پرسی ڕێکخستنی کرێکاران و هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەستە کرێکارییەکان!
| وەستا مهدی :
یەکێك لەئامانجە بنەڕەتیەکانی ئێمە، هەڵسوراوانی کرێکاری لەکوردستان، ڕێکخستنی چینی کرێکاری کوردستانە. ئێمە پێمانوایە یەکەمین هەنگاو کە دەبێ کرێکاران دەستی پێبکەن، ڕێکخراوبوونەو دەتوانم بڵێم ڕێکخراوبوون بەردی بناغەی ئاڵوگۆڕی دۆخی ئێستای چینی کرێکارە .
هەوڵەکانی تائێستامان لەماوەی سێ دەیە لەخەباتی بێوچانمان لەناو کریکاران بۆ رێکخستنی کرێکاران و بەرێخستنی بزوتنەوەیەکی کرێکاری خەباتکار بۆ دانانی جێگەو ڕێگەی کاریگەری چینی کرێکار لەئاستی ئابوری و کۆمەڵاتی و سیاسیدا، سەرئەنجام گەیشتووە بە جێگایەك کە پێویستە هەڵوێستەیەکی لەسەر بکەین و لە چەند لایەنەوە قسەی لەسەربکەین، لەکۆتاییشدا ڕێگە چارەو پێشنیارەکانمان بخەینە بەردەستی کرێکاران و چاوەڕوانی ئەنجامەکان بکەین .
کرێکارانی کوردستان وەك بەشێکی دانەبڕاو لەچینی کرێکار لەئاستی دنیاو ناوچەکەدا، دەرگیری دەیان کێشەو ڕێگریین لەبەردەم بەرەو پێشچوونی بزوتنەوەکەمان بە ئاراستەی یەك بزوتنەوەی کرێکاریی خەباتکار بۆ ئاڵوگۆڕی کارو ژیان و گوزەرانمان .
سەرەکیترین ئەو کێشەو ڕێگرییانەی چینی کرێکار کە ڕیشەیەکی قوڵیان هەیەو ڕاستەوخۆ پەیوەندیان هەیە بەسیستمی سیاسی و ئابوری عێراقەوە، بەتایبەتی لەماوەی ئەم سێ دەیەیەی دواییدا، واتە لە نەوەدەکانی سەدەی بیست هەتا بیستەکانی سەدەی ٢١، عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە ئالودەی جۆرێك لە سەرگەردانی سیاسی بووە کە هاوکات لەسایەی ئەم سەرگەردانیە سیاسیەدا هێزی کاریش بە ئەندازەیەك بێڕەواج بووە کە رێگەی کردوەتەوە بۆ سەرمایەداران یاساکانی خۆیان بسەپێنن بەسەر کرێکارانداو تا ئەوپەری بێمافی بکەنە سونەت و بەجۆرێك کرێکاران سەرکوت بکەن کە تەنانەت نەک هەر توانای بەرگری و بەرێکخستنی بزوتنەوەیەکی خەباتکارانەمان نەبێت، بەڵکو ملکەچی ئەوجۆرە لە کارمان بکەن کە خۆیان دەیانەوێت .
حکومەت بەتەواوەتی پشتگیری خۆی بۆ سەرمایەداران ڕاگەیاندووە. تەنانەت ئامادەنییە وەك ناوبژیوانێکیش لپرسراوێتی لەخۆی نیشانداو لانیکەم ئەو مافانەی کە لە یاساو ڕێساکانی تایبەت بە کریکارو مافەکانیەتی وەك خۆی جێبەجێ بکات. دەوڵەتی عێراق و حکومەتەکانی چەندین رێکەوتننامەو بڕیارنامەی نێودەوڵەتیان واژۆکردووە بەپێی دەستورو یاساو ڕێساکانی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، ئەبێ پابەندی خۆیان بسەلمێنن، بەڵام هێشتا لەسەر پرسی ڕێکخراوبوون و بەفەرمی ناسینی ڕێکخراوە کرێکارییەکان خۆیان ساغ نەکردوەتەو هێشتا ئازادی ڕێکخراوبوون بۆ کرێکاران لەسەر ئەرزی واقع نەسەلمێنراوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە دوای ٧١ساڵ ئینجا عێراق لەساڵی ٢٠١٩ڕێکەتننامەی تایبەت بەئازادی ڕێکخراوبوونی واژۆکردوەو گوایە ئیتر کرێکاران بەئازادانە دەتوانن ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان ڕابگەیەنن، بەڵام کاتێك سەیری یاسایکار دەکەیت، ڕێکخراوبوونی کرێکاران تەنگەبەر دەکاتەوە بە (الاکثر تمثیلا) واتە ئەو ڕێکخراوەی کە نوێنەرایەتی زۆرترین ئەندام دەکەن لای حکومەت بەفەرمی دەناسرێ و باقیەکەی تری نافەرمین.
ئەوەی کە لەعێراق و لەکوردستانیش بۆچارەسەری کێشەکانی کرێکاران کاری پێکراوە لەچەندین ساڵەوە لەرێگای دادگاکانی کارەوە بووەو دادگا تەنها دوو جۆر لەنوێنەراتی بۆ کرێکار بەفەرمی ناسیوە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان لەگەڵ خاوەنکاردا، یان سەندیکاکان یان پارێزەر کە هەردوو ئەم نوێنەرایەتیەش بۆ کرێکاران هێشتا نەجێگای متمانەیەو نە لەڕووی کرداریشەوە بۆ کرێکاران فەراهەم دەبێت. چونکە نە سەندیکاکان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی کرێکاران دەکەن و نە کرێکار دەتوانێ خەرجی پارێزەر دابین بکات بۆ بەرگری لە مافەکانی!
ڕێگرییەکی تر کە کرێکاران لەڕێکخراووبون دوور ئەخاتەوە، ترسی لەدەستدانی ئیشەکەیەتی کە ترسێکی زۆر واقیعیە و چەندین کرێکار تەنها لەبەرئەوەی داوای مووچەکەیان کردووە کە لەکاتی خۆیدا بدرێت، لەسەر کارەکانیان دەرکراون. هیچ خاوەنکارێك پابەند نییە بە یاساوەو کەمترین لێپرسینەوەش هەیە لەخاوەنکارەکان .
هاوت بێکاری شانسێکی زۆر گەورەی داوە بەخاوەنکارەکان تا زۆر بێدەربەستانە کرێکار بێکار بکەن بێئەوەی پەکی بکەوێ لە کرێکار، دەیان و بگرە سەدان کریکاری بێکار ئامادەن بە هەرزانتر لەو قیمەتەی کە کرێکارانی لەسەرکار کاریان بۆدەکەن، شوێنەکانیان بگرنەوە.
ئەم واقیعە تاڵە هەرچەندە کرێکارانی لەدۆخێکی خراپدا ڕاگرتووە ،بەڵام هێشتا کرێکاران بەشێوەی جۆراوجۆر ڕووبەڕووی دەبنەوەو چەندین هەوڵ ئەگەرچی زۆر سەرەتایی و بچووکیش بن لەلایەن کرێکارانەوە هەیەو خەریکە لەزۆرێك لەناوەندە پیشەسازییەکان دەبێتە نەریت و کرێکاران لەدەوری یەکتر لەگروپە ماسنجەرییەکانیان کۆدەبنەوەو لەسەر گرفت و کێشەکانیان قسەوباسیان هەیەو هەر لەوێشدا بڕیاری پێویست دەدەن دەربارەی چۆنیەتی بەرەوپێشبردن و جێبەجێکردنیان. ئەم جۆرە بزوتنەوەیە هەرچیەك بێت، جێگای ئومیدی ئێمەیەو دەکرێ بکرێتە سەرەتای دەورەیەکی نوێ لەخەباتی هاوچەرخی کرێکاران بۆشکاندنی تەوقێك کە لەچواردەوری چینی کرێکار دراوەو کرێکاران ڕووەو ئایندەیەکی باشتر بەرێت .
تائێرە لە هەلومەرجێکی ئاوادا ئێمە پێشنیاری ئەوەدەکەین کە کرێکاران لەهەنگاوی یەکەمدا ئەم گروپانە بکەنە دەستەکان و بەهەر ئەندازەیەك بۆیان دەکرێ بەفەرمی ئیعلانی بکەن و لەپرۆسەیەکدا کە دەزانن لەتوانادا هەیە دەست بۆ هەنگاونان بەرەو کۆنگرەیەکی سەرتاسەری بەرن، تا لەوێ بریاری کۆتایی لەسەر ئایندەی کار و ژیانی خۆیان بدەن. ئێمە خۆمان لەڕیزی پیشەوەی ئەم بزووتنەوەیەدا دادەنێن و بەوپەڕی تواناوە هاوکارتان دەبین .