”ئەگەر لەمانگێکدا ڕۆژێک ئیستراحەت نەکەم چی لەپارە بکەم“
دۆخی تاقەتپڕوکێنی سیستەمی شەفتکاری لەکارگەکانی کوردستاندا
| پەیامنێری دەنگی کرێکار لەسلێمانی
سیستەمی کارکردن بەشەفتکاری لەکارگەکانی کوردستاندا، لەجیاتی ئەوەی ڕێکخستنێکی یاسایی بێت بۆ پاراستنی وزەی کار، بووەتە ئامرازێکی نوێی بۆرژوازی بۆ مژینی کۆتا تەڕایی هێزی جەستەیی و دەروونی کرێکاران. لەم دیمانە تایبەتەدا، لەگەڵ سێ کرێکاری چەند کارگەیەکی جیاوازی زونی سلێمانی کەبەهۆکاری ترسی دەرکردن و کەشف نەبوون ناومان نەهێناوون، هاوارو ڕەخنەی قووڵی ئەو هێزە زەحمەتکێشە دەگوازینەوە کەلەژێر چەپۆکی دیسپلینی کارگەکاندا دەچەوسێنرێنەوە.
دەنگی کرێکار: سڵاوتان لێبیت و ماندوو نەبن.. ئەتوانن پێمان بڵێن کەچۆن کاردەکەن، ڕۆژانەیە یان بەشێوەی سیستەمی شەفتاتە، ئایا لەو کارگانەی کەئێوە کاری تێدا ئەکەن، چۆن بەڕێوە دەچێت و دابەشبوونی کاژێرەکان بەچ شێوازێکە؟
یەکێک لەکرێکارەکان: ئەتوانم بڵێم سیستەمی شەفتات لەم کارگانەدا، یان بەگشتی لە کوردستاندا، تقریبا وەکو یەک وایە بەهەندێک گۆڕانگاری ڕووکەشییەوە کەشتێکی ئەوتۆ نیە بۆ باسکردن. بۆنمونە لەلای ئێمە سیستەمەکە سێ شەفتی سەرەکییە، بەڵام هەفتانە دەگۆڕێت.. شەفتی یەکەم لەکاژێر ٨ی بەیانییەوە دەست پێدەکات بۆ ٤ی ئێوارە، شەفتی دووەم لە ٤ی ئێوارەوە بۆ ١٢ی شەو، و شەفتی سێیەمیش کە قورسترینیانە لە ١٢ی شەوەوە بۆ ٨ی بەیانییە.
کرێکاری دووەم قسەکەی بەهاوڕێکەی بڕی و ووتی: بەپێی یاسا، پێویستە کرێکار لەهەفتەیەکدا ٤٨ کاژێر کار بکات، بەڵام ئەمە تەنها یاسای سەر کاغەزە! لەواقیعدا لەلای ئێمەو ئەتوانم بڵێم لەکوردستانیشدا کارکردنی ٦ ڕۆژ لەهەفتەیەکدا مستەحیلە، ئێمە فول و بەبێ وەستان ٧ ڕۆژی هەفتەکە کار دەکەین، واتە لەحەفتەیەکدا ٥٦ کاژێر کار دەکەین بەبێ یەک ڕۆژ پشووی گۆڕینەوەی شەفتەکان. هەموومان لەژێر فشاردا جام بووین.
دەنگی کرێکار: یاسای کار باس لەمۆڵەتی ساڵانەو پشوو دەکات، ئەمە لەلای ئێوە چۆن جێبەجێ دەکرێت؟
کرێکاری سێیەم:با یەک حەقیقەتی تاڵت پێ بڵێم! بەپێی یاسای کار، کرێکار ساڵانە ٢٠ ڕۆژ مۆڵەتی ئاسایی هەیە، ئەمەش لەئێوەوە فێربووین کەیاسا وا دەڵێت!ئەگەر ئەم بیست ڕۆژە دابەشی سەر مانگەکانی ساڵ بکەیت، تقریبا دەکاتە ڕۆژ و نیوێک بۆ هەر مانگێک. بەڵام چ کرێکارێک هەیە ئەم مافە هەرە سەرەتایەی دەستەبەر کردبیت؟ من تێناگەم، ئەرێ لایەنی پەیوەندیدارو نەقابەی کرێکاران، ئەرێ حکومەت و ئەوان لەکوێن و بۆچی یاسا جێبەجێ ناکەن؟ کرێکار بەکۆیلە دەزانن.. ئاخر مەعقولە یاسایکار هەبێت ئەویش تەنها لەسەر کاغەز؟ ئەی کامەیە ئەو بانگەشەیەی کەدەڵێن کرێکار بڕبڕەپشتی کۆمەڵگایە؟ ئەم قسەیە لەهەموو درۆکان گەورەترە، چونکە بەڕاستی بڕبرەی پشت و ژیانی ئێمەی کرێکاران تێک شکێنراوە.
کرێکارێکی تریان ووتی: مووچەکان جیاوازییان هەیەو دابینکردنی مافەکان یەکسان نییە. تەنانەت پشووی ڕۆژە تایبەتەتەکانمان لێحەرام دەکەن، بۆ نمونە لەم جەژنی قوربانەدا کەچوار ڕۆژ پشووی ڕەسمییە، چەند ساڵێکە ڕۆژێکی لێدەکەنەوەو ناچارمان دەکەن دەوام بکەین. جاری وایە ٣ بۆ ٤ مانگ بەبێ یەک ڕۆژ وەستان کار دەکەین. کرێکار پێویستی بەپشووە نەک کاری زیادە. من کاتێک لەمانگێکدا ڕۆژێک هێزی حەوانەوەم نەبێت، چی لەو پارەیە بکەم کە بەنرخی خوێنی خۆم پەیدای دەکەم؟ ئەی ئەگەر نەخۆش کەووتم، کێ مەسئولە بەرامبەر ژیانی خۆم ومنداڵەکانم؟
دەنگی کرێکار:ئێوە خەریک بوو باسی ڕێست و کاتەکانی پشوەکانتان بکەن، ئەی پشوو یان کاتی حەوانەوەتان چۆنە؟
کرێکارێکیان ووتی:(بەپێکەنینێکی تاڵەوە) ئەو حەوانەوەیەی پێمان دەدەن ڕێک بێگارییەو بەدڵمانەوە نانووسێت، چونکە بەهیچ جۆرێک فریا ناکەوین! چونکە سیستەمەکە وایە:٤٠ خولەک کار دەکەیت و ٢٠ خولەک ڕێست وەردەگریت. تۆ دەبێت لەم ٢٠ خولەکەدا بچیتە تەوالێت، ئاو بخۆیتەوە، نوێژ بکەیت، جگەرەیەک بکێشیت و پێش تەواوبوونی کاتەکەش لەسەر ئیش بیت. لە کاتێکدا شوێنی ئەم خزمەتگوزارییانە زۆر لەیەک دوورن، تەنها چوون و هاتنەوە بۆ شوێنی جگەرەکێشانەکە تەواوی ٢٠ خولەکەکە دەکوژێت.
کرێکارێکی تریان دەڵێت: سەبارەت بەنانخواردنیش، تەنها ٣٠ خولەکمان هەیە، ئەویش لەسەر حسابی کاتی کرێکارەکە خۆیەتی، چونکە دوای نانخواردنەکە دەبێت یەک کاژێری تەواو بێ وەستان کار بکەیت. ئەگەر بەئیسراحەت بڕۆیت، تەنها ڕێگای چوون بۆ چێشتخانەکە ١٠ خولەک دەبات، لەوێش دەبێت ٥ بۆ ١٥ خولەک لەسەرەدا بوەستیت تا نانەکەت بەردەکەوێت، ئیتر خۆت بڕیار بدە، بەم چەند خولەکە کەمە چۆن مرۆڤ فریا دەکەوێت نان بخوات و نوێژ بکات و بحەسێتەوە؟
دەنگی کرێکار: ئەی ئەگەر کرێکارێک لەبەر هۆکاری کتوپڕ یان نەخۆشی نەتوانێت بێتەوە، کاردانەوەی ئیدارە چی دەبێت؟
کرێکارێکی تریان وەڵامی دایەوەو ووتی:لێرە هیچ بەزەییەک نییە. ئەگەر نەخۆش بیت و نەیەیتەوە، پارەی ئەو ڕۆژانەت لێدەبڕن، و جاری واش هەیە سزای توندترو ئینزار (ئاگادارکردنەوەی فەرمی) دەخرێتە سەر دۆسیەکەت. کاتمان بۆ ژیانکردن نەماوە، ئەگەر کارێکی فەرمی یان ئیشوکارێکی پێویستمان لەفەرمانگەیەکدا هەبێت، بۆمان ناکرێت چونکە ڕێگامان پێنادەن.
دەنگی کرێکار: بارودۆخی دەروونی و ترسی کرێکاران لەناو کارگەکانتاندا لەچ ئاستێکدایە؟
کرێکارێکی تریان ووتی: کارگە هەیە ڕێک وەک سەربازگە بەڕێوە دەچێت، تەنانەت سوپاو سەربازییش وەک ئێرە نییە! لێرە هیچ دڵنیاییەک نییە. ترسی دەرکردن (فصلکردن) وەک سێبەر بەدوای هەموومانەوەیە. هەر ئەوەندەی پێت بزانن کەمێک بزێویت، یان ناڕەزایەتییەک دەربڕیت و قسەیەکی حەق بکەیت، ئیتر قوڕ بەسەرت، دەستبەجێ ناوەکەت دەخرێتە لیستی ڕەش و دەردەکرێیت.
ئەم شایەتحاڵییە بەکۆمەڵە نیشانی دەدات کە چۆن سەرمایەداری بەخۆی وبەکۆمپانیاو کارگەکانیەوە، یاسای کار دەکاتە کەرەستەیەکی دیکۆراتی و واقیعی ناو کارگەکان دەگۆڕێت بۆ دۆزەخ بۆکرێکاران. هەربۆیە حکومەت لێپرسراوی یەکەمە بەرامبەر بەم هەموو فشارو زوڵمەی کەلەکرێکاران دەکرێت، دەبێت هەرچی زووترە بێتە سەرخەت و ئاوڕێکی جددی بداتەوە لەکرێکاران، ئەگەر نا، ئەوە تەنها ڕێکخراووبوونی کرێکاران خۆیانە کەدەتوانێت بەئیرادەی خۆیەوە خەبات بۆ تەمینکردنی مافەکانی کرێکارو سەپاندنی نەک پشووی هەفتانەو کەمکردنەوەی کاژێرەکانی کار، بەڵکو ڕێگری جددیش بکات لەم هەموو زوڵم و چەوساندنەوەیە دەرحەق بەخۆیان ئەکرێت.
