دەکرێت بەئاسانی متمانە بەبەڵێنی حکومەتێک بکرێت کەنزیکەی پێنج مانگە خۆی لەم ئازارە گێلدەکات و گوێی لەهاواری ئەم خێزانانە نەبووە؟ تەنانەت ئەگەر ئەمجارەش مووچەکە سەرفبکرێت، هێشتا دڵەڕاوکێی کرێکاران لەجێی خۆیدایە، چونکە هیچ گەرەنتییەکی ڕوون نییە کەمانگی داهاتوو، دیسانەوە بەهۆی تەواوبوونی کۆنتراکتێک یان نەبوونی بودجەوە، یان پاساوێکی ترەوە، ژیانیان ڕووبەڕووی هەمان شۆکی مەرگهێنەر نەبێتەوە.
