گرێبەستیکار بۆ کاتی متمانەو خۆشی نییە، بۆ ڕۆژی بێمتمانەیییە!
مەحمود حەلاق
لەڕاڕەوی دادگاکاندا، ڕۆژانە دەیان و سەدان کەیس دەبینرێن کەتێیدا کرێکاران و فەرمانبەران بەهۆی نەزانین یان لەژێر فشاری بژێوییەوە، کەوتوونەتە داوی گرێبەستی فێڵاوییەوەو تەواوی ژیان و ماندووبوونی چەند ساڵەیان فەوتاوە. گرێبەست کەبڕیارە قەڵغانی پاراستنی مافەکان بێت، لەلایەن بەشێک لەخاوەنکارەکانەوە دەکرێتە چەکێک دژی خودی کرێکارەکە.
بۆ ئەوەی هیچ کەس نەبێتە قوربانی و ڕێگا نەدرێت ڕەنجی مرۆڤەکان بکرێتە تەڵە، پێویستە ئەم ٤ نیشانە ترسناکەی فێڵکردن لەگرێبەستدا بناسرێن و لەکاتی بوونیاندا، پرۆسەی واژۆکردنەکە ڕابگیرێت:
ئەو چوار نیشانەیە پێت دەڵێت گرێبەستەکە تەڵەیە:
خاڵی یەکەم:گرێبەستەکە تەنها یەک پەڕەیەو بەبێ وردەکارییەو تەنها دەنووسرێت: ناو، بڕی پارە/مووچە، واژۆ..و ئیتر تەواو… فێڵەکەی چییە؟ خاوەنکار بەئەنقەست وردەکارییەکان دەشارێتەوە. کاتێک کێشەیەک دروستدەبێت، هیچ بڕگەیەک نامێنێتەوە کەپارێزگاری لەمافەکانی کرێکارەکە بکات.
ئەی چارەسەری یاسایی چییە؟ گرێبەستیکار دەبێت بەوردی باسی: ماوەی کارکردن، شێوازی هەڵوەشاندنەوە، سزای سەرپێچی و شوێنی فەرمی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان لەدادگادا بکات. ئەگەر ئەمانەی تێدا نەبوو، واژۆکردنی مەترسیدارە.
خاڵی دووەم: بڕگەیەک لەدەقەکەدا دەبینرێت کەدەڵێت: بەپێی ڕەزامەندی لایەنی یەکەم (خاوەنکار) یان لایەنی یەکەم بۆی هەیە هەر کاتێک بیەوێت گرێبەستەکە هەڵبوەشێنێتەوە بەبێ قەرەبوو. فێڵەکەی چییە؟ بەم بڕگەیە کرێکارەکە دەبێتە بارەمتەی دەستی خاوەنکار، ئەوان کۆنترۆڵی ڕەهای چارەنووس و بژێوییەکەی دەکەن و یاسا وەک چەکێک دژی بەکاردێنن. چارەسەری یاسایی بۆئەمە: یاسا دەڵێت دەبێت هەڵوەشاندنەوە یان گۆڕینی مەرجەکانی گرێبەستەکە بەڕەزامەندی هاوبەشی هەردوولا بێت، نەک تەنها بەپێی ئیرادەی یەک لایەن. کەئێستاکە زۆرینەی گرێبەستەکان یەکلایەنەیەو هەموو دەسەڵاتەکان تەنها لای ئەوە کەفعلا ئەتوانین پێی بڵێین گرێبەستی ملکەچی
خاڵی سێیەم: پشتبەستن بەقسەی زارەکی و بەڵێنی دەرەوەی نووسین!
شێوازەکەی: خاوەنکار دەڵێت: ڕاستە ئەوە لەسەر کاغەزەکە نەنووسراوە، بەڵام من بەڵێنت پێدەدەم ئەو ماف و ئیمتیازاتەت پێببەخشم! فێڵەکەی چییە؟ لەجیهانی یاسادا، قسەی زارەکی کێشی وەک سفروایە. دادگا تەنها دان بەوەدا دەنێت کەنووسراوەو ئیمزای لەسەرە. ئەم شێوازە تەنها بۆ ڕاکێشانی کاتیی کرێکارەکەیە. چارەسەری یاسایی: هەر بەڵێنێک، پاداشتێک، یان مەرجێک هەیە کە لەسەری ڕێککەوتن کراوە، دەبێت بخرێتە ناو دەقی فەرمی گرێبەستەکەوە. ئەگەر نەنووسرا، ئەوا لەڕووی یاساییەوە وەک ئەوە وایە کەبوونی نەبێت.. بۆیە هەرهیز باوەڕ بەقسەی سەرزارەکی نەکەن!
خاڵی چوارەم: کارمەند یان چاودێر یان خاوەنکارەکە پێدەڵێت: لێرەدا واژۆ و پەنجەمۆر بکە، ئێمە دواتر ناوەڕۆکەکە بەکۆمپیوتەر پڕ دەکەینەوەو لەلای خۆمان دەیپارێزین. فێڵەکەی چییە؟ ئەمە گەورەترین و مەترسیدارترین تەڵەی یاساییە! دواتر دەتوانرێت هەر مەرجێکی قورس، بڕە پارەیەکی خەیاڵی وەک سزا، یان دانپێدانانێکی زیانبەخش بەسەر کرێکارەکەدا ساغ بکرێتەوەو بەیاسایی مافەکانی دەستکاری بکرێت. چارەسەری یاساییەکەی چییە؟: هەرگیزو لەژێر هیچ بارودۆخێکدا، نابێت لەسەر پەڕەیەک واژۆ بکرێت کە بەتەواوی نەخوێندراوەتەوەو دەقەکەی پڕ نەکراوەتەوە.نەکەوویتە ناو تەڵەی واژۆو پەنجەمۆر لەسەر پەڕەی سپی و یان ئەگەر هەرچیەک تێنەگەیشتیت لەخۆتەوە واژۆی مەکە
ڕێگای پاراستنی مافەکان پێش واژۆکردن:
هەر گرێبەستێک پێشکەش بەکرێکار یان فەرمانبەر کرا، نابێت لەژێر فشاری دەروونی: ”ئێستا واژۆی بکە”دا کارەکە بکرێت. مافی یاساییە کەگرێبەستەکە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر ببرێتە ماڵەوە هەتا بەوردی و ئارامییەوە بخوێنرێتەوە، چونکە پەلەکردن زۆرجار بۆ شاردنەوەی فێڵەکانە.
پێش واژۆکردن، پێویستە لەکۆتایی دەقەکەدا ئەم ڕستەیە زیاد بکرێت: ئەم گرێبەستە هەموو ڕێککەوتن و بەڵێنەکانی پێشووی (چی زارەکی یان نووسراو) هەڵوەشاندەوەو تەنها ئەم دەقە نووسراوەی سەر ئەم کاغەزە بنەمای فەرمییە..بەمەش کۆتایی بەهەموو فێڵ و بەڵێنە درۆینە زارەکییەکان دەهێنرێت.
مۆری فەرمی دادنووس (کاتب عدل):
ئەگەر گرێبەستەکە بڕی پارەکەی زۆر بوو، یان پابەندییەکی گەورە بوو، تەنها بەگرێبەستی ئاسایی یان عورفی (سند عادي) نابێت ڕازی ببن، چونکە دەکرێت نکۆڵی لێبکرێت. پێویستە پرۆسەکە ببرێتە لای دادنووس هەتا ببێتە بەڵگەیەکی فەرمی حاشاهەڵنەگر (سند رسمي).
دەرئەنجامی یاسایی:
گرێبەست بۆ ئەوە نییە لەکاتی متمانەو تەباییدا سوودی لێببینرێت… بەڵکو لەڕاستیدا گرێبەست بۆئەوەیە کاتێک کەمتمانە نامێنێت و ناکۆکی دروستدەبێت وەک قەڵغانێک ڕەنجی کرێکار بپارێزێت نەک ببێتە تەڵەی خاوەنکار لەدژی. هوشیاریی یاسایی، یەکەم هەنگاوی پاراستنی مافەکانتانە.
