کرێکارانی وەرزی، پێویستیان بەڕێکخراوبوونە!
لەهەرێمی کوردستانی عێراق بەشێکی بەرچاو لە کرێکارانی وەرزی هەن لەوانە بەشیکیان لەکێڵگەو باخو بەروبومە کشتوکاڵیەکاندا کاردەکەن و بەشێکیتریان پیشە سازن، ئەم بەشە لە کرێکاران ژیان وگوزەرانیان بەندە بەو کارەوە کە لەوەرزەکاندا بەشێوەیەکی کاتی ئەنجام دەدرێ وکرێکاران دەتوانن بۆ ماوەیەکی کاتی لەو وەرزانەدا کار بکەن و کاریان دەست بکەوێت. بەتایبەتی لەو کارانەدا کەشارەزاییان تێدا هەیە و دوای کۆتایی ئەو وەرزە ئیتر ئەبێ تا وەزری ئایندە چاوەڕێ بکات و لەسەر ئەو بڕە پارەیە کەپەیدای کردووە بژی. ئەمە بۆ پیشەسازەکان، بەڵام کرێکارانی تر کە تەنها دەتوانن هاوکار بن بۆ تەواو کردنی هەر کارێک ئەمان هەموکات وەک هێزێکی یەدەگی ئامادە لە مەیدانەکانی شارەکاندا ڕادەوەستن بۆ ئەوەی کەسێک بێتو بیانباتە سەرکار، جا ئیتر گرنگ نییە ئەو کارە هەرچیەک بێت، گرنگ ئەوەیە کارێکی دەست بکەوێت، ئەم بەشە لەکرێکاران لە هەرێمی کوردستان لە یاساو ڕێساکانی تایبەت بە کرێکار هیچ جێگاو ڕێگایەکیان نییە و ئەگەر هەندێ جاریش ناویان بێت بە پیشەساز ئەژماردەکرێن. بۆنمونە وەستای سپلیت، وەستای سەلاجە، وەستای کاشی و….هتد. بەگوێرەی ئەو پیشەیەی کە دەیکات، کریکارش تەنها دەڵێن بچۆرە مەیدان و کرێکارێک یان دوان بهێنە. ئەوانەی پیشەسازن تەنها بەیەک ڕێگا دەتوانن ئەو پیشەیەی کەشارەزان تیایدا بەردەوامیان هەبێت و بتوانن ژیانێکی کولەمەرگی پێ بەڕێبکەن، ئەویش شارەزایی وپسپۆری و لێهاتوییە لەو پیشەیەدا کە هەڵیان بژاردوە. دووەم ناوبانگە و سێهەم مامەڵەی موناسب و وەرگرتنی حەق دەستی موناسب ئەگەر ئەم خاڵانەیان تێدا نەبێت ئەوە سەرکەوتونابن و ئەبێ بەردەوام جێگۆرکێ لەکارو شوێنکارەکەیان بکەن یان وەک باقی کرێکارانی مەیدان بچن چاوەڕوانی کارێک بکەن.
دۆخەکە بۆ کرێکارانی کشتوکاڵی کەوەرزاو وەرز لەگەڵ پێگەیشتنی بەروبومەکاندا کاردەکەن، هەمان شتە، ئەمانیش دەبێ چاوەڕێ بکەن تا بەروبومی کێڵگە کشتوکاڵیەکان، کێڵگەکانی پەلەوەر وماسی، ڕەزوباخداری وشتی لەم جۆرە پێدەگات و ئامادەدەبن تا بخرێنە بازارەوە، ئەوجا کاریان دەستدەکەوێت. ئەم کرێکارانەش لەسەر ئەو بڕە لەهەقدەست دەژین کە لەوماوەیەدا دەستیان دەکەوێت.. بەمجۆرەش ئەمە وەزعی بەشێکی بەرچاو لەکرێکارانی کوردستانە کە لە کۆتایی تەمەنیاندا دەبێ ببنە بار بەسەر کەسوکار و تەنانەت کۆمەڵگەشەوە. بەڵام تۆ بیهێنە بەرچاوت ئەگەر ئەم بەشە لەکرێکار ڕێکخراوبێت لانیکەم دەتوانێت فشار بۆ حوکمەت بهێنێت لەحاڵەتی بێکاریدا بیمەی بێکارییان پێبدات و کاتێکیش دەچنە سەرکار برێک لەحەقدەستەکەیان وەرگیرێت و بچێتە ناو سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و ئیتر ئەم بەشەش لەکرێکاران یاساو ڕێساکان بیانگرێتەوەو چیتر بێ ماف نەبن لەدابینکردنی لانیکەمی ژیان هەروەک ئەوەی لە زۆربەی وڵاتانی دنیا هەیە. بەڵام ئەمە کاری کرێکاران خۆیانە، دەوڵەت و حکومەت و دامودەزگاکانی دەوڵەت ناچنە ژێر باری تەنانەت ئەو دەستورو یاساو ڕێسایەش کەخۆیان بەفەرمی دانیان پێداناوە ئەگەر کرێکاران خۆیان داوانەکەن و زۆر نەهێنن بۆ دەسەڵات. ئەمە تایبەتمەندی دەسەڵات و حکومەتی سەرمایەدارانە و تا دەسەڵات بەدەست ئەم چینەوە بێت کرێکارانیش پێویستە خەبات بکەن بۆ دابینکردنی لانیکەمی ژیانیان.