چۆن ماندووبوونی ئێمەی کرێکاران، دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی ئەوان؟
دەنگی کرێکار
کاتێک لەمیدیاکانەوە گوێمان لەدەستەواژەی قەبەی وەک بازاڕی ئازادو سەرمایەداری دەبێت، ڕەنگە وەک فەنتازیای ناو کتێبەکان بێتە پێشچاو. بەڵام بۆ ئێمەی کرێکاران، ئەم چەمکانە پێناسەیەکی زۆر سادەتریان هەیە: سەرمایەداری واتە کەمینەیەک خاوەنی کارگە، کۆمپانیا، مۆڵ و نەخۆشخانەکان بن و زۆرینەی خەڵکیش چاک و خراپ هیچ شتێکیان نەبێت بۆ فرۆشتن تەنها هێزی بازوو، مێشک و تەمەنیان نەبێت بۆ ئەوەی بژین.
لەم سیستەمەدا، حکومەت خۆی لەدیاریکردنی نرخ و پاراستنی بژێوی خەڵک دەدزێتەوە. یاسای یەکەم و کۆتایی ئەم بازاڕە تەنها قازانجو کەڵەکەکردنی سەرمایەیە لەسەر حسابی خوێنی کرێکار. لێرەدا کات، کەرامەت و عارەقی نێوچەوانی کچانی مۆڵەکان و ژنانی نەخۆشخانەکان وەک کاڵای ناو کۆگا سەیر دەکرێن، خاوەنکار چەند کەمتر کڕینیان پێوە بکات، هێندە زیاتریش قازانجی پشکەکانی زیاتر دەبێت.
لەواقیعی کوردستاندا، مۆدێلەکە بووەتە مۆدێلی حیزب-سەرمایەدار، حیزب خۆی بازاڕی مۆنۆپۆڵ کردووەو کۆمپانیا زەبەلاحەکان هی لێپرسراوانن. کاتێکیش باسی کێبڕکێی ئازاد دەکەن، مانای کێبڕکێ نییە بۆ خزمەتی ئێمە، بەڵکو کێبڕکێیەکە لەسەر ئەوەی کام کۆمپانیا دەتوانێت زیاتر تێچووی بەرهەمهێنان کەمبکاتەوەو ژیانی کرێکار لەخواری خوارە ڕابگرێت. ئەم کەمکردنەوەیەش هەمیشە لەسەر حسابی بڕینی مووچە، درێژکردنەوەی کاتژمێری کارو وێرانکردنی ژیانی کرێکارانە.
دەڵێن سەرمایەداری گەشەی ئابووری، باڵەخانەی بەرزو مۆڵی گەورە دروستدەکات. بەڵام پرسیاری کرێکار ئەوەیە: ئەم گەشەیە بۆ گیرفانی کێیە؟ کاتێک قازانجی کۆمپانیاکان ملیۆن دۆلار تێدەپەڕێنێت، بەڵام کچ و ژنی کرێکار لەناو هەمان ئەو تاوەرە بریقەدارانەدا دەبێت ٩ بۆ ١٠ کاتژمێر بەپێوە بوەستن و مانگانەکەیان نەگاتە ٣٠٠ هەزار دینار، ئەمە گەشەی ئابوری نییە، ئەمە تاڵانکردنی تەمەنی ئەوانە. ڕێگە نەدان بەدانیشتنی کچێک لەمۆڵێکدا تەنها بۆ ئەوەی بڵێن تۆ ڕوکاری جوانی مۆڵەکەیت، لوتکەی سوکایەتیکردنە بەمرۆڤ. خاوەنکار بەو حەقدەستە کەمە تەنها هێزی بازووی ئەو ناکڕێت، بەڵکو گەنجێتی و تەندروستیشی لێ زەوتدەکات.
لەم هاوکێشەیەدا، حکومەت تەنها تەماشاکەر نییە، بەڵکو پاسەوانی بەرژەوەندی ئەو کەمینە چاوچنۆکەیە. بێدەنگی بەقەستی دەسەڵات لەئاستی پێنەدانی مووچەی ژنانی پاککەرەوەی نەخۆشخانەکان و چەوساندنەوەی کچانی مارکێتەکان، دەسەلمێنێت کەیاسا لێرەدا تەنها بۆ ڕاوکردنی فەقیرەکانە، نەک لێپرسینەوە لەدەوڵەمەندەکان. ئەوان دەیانەوێت ئێمە وابیربکەینەوە کە ئەمە قەدەری ئێمەیە! بەڵام هەژاری ئێمە قەدەر نییە، بەڵکو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی دەوڵەمەندبوونی ئەوانە لەسەر حسابی هێزیکاری بەتاڵانبراوی ئێمە. ناسینی ئەم ڕاستییە تاڵە، یەکەمین چەک و یەکەمین قەڵغانی ئێمەی کرێکارانە.
ئەمڕۆ لەنێوان بەرداشی بێکاری و گرانی بازاڕدا، کچان و کوڕانی ئێمە ناچارن سەر بۆ هەر مەرجێکی قورسی خاوەنکار بچەمێننەوە، بەڵکو تەنها کارێکیان دەستبکەوێت. بەڵام کاتێک زەحمەتکێشان درک بەوە بکەن کەچەرخی هەموو ئەو کۆمپانیاو قازانجە ملیۆن دۆلارییانە تەنها بەعارەقی نێوچەوان و هێزی بازووی ئەوان دەچەرخێت، ئەو کاتەش تێدەگەن کەهێزی ڕاستەقینەی گۆڕانکاری لای خۆیانە.
کاتی ئەوە هاتووە بێدەنگیی فەرزکراو بشکێنین و پێکەوە فێری هاوسۆزی و ڕێکخستنی چینایەتی بین. مادام گرفت و خواستەکانمان یەکە، دەبێت لەپاڵ یەکتریشدا کۆببینەوە تا لەداهاتوودا بتوانین بەدەنگێکی بەرز بەڕوویانبا بڵێین: ئێمە چیتر تەمەن و ژیانمان ناکەینە کاڵای سەر مێزی قازانجی کەمینەیەکی چاوچنۆک. ئێمە ئینسانین و نان، ژیان و کەرامەتی ئێمە هێڵی سوورە.
