ژیانی سەختی کرێکارو پرسیاری گەورەی هەتا کەی؟
| دواستوونی دەنگی کرێکار
ئەو مافە نیوە ناچڵەی کە بەیاسا دراوە بە کرێکاران، هەموو ڕۆژێک لەلایەن خاوەن کارو کۆمپانیاکانەوە پێشێل دەکرێت.
ئەم بارودۆخە کرێکاری بێئومێد کردووە. لەهەمووی خراپتر، ترسی بێکارییە کە وەک شمشێرێک لەسەر سەری کرێکاران راگیراوە، کرێکارانی ناچارکردوە دۆخەکە قبوڵ بکات.
لێرەدا پرسیار گەلێک دێتە پێشەوە: داخۆ هەتا کەی کرێکاران ناتوانن پێکەوە بێنەدەنگ؟بۆچی ئەم هەموو ناڕەزایەتیە ناگاتە ئەوەی جووڵەیەک بکەن و ژیانیان بگۆڕن؟ بۆچی هێشتا ساردوسڕی لەنێوانماندا هەیە، لەکاتێکدا ئێستا مۆبایل و فەیسبووک و واتسئەپ ههن و زۆر بەئاسانی دەکرێت گروپ و دەستەی تایبەت بەخۆمان دروست بکەین؟ ئایا زەحمەتە هەفتەی چەند جارێک، تەنها بۆ یەک سەعات، لەگۆشەیەکدا پێکەوە دانیشین، یان لەڕێگای گروپەکانی خۆمانەوە باسی کێشەکانمان بکەین و قسە لەسەر ئەوە بکەین کەچۆن دەتوانین خۆمان و کرێکارانی کارگە جیاوازەکان لەیەکتر نزیک بکەینەوە؟ ئەگەر ئەم بێدەنگییەی ئێمە لەترسی بێکارییە، ئەی باشە ئەوە دەزانن کەخاوەنکار ئەم لاوازییەی ئێمە دەزانێ و لە پەرشوبڵاوی ئێمەدا سوودی ملیۆنان دۆلار کۆدەکاتەوە؟ دەی دواجار چی بکەین و چۆن دەست پێبکەین؟
کاتێک هێشتا دوو کرێکار لەکارگەدا ناتوانن پێکەوە بوەستن و یەکتری ناناسن و ئەترسن لەترسی دەرکردن، ئایا هێشتا بیرت نەکردووەتەوە کەچی بکرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نالەبارە؟ بێگومان دەبێت بیر بکەینەوە ومشوری خۆمان بخۆین. کەواتە ئەم ڕێگا سەرەتاییانە هاەنگاوی گەورەتری بەشوێندا دێت:
یەکەم: لە یەک کەسەوە دەست پێبکە:
لەناو سەدان کرێکاردا، دەتوانرێت لەگەل کرێکارێکدا لەکاتی پشوودا، قسەو باسبکەن لەسەر دۆخی کارکردنتان. لەسەر ئەو خواست و مافانەتان ئەگەر بزانن غەدری تێدایە، کاتێک زانیت ئەویش هەمان بیرکردنەوەی هەیە، ئیتر ئێوە دەبن بەدوو کەس یان زیاترو بەمشێوەیە متمانە بەیەکتری دێتە پێشەوەو دەتوانن پێکەوە بن..
دووەم: دروستکردنی گروپی متمانەپێکراو:
کاتێک متمانەی یەک کرێکار یان دوانت بەدەست هێنا، ژمارەی مۆبایلی لێوەربگرەو گروپێک(لەواتسئەپ یان تەلەگرام) دروستبکەن کە تەنها ئەو دوو کەسەی تێدا بن هەفتەی دوای ئەوە، هەر یەکێکتان هەوڵبدات تەنها یەک کەسی تریش ڕازی بکات بچێتە ناو گروپەکەوە تاوەکو وردە وردە ژمارەتان زیاد دەبێت.
سێیەم، زانینی مافەکان: کاتێک دەزانین یاسایکار هەندێک بڕگەو بابەتی تێدایە کەقازانجێک دەخاتە گیرفانی کرێکارەوە، ئەو کاتەش خاونکار ناتوانێت فێڵ بکات لەیاساو هەروا ئاسان مافت پێشێل بکات. ناسینی بڕگەو بڕیارەکانی یاسایکار بەتایبەتی ئەوە بەشەی تایبەتە بەمافی کرێکار، دەتوانێت یارمەتیدەرت بێت لە چاوکردنەوەی خۆت و هاوڕییانی خۆیشت کەچۆن و لەچ ڕێگایەکەوە پێکەوە کۆتان بکاتەوە بۆ دیفاع لەخۆتان..
بەدڵنیایەوە کاتێک کرێکاران پەی بەهیزی خۆیان دەبەن و لەدەوری داخوازیەکانیان کۆدەبنەوە، ئیتر گرێی خەبات بۆ بەدەستهێنانین دەکرێتەوە.
