گرفتی بژێوی وناچارکردنی کرێکاران بە دوو کار
| دەنگی کرێکار:
لەدۆخی سەختی ئێستای بژیویدا، دیاردەی ناچار بونی کرێکاران کەلەڕۆێکدا زیاتر لەکارێک ئەنجامبدەن بۆتە گرفتێکی بەردەم کرێکاران. بەتایبەتی لەکاتێکدا کە یاسا ڕێگرەو هەر کرێکارێک زیاتر لەموچەیەک وەربگرێ لەسەرکارەکەی دەری دەکەنو ناچاری دەکەن کە واژۆی ئیستقالەبکات. بەنمونە: کرێکارێک لەیەکێک لەکارگەکانی ناوچەی سلێمانیدا چەندین ساڵە کاردەکات. لەهەمانکاتیشدا لەیەکیک لەپەیمانگایەکی تەکنیکی سلێمانیدا وەک کارمەند دامەزراوە. ئەم کرێکارە یەکێک بووە لەخوێندکارە یەکەمەکان(اوائل) و ماوەی هەفتەیەکە خاوەن کۆمپانیاکە بیانووی ئەوە دەگرێت بەکرێکارەکە کە مادام هەم دەوامی کارگە ئەکات وهەم دەوامی حکومی، ئەوا دەبێت کارەکەی لەلای ئەوان لەکۆمپانیا ڕابگیرێت، چونکە دوو دەوام و دوو مووچە نایاساییە! کرێکارەکەش کەخەمی قورسی لەدەستدانی کارەکەیەتی دەڵێت کارکردنی ئەو لەدوو جێگای جیاوازدا بەهۆی پێنەدانی مووچەوەیە کەحکومەت لەگەڵ ناوەندا، هەموو مانگێک ڕووبەڕوی کارمەندانو موچەخۆرانی دەکەنەوە.
بێگومان مەسەلەی دوو کارکردنی کرێکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی سەختی بژێوی خێزانە کرێکاریەکان و بەناچاری دەیەوێت کار بکات لەپێناوی ژیاندا.. ئەو دەڵێت: “ئەگەر موچە لەکاتی خۆیدا بدرێت، ئەوا من کێشەم نامێنیت ودەتوانم دەستبەرداری کارەکەی ترم ببم و ئیستراحەت بکەم لەگەڵ منداڵ و هاوسەرەکەم”، هەروەها دەڵێت:”من هەردوو ئیشەکەی خۆمم خۆشئەوێت، سەرەڕای هیلاکبوونم، بەڵام چونکە سەرچاوەی بژێوی خۆم ومنداڵەکانمەو سەرچاوەی داهات و ژیانی خۆم و خێزانەکەمە، بۆیە لەم کاتەدا زۆر پێووسیتیم بەکارەکەیە چونکە لانیکەمەکەی مانگانە مووچەکەم وەردەگرم وکێشەی ماددیم بۆ نایەتە پێشەوە لەچاوەڕوانی هاتو نەهاتی مووچەی حکومەتدا”.
جێگای ئاماژەیە لەسەرەتای دامەزراندنی کرێکارەکەوە لەکۆمپانیا، مانگانە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆکراوە. بەلام ڕۆژی ٧/١١/٢٠٢٥ ئاگادارکراوەەتەوە لەوەی کەئیتر تۆ ناتوانێت لەو کارگەیەداکاربکات و پێـیانڕاگەیاندووە کەئیشەکەت ڕائەگیرێت.. کرێکارەکەش نەچووەتە ژێرباری واژۆکردنی ئیستیقالەو بەردەوامە لەکارکردن هەتا ئێستا، بەڵام نازانرێت هەتا کەی دەتوانێت لەکارگە بمێـنیتەوە.
دوا بەدوای قسەکردن لەگەڵ کرێکارەکەدا، دەنگی کرێکار پەیوەندیکرد بەیەکێک لەپارێزەرەکانیەوەوئەویش لەوەڵامدا ووتی: بەپـێی یاسایکاری عـێراقی هیچ ڕێگرییەکمان نیە بۆ کەسێک ئەگەر بیەوێت لەدەرەوەی کاری فەرمی حکومیەوە کارێکی تریش بکات.. بۆیە ئەوەی لەکەیسی ئەم کرێکارەدا هاتووە ئەوەیە کەهیچ بەهانەیەک نیە ئەو کرێکارە دەرکرێت و لەکارەکەی دوور بخرێتەوە.. بەڵام ئەوەندەی کە دەگەڕێتەوە سەر بابەتی دەستەبەرییەکەی، فعلا ئەوە ڕاستە کەمادام حکومەت دەستەبەری بۆ کردووە، ئەوا لەم کاتەدا دوو دەستەبەری ناخوات بەپێی یاساو کۆمپانیاش بۆیە داوای بەڵگەنامە فەرمیەکانی دەکاتەوە لەکرێکارەکە هەتا بتوانێت ئەو بابەتە بەیاسا یەکلایی بکاتەوە.. کرێکارەکە دەتوانیت کاری خۆی بکات بەبێ دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەکارگەکەدا..
لێـرەشەوە داوا لەدەنگی کرێکار ئەکەم بەکرێکارەکە ڕابگەیەنن کە هەرگیز واژۆی ئیستقالە نەکات ئەگەر فشاریان کردەسەری و ئەگەر بەنیاز نیە لەوکارگەیە بڕوات و واز لەکاربهێـنێت، چونکە سەرلەبەری مافەکانی دەفەوتێت.. هەرکاتێکیس دەرکرا لەکار ئەو کاتەش دەتوانرێت بەپێی یاسایکار سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین بۆگەڕاندنەوەی بۆسەر کارو دەستەبەرکردنی مافە یاساییەکانی..
