Dangikrekar.com
ڕاپۆرت

کرێکارانی پاڵاوگە نەوتیەکانی عێراق، بەهێنانە مەیدانی ڕیزی یەکگرتوانەیان

کرێکارانی پاڵاوگە نەوتیەکانی عێراق، بەهێنانە مەیدانی ڕیزی یەکگرتوانەیان
، مادەی ٤٢ یان لەیاسای بودجەدا خستە چاڵەوە ..
ڕاپۆرت/ مەحمود حەلاق :
لەڕۆژانی ١٢ و١٣ی مانگی حوزەیراندا، هاوکات لەگەڵ پەسەندکردنی مادەو بڕگەکانی یاسای بودجەی حکومەتی عێراق، کرێکارانی پاڵاوگە نەوتیەکانی عێراق، لەدژی مادەی ٤٢ی یاسای بودجە، خۆپیشاندانێکی گەورەیان سازداو داوایان کرد کە مادەی ٤٢ی یاسای بودجە ڕەت بکرێتەوەو پەسەند نەکرێت لەلایەن پەرلەمانەوە…
ئەمەش لەبەرئەوەی لەمادەی ٤٢دا هاتوە ، کەبەرهەمهێنانی هەر بەرمێلێک نەوت لەپاڵاوگا نەوتیەکاندا، لە ١١ هەزار دینارەوە بەرز بکرێتەوە بۆ ٢٢ هەزار دینار. خودی ئەمەش بەمانای سەپاندنی زەرەرو زیانێکە بەپاڵاوگەکان و بەدەرماڵەی هەموو ئەو کرێکارو کارمەندانەی کەلەکەرتی نەوت و گازادا کاردەکەن .. سەپاندنی هەژارییەکی زیاترە بەسەر هاوڵاتیاندا .. لەبەرامبەر ئەم داوایەی کرێکاران و هێزو ئیرادەی خۆپیشاندانەکەیاندا ، حکومەتی سودانی کەوتە هەڕەشەو تۆڵە سەندنەوەو دەستی کرد بە لیستکردنی ناوی هەڵسواڕاوانی کریکاریی ، هەتا لێرەشەوە بتوانێت پەلکێشیان بکات بۆبەردەم لیژنەکانی لێپرسینەوە وسەپاندنی سزا بەسەریانداو بەم هۆیەوە بتوانێت مانگرتن وخۆپێشاندانی کرێکاران سەرکوت بکات …
بەڵام بەهۆی ڕاوەستاوی ڕیزی یەکگرتووی کرێکاران و پێداگری و سوربوونیان لەسەرداوی لابردنی مادەی٤٢ی یاساکە، بەم هۆیەوە نوێنەرانی پەرلەمانیان ناچارکرد کەدەنگ بدەن لەدژی مادەکەو بەم جۆرەش ئەو مادەیە لەپڕۆژە یاسای بودجەدا لابرا …
بێگومان ئەم خۆپێشاندانەی کرێکارانی پاڵاوگە نەوتیەکان لەفەزای سیاسی ئێستای عێراقدا هەنگاوێکی مەزن و ڕوو لەپێشە لەڕاستای خەباتی کرێکاراندا بۆبەدەست هێنانی باش بژێوییەکی باشتر لەئێستای هاوڵاتیاندا .
هەروەک لەبەیان نامەکەی نەقابەی گشتی کرێکارانی نەوتدا هاتووە “کەکرێکاران بەم دەستکەوتەیان خۆشحاڵن وسەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەست هێناوە“.
بێگومان ئەم مانگرتن و خۆپیشاندانەی کرێکاران کەچەندین ڕۆژی خایاند ، توانی پەرلەمانتاران ناچار بکات دان بەخواستی کرێکاراندا بنێن… هەرئەمەش زەربەیەکی کاریگەر بوو لە سیاسەتەکانی حکومەتەکەی سودانی و ڕێکخراوە جیهانیەکان لەچەشنی سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی و بانکی جیهانی، کەبە هاوئاهەنگ و بەیارمەتی لەگەڵ ئەحزاب و هێزە ئیسلامی و قەومیەکاندا لەهەوڵی ئەوەدان کە سیاسەتی نیئۆلیبرالیزم بسەپێنن بەسەر خەلكی کەمدەرامەتی عێراقداو دێژەی پێ بدەن. ئەمەش لەڕێگای بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنیەکان و دابەزاندنی بەهای دینارو دەرکێشانی دەوڵەتی عێراق لەهەر لێپرسراوێتیەک لەبەرامبەر ژیان و گوزەرانی خەڵکدا، ئەمەش لەڕێگای بەتایبەتی کردنی خزمەتگوزارییەکان و کارگەکان ولەڕێگای دانەمەزراندنی هەموو ئەوانەی کەبێکاران، بەشێوەی گرێبەستی کاتی، ئەمەش بەواتای داسەپاندنی سیاسەتی بەهەژارکردنە لەپێناوی هەرچی زیاترکردنی قازانجی کۆمپانیاو سەرمایەدارە ناوخۆیی و جیهانیەکاندا کە ڕاستەوخۆ گرێدراون بەو حزبانەوە کەلەدەسەڵات وحکومەتدا بەشدارن…
وەستاندنەوەی کرێکارانی پاڵاوگە نەوتیەکان لەعێراق لەڕیزی سەربەخۆی خۆیاندا بەتایبەت لەشارەکانی بەصرەو ناصریەدا لەدژی سیاسەتەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کەحکومەتی سودانی و ئەحزابی میلیشیایی پاڵپشتی بوون و دەیان وویست لەپەرلەمان و لەیاسای بودجەدا تێیپەڕێنن لەڕێگای ماددەی ٤٢ وە، نەک هەرلاپەڕەیەکی پرشنگداری هەڵدایەوە لەخەباتی چینی کرێکاری عێراق بۆ دیفاع لەبەرژەوەندییەکانی خۆی، بەڵکو دیفاعێکی گەورەش بوو لەبەرژەوەندییەکانی توێژی زەحمەتکێشان و بێنەوایانی کۆمەڵگادا . تۆمارکردنی سەرکەوتنی ئەم لاپەڕە پرشنگدارەی ئەمڕۆ لەلایەن کرێکارانی پاڵاوگە نەوتیەکانی عێراقەوە ئامانجی گەورەتر بوو لەڕاستای توانین و ئیرادەی هێزنواندن لەدژی سەرتاپای سیاسەتە دژی کرێکارییەکان و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا کەحکومەت هەوڵیدا لەڕێگای دامەزراوە مالی و نێونەتەوەییەکانەوە بەسەر خەڵکی عێراقدا بیسەپێنێت …

Related posts

دەنگی کرێکار ژمارە ٦٥ ببینن

Dangi Krekar

کرێکارانی وەرزی، پێویستیان بەڕێکخراوبوونە!

Dangi Krekar

لەشاری هەولێر کرێکارێک بەتەزووی کارەبا گیانی لەدەستدا

Dangi Krekar

Leave a Comment