Dangikrekar.com
وتار

ناچار کردنی کرێکار بەکردنی کۆمپیالە: پێشێلکارییەکی یاسایی لەژێر پەردەی گرێبەسیکاردا پشکنەری کار

ناچار کردنی کرێکار بەکردنی کۆمپیالە: پێشێلکارییەکی یاسایی لەژێر پەردەی گرێبەسیکاردا پشکنەری کار

پشکنەری کار: هۆشمەند عوسمان رسول

یاسایکاری ژمارە ژمارە ٧١ ساڵی ١٩٧٨ بەشێوەیەکی گشتی، بۆڕێکخستنی پەیوەندی نێوان کرێکارو خاوەنکارو پاراستنی مافەکانیان داڕێژراوون.. بەڵام لەواقیعی ئەمڕۆدا، هەندێک لەخاوەنکاران ڕێگای نادروست و نایاسایی دەگرنەبەر بۆ کۆتوبەندکردنی کرێکاران کەدیارترینیان ناچارکردنی کرێکارە بەواژۆکردنی کۆمپیالە لەفەرمانگەکانی دادنوس وەک مەرجێک بۆوەرگرتنی کارەکە یان بەردەوام بوون تێیدا.. ئەم ڕەفتارە نەک هەر پێشێلکارییەکی ڕوونی بنەماکانی مافی مرۆڤە، بەڵکو لەڕوانگەی یاسایکارەوە بەتەواوی پووچەڵ و قەدەغەیە.

لەڕوانگەی یاسایکارەوە تیشک دەخەینە سەر سێ لایەنی سەرەکی ئەم بابەتە:

١/ کۆتوبەندی کرێکارو داماڵینی ئیرادەی ئازاد

یاسایکار لەمادەی (٢)دا جەخت لەسەر بنەمای ”مافی کارکردن” دەکاتەوە بۆ هەر هاووڵاتییەک کەتوانای هەبێت، بەمەرجێک لەژێرسایەی یەکسانی و دەرفەتی گونجاودا بێت بەبێ هیچ جیاکارییەک. کاتێک خاوەنکارێک کرێکار ناچار دەکات کۆمپیالەیەک بەبڕە پارەیەکی زۆر واژۆبکات، لەڕاستیدا ئیرادەی ئازادی کرێکارەکە کۆتوبەند دەکات. کرێکار لەژینگەیەکی ترس و دڵەڕاوکێی بەردەوامدا دەژی، چونکە دەزانێت هەر سەرپێچییەک یان جێهێشتنی کارەکە ڕووبەڕووی دادگای دەکاتەوە بەتۆمەتی قەرزداری، ئەمەش جۆرێکە لەکاری زۆرە ملێ کەیاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەما گشتییەکانی یاسایکار قەدەغەی دەکەن، چونکە گرێبەستیکار دەبێت لەسەر بنەمای ڕەزامەندی هەردوو دوولاو ئازاد بێت، نەک لەژێر هەڕەشەی دارایی ویاساییدا

٢/ قەرزارکردنی کرێکار بەپێشوەختەو بەبێ بنەما

خاوەنکاران، ئەم کۆمپیالانە وەک ئامرازێکی گوشار بەکاردێنن بەبێئەوەی لەڕاستیدا هیچ بڕە پارەیەکیان بەقەرز دابێتە کرێکارەکە. بەپێی یاسایکاری ساڵی ١٩٨٧ پاراستنی کرێی کرێکار یەکێکە لەگرنگترین پایەکان، بۆنمونە: یاساکە ڕێساو سنوری توندی داناوە بۆ بڕینی پارە لەکرێی کرێکار (تەنانەت ئەگەر کرێکارەکە زیانیش بەئامێرەکان بگەیەنێت، بڕینەکە سنوردارەو بەپێی لێکۆڵینەوەیە). لەمادەی(٥١) لەیاسایکاردا هاتووە کەنابێت دەست بەسەر کرێی کرێکاردا بگیرێت تەنها بەڕێژەیەک زیاتر نەبێت لە ٢٠٪ بەمەبەستی دانەوەی قەرزێک ئەویش بەپێی بڕیاری دادوەر

٣/ پێشێلکردنی مافەکانی کرێکار بۆدامەزراندن و دەست لەکارکێشانەوە

لەمادەی (٢٩)ی یاسایکاری بەرکار لەهەرێم، لەدەستپێکی دەروازەی سێیەم کەتایبەتە بەپەیوەندییەکانی کار، دەقی ماددەکە ئاماژە بەوە دەکات کە(گرێبەستیکار) بریتییە لەڕێککەووتنی نێوان کرێکارو خاوەنکار، تێێدا کرێکار پابەند دەبێت بەئەنجامدانی کارێکی دیاریکراو لەژێر چاودێری و ڕێنمایی خاوەنکاردا، وەخاوەنکاریش پابەند ئەبێت بەدابینکردنی ئەو کرێیەی لەگەڵ کرێکاردا لەسەری ڕێککەوتوون،..

بەپێی دەقی ئەم مادەیە هیچ مەرجێکی هاوشێوەی کۆمپیالە خۆ قەرزارکردنی پێش واژۆکردنی گرێبەست و دامەزراندن بوونی نیە، هەروەها لەبەشەکانی تایبەت بەکۆتاییهاتنی گرێبەستیکار، مافی بەهەردوولا( خاوەنکارو کرێکار) داوە کەبەپێی مەرجە یاساییەکان و بەئاگادار کردنەوەی پێشوەختە، گرێبەستەکە کۆتایی پێبهێنن. لەماددەی(٣٦) بڕگەی سێیەم ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر کرێکار ویستی کۆتایی بەگرێبەستێک بهێنیت کەماوەکەی دیاری نەکرابێت، پێوویستە ٣٠ ڕۆژ بەر لەکۆتایی هێنانەکە بەنوسراو خاوەنکار ئاگادار بکاتەوە.. لەهەمان بڕگەدا ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر کرێکاربەبێ ئاگادارکردنەوە کارەکەی بەجێهێشت، پێوویستە قەرەبووی خاوەنکار بکاتەوە بەبڕی کرێی ئەو ماوەیەکە ئەمەچارەسەرێکی دادپەروەرانەیە

لەماددەی(٣٧) هەمان یاسادا هاتووە لەدوو حاڵەتدا کرێکار دەتوانێت بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی خاوەنکار کۆتایی بەگرێبەست بهێن، (یەکەم: ئەگەر خاوەنکار پابەند نەبوو بەیەکێک لەو ئەرکانەی لەیاسا یان پەیڕەوی ناوخۆی کار یان گرێبەستی تاک یان کۆمەڵدا هاتووە.. دووەم: ئەگەر خاوەنکار تاوانێک بەرامبەر بەکرێکار یان یەکێک لەئەندامانی خێزانەکەی ئەنجام بدات جا چ لەکاتی کارکردندا بێت یان لەدەرەوەی کار) بەڵام بوونی کۆمپیالە ئەم مافە پەکدەخات، کرێکار ناتوانێت دەست لەکار بکێشێتەوە لەترسی ئەوەی کۆمپیالەکەی لەدژ بەکاربهێنرێت لەڕووی یاساییەوە هەرمەرجێک لەگرێبەستیکاردا یان لەپەراوێزی گرێبەستەکەدا( وەک واژۆکردنی کۆمپیالە) کەپێچەوانەی حوکمەکانی یاسایکار بێت و مافەکانی کرێکار کەمبکاتەوە، بەپێی ماددە گشتییەکانی یاسایکار بەبەتاڵ و پووچەڵ دادەنرێت

بەسوپاسەوە.. پێشئەوەی ئەم بابەتە زیاتر پەرە بسێنێت، بەنوسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی، هەروەها نوسراوی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ڕونکردنەوەکە ئاراستەی وەزیری داد کراو گشتاندنی پێکرا بۆسەرجەم فەرمانگەکانی داد..

بۆئەم بابەتەو هەرپێشێلکارییەکی تر بەرامبەر بەکرێکاران، دەتوانن پەیوەندی بکەن بەهێڵی ٥٥٠٠ سكاڵاکان تۆمار بکەن یان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارو دەستەبەر بکەن لەپارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ بەدواداچوونی کێشەکانیان

Related posts

کۆمپانیای گەردین موچەی کرێکارەکانی کەم دەکاتەوە!

Dangi Krekar

تەقینەوەیەک ڕویدا لەئاکامدا دوو کرێکار گیانی لەدەستدا .

Dangi Krekar

دواستوون /ڕیکخراوبوونی کرێکاریی، تەنها چەکە بۆ گۆڕێنی ئەم هەلومەرجە داسەپاوە، بەسەر کرێکاراندا!

Dangi Krekar

Leave a Comment