Dangikrekar.com
بابەتی تایبەت

 مانگرتنی سێ ڕۆژەی کرێکارانی نەخۆشخانەکانی گەرمیان، بەوەرگرتنی موچەی دوو مانگ، سەرکەوتنی بەدەست هێنا 

 مانگرتنی سێ ڕۆژەی کرێکارانی نەخۆشخانەکانی گەرمیان، بەوەرگرتنی موچەی دوو مانگ، سەرکەوتنی بەدەست هێنا 

دەنگی کرێکار

لەبەرامبەر پێنەدانی موچەی زیاتر لە پێنج مانگ، کرێکاران و کارگوزاری نەخۆشخانەکانی گەرمیان کە ژمارەیان نزیکەی ١٣٠کرێکاردەبێت، ڕۆژی ١٦ی ئایار، یەکگرتوانە دەستیان لەکار هەڵگرت و مانگرتنیان ڕاگەیاند. سەرەتای کێشەی ئەم کرێکارانە لەوێوە دەستی پێکرد کاتێک کە ئەو کۆمپانیایەی کاری پاککردنەوەی نەخۆشخانەکانی لە ئەستۆ بوو، گرێبەستەکەی نوێ نەکردەوە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە وەزارەتی تەندروستی پارەیەکی زۆر کەمی بۆ تەندەرەکە داناوە و هیچ کۆمپانیایەک ئامادە نییە بەو نرخە وەریبگرێت. بەم حاڵەشەوە کرێکاران لەسەر سەرگیرفانی خۆیان بۆ ماوەی ٤مانگ و١٧ ڕۆژ لەسەر کارەکانیان بەردەوام بون بەبێ ئەوەی هیچ کەسو لایەنێک ئاوڕیان لێبداتەوەو موچەو شایستەداراییەکانی خۆیانیان پێبدرێت. لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا کرێکاران چەندین جار هانایان بۆ بەرپرسان و بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەکان و کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستی و خاوەن کۆمپانیاکان برد تا چارەسەرێکیان بۆ بدۆزنەوە، بەلام ئەنجامی هەمولایەک تەنهاو تەنها لەچاوەڕوانی راگرتنی کرێکاراندا مایەوە، بۆیە ئەوانیش ناچاربوون دەست بۆ مانگرتنی یەکگرتوانەی خۆیان بەرن. یەکێک لەکرێکارە مانگرتوەکان بەدەنگی کرێکاری ڕاگەیاند:”وەنەبێت مووچەکانمان ملیارێک بێت! بەحاڵەحاڵیش ناگاتە ٣٠٠ هەزار دینار. سەرەڕای ئەوەی وا بۆ پێنج مانگ دەڕوات ئەو حەقدەستە کەمەشمان پێنەدراوە، مانگانەش دەبێت لەسەر گیرفانی خۆمان کرێی هاتوچۆ بدەین بۆ ئەوەی لەو دێهات و کۆمەڵگایانەوە بێینە سەرکارو خەستەخانەکان پۆشتە و خاوێن ڕابگرین. ئەوەی پشتمان دەشکێنێت ئەوەیە کەزۆربەی هەرەزۆری ئەم کرێکارانە کەسوکارو نەوەی ئەنفالکراوەکانن! لەبری ئەوەی حکومەت قەرەبووی برینەکانیان بکاتەوە، کەچی هێندەی تر ژیانمان دەهاڕێت”. کرێکارێکی دیکە لەسەر هەمان دۆخ ووتی:” هەموو شتێک لەبازاڕدا گرانبووە. زۆربەمان لێرە کرێچین، قەرزارین و بووین بەژێر قەرزی زۆرەوە. ئێستا بەئاستەم دەتوانین کیلۆیەک گۆشت بکڕین بۆ منداڵەکانمان. پارەمان قەرزکردوو بۆ کرێی هاتوچۆ..”.

ئەم مانگرتنەی کرێکاران بەهۆی یەکپارچەیی وسەراسەری بونەوەی لەهەموو نەخۆشخانەکانی گەرمیاندا، فشارێکی گەرەی لەسەر دەسەلاتداران داناو لەپاش سێ ڕۆژ مانگرتن وەزارەتی تەندروستی ناچاربوو بەسەرفکردنی دەستبەجێی موچەی دومانگی کرێکاران و دانی بەڵێنی سەرفکردنی دومانگەکەی تر لە داهاتوودا وبەم هۆیەشەوە کرێکاران سەرکەوتوانە مانگرتنەکەیان کۆتایی پێهێنا.

بێگومان مانگرتنی سێ ڕۆژەی کرێکاران و کارگوزاری نەخۆشخانەکانی گەرمیان وانەیەکی زیندووی بۆ سەرجەم کرێکارانی کوردستان جێهێشتوە، ئەمەش بەوەی کاتێک کرێکاران بەیەکگرتوویی و ئیرادەوە بڕیار دەدەن، دەتوانن نەک هەر خواستەکانی خۆیان بەدەستبهێنن، بەڵكو سنورێک بۆ دەستدرێژی کۆمپانیاکان و ئەو بێباکیەی کاربەدەستان دابنێن بەرامبەر بەمافەکانیان. ئەم ١٢٨ کرێکارە بەڕاگرتنی کارەکانیان، هێزی ڕاستەقینەی خۆیان پیشاندا، کاتێک خاشاک و پیسی خەستەخانەکان بەسەر یەکدا کۆبووەوەو ژینگەی ناوەندە تەندروستییەکانی هەموو گەرمیانی شێواندو حکومەت و کۆمپانیایان ناچارکرد مل بەداواکەیان بدات. ئەوان تێگەیشتن کەخەستەخانەکان بەبێ بەڕێوەبەرو وەزیر بەڕێوە دەچن، بەڵام بەبێ بازووی ماندووی کرێکارانی پاککەرەوە، یەک ڕۆژیش خۆ ڕاناگرن. لەیەک وتەدا ئەم مانگرتنەی کرێکاران ئەو ڕاستیەی سەلماندەوە کە باشکردنی دۆخی ژیان و کاری کرێکارانی کوردستان تەنها لەڕێگای هاتنەمەیدانی یەکگرتووانەو یەکخستنی ڕیزەکانی کرێکارن خۆیانەوە بەدەستدێت.

 

Related posts

worker sVoice 7

Dangi Krekar

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بەڵێنی بەهەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، حەواڵەی بڕیاری حکومەتی فیدراڵ دەکات!

Dangi Krekar

لە خورماتوو کرێکارێکی گەنج گیانی لەدەستدا

Dangi Krekar

Leave a Comment