سەرووتاری دە نگی کرێکار
ڕاوەستانەوە بەرامبەر بەترس وگرانی وشکانەوەی ئاسەوارە زیانبارەکانی جەنگ لەناوچەکەدا، هاتنەمەیدانی سەراسەری و یەکگرتوانەی کرێکاران وجەماوەری پێویستە!
کرێکارانی کوردستان ئاسەوارو لێکەوتە زیانبارەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل- ئەمرێکا و ئێرانیان بەسەردا داسەپاوە. ئەگەرچی ئەم وەزعە تەنها قەیرانێکی ئابووری نییە، بەڵکو قەیرانی سیاسەت و سیستەمی دابەشکردنی سامانی کۆمەڵگاشە. چینی کرێکار لە کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بارگرانی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان یەخەی پیگرتوە، بەڵام ئێستا لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ترسی شەڕی نێوان ئەمریکا وئێران و هاوپەیمانەکانی هەر دوولادا فشار و ئاسەوارە زیانبارەکانی فەزای جەنگ بەگشتی وگرانی وهەژاری بەتایبەتی زیاتری خستۆتەوە سەرشانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش.
چونکە هەر ئاڵۆزییەکی ناوچەیی یەکەم کاریگەری لەسەر بازاڕ، نرخ، هەناردە و داهاتەکان دادەنێت و ئەوەش ڕاستەوخۆ دەکەوێتەوە سەر ژیانی کرێکاران. نەدانی موچە لەکاتی خۆیدا بە فەرمانبەران و مامۆستایان بووەتە هۆکاری قەرزداری و شکاندنی ئاسایشی خێزان. گەنجان بەگشتی و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بەتایبەتی، کەهەموو ساڵێک چاوەڕوانی دامەزراندن دەکەن، بەهۆی ئەم دۆخەی جەنگەوە زیاتر ڕووبەڕی بێکاری و بێ هیوایی لەدەستکەوتنی کارێکدا دەبنەوە. بازاڕ بەشێوەیەکی بێ کۆنترۆڵ گرانی تێدایە بەرەو سەرچووە کەبەئاستێک موچەی ملیۆنێک دینار ناتوانێت پێداویستی سەرەتایی خێزان دابین بکات.
زۆرێک لە کرێکاران هیچ پاراستنێکی یاساییان نییە؛ نە خانەنشینی، نە بیمە، نە رێکخراوی سەربەخۆی خۆیان.
ئەمە لەلایەك، لە ڕووی سیاسی و ئابووریەوە، کێشەکە تەنها بە شەڕی ناوچەییەوە پەیوەندیدار نییە، بەڵکو بەوەشەوە گرێدراوە کە ئابووری کوردستان زۆر بەستراوەتەوە بە داهاتی نەوت و موچەوە، کاتێک داهاتی نەوت کەم دەبێت یان گرفتی سیاسی لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست دەبێت، یەکسەر کاریگەری لەسەر موچە و ژیانی خەڵک دادەنێت. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە چۆن کرێکاران و جەماوەری بێبەش ڕوبەڕوی ئەم وەزعە ببنەوە؟.
پێش هەرشتێك کرێکاران وخەڵكی زەحمەتکێشی کوردستان ئەبێ چاو لەهێزی چینایەتی خۆیان بکەن و نابێ هیچ چاوەڕوانیەکیان لەدەسەلاتداران و ترەمپ وسەرۆکی دەوەڵەتان هەبێت، چونکە ئەمانە خۆیان سەرچاوەی جەنگ و نەهامەتیەکانی ئێستان. پاشان مەسەلەی گەڵاڵەکردنەوەی خواستەکان وکۆبوونەوە لەدەوریان،
بەتایبەتی ئەو خواستانەی کە سنورێک بۆ شکاندنەوەی ئاسەوارەکانی دۆخی جەنگ دادەنێ وڕێگە نادات بەدەسەلاتداران بەبەهانەی جەنگەوە، دەستدرێژی بکاتە سەر سفرەو قوتی خەڵک. لەوانەش دانی موچە لەکاتی خۆیدا، ڕێگەگرتن لەگرانی کاڵا خۆراکی و ژیارییەکان، داواکاری بیمە کۆمەلایەتیەکان وبەخۆڕایی کردنی خزمەتگوزایەکانی وەک چارەسەری تەندروستی، دەرمان، خوێندن، کارەباو سوتەمەنی گەیاندن وزۆر پێداویستیتر..
لەم ڕاستایەشدا، هەڵسوڕاوانی کرێکاریی و جەماوەری فەرمانبەران و گەنجان وژنان پێویستە کۆڕوکۆمەڵەکانی خۆیان لەدەوری خواست و داوای کۆنکرێت یەکگرتوو کۆبکەنەوە لەهەر گەرەک و ناوەند وبەڕێوەبەرایەتیەکدا جەماوەری لەدەورکۆبکەنەوە، ئەمە دەتوانێ سەرەتای دەربڕینی ناڕەزایەتی وهاتنە مەیدانی بچوک وگەورە، لۆکاڵی و سەراسەری بێت.
بێگومان لە زۆر وڵاتدا گۆڕانکارییە گەورەکان بەفشار و ڕێکخستنی جەماوەری لەڕێگای سەندیکا وڕێکخراوە کرێکاریەکانەوە بەدی هاتوە، بەڵام هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئەم کارە هەر لەوخاڵەوە دەستپێدەکات کە لەپێشەوە ئاماژەمان پێکرد. بەم جۆرە بۆ ئەمڕۆی کرێکارانی کوردستانیش هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ ڕووبەڕو بوونەوەی ئاسەوارە زیانبارەکانی ئەم جەنگە تەنها ئەوە نەبێت کەچاو لەهێزی یەکگرتووی چینایەتی خۆمان بکەین و هاوشان لەگەڵ گشت هێزە کرێکاریی و ئازادی خوازەکانی دنیادا دەنگی ناڕەزاتیمان یەك بخەین و بەرەی کرێکارانی ناڕازی لەدژی جەنگ و کاریگەریەکانی بۆ سەر ژیانمان، بەهێزبکەین.
