هەر جارەو بابەتێکی یاسایی
کرێکارانی بەڕێز..
خەبات لەپێناوی بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانمان لەکارگەو هەر ناوەندێکی کاردا، لەوردترین و ڕۆژانەترین مافەکانمانەوە دەست پێدەکات. یەکێک لەو زوڵمە گەورانەی کەخاوەنکارەکان بێدەنگ لێی تێپەڕ دەبن، دزینی کات، ڕەنج و ماندووبوونی ئێوەیە لەپاش تەواوبوونی کاتی ئاسایی کاردا. ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر مافە یاساییەکانتان لەبارەی کاتژمێرەکانی کاری زیادە (ئیزافەکاری) و جیاوازیی نرخی شەوو ڕۆژ بە زمانێکی سادە، بۆ ئەوەی بەچەکی یاساو هوشیاریی مەیدانییەوە ڕووبەڕووی ئەم پێشێلکارییانە ببینەوە.
دۆسیەی کاری زیادە (ئیزافەکاری)
لەکارگەو شوێنی کارکردنەکاندا، یەکێک لە گەورەترین زوڵم و پێشێلکارییەکان کە لە کرێکار دەکرێت، دزینی کات و ڕەنجی پاش تەواوبوونی کاتی ئاسایی کارە. یاسایکار ماف و سنوری بۆ ئەم بابەتە داناوە. بۆ ئەوەی کرێکار بەتەواوی لەم دزینی مافە تێبگات، بەزمانی ژمارەو پارەی کاش بەمشێوەیە ڕونیدەکەینەوە:
نرخی کاری زیادە لەڕۆژدا: ئەگەر کرێکار لەپاش تەواوبوونی کاتی ئاسایی، چەند سەعاتێکی تر لەڕۆژدا بمێنێتەوەو کار بکات، خاوەنکار نابێت هەر بەهەمان حەقدەستی ئاسایی حیسابی بۆ بکات، بەڵکو نرخی سەعاتی ئیزافە لەڕۆژدا دەبێت بەرزببێتەوە (بۆ نموونە ئەگەر کرێی سەعاتێک لەڕۆژدا ١هەزار دینار بێت، ئیزافەکەی دەبێت زیاتر بێت وەک ١٥٠٠دینار.
نرخی کاری زیادە لەشەودا: جیاوازی کاری شەو زۆر گەورەترە. ئەگەر کرێکار لەشەوەکاندا یاخود لەکاتی نۆبەتی شەودا خستییە سەر کاری زیادە، مافەکەی دوو قات دەبێت؛ واتە ئەگەر یەک سەعات کار لەڕۆژدا بە ١هەزار دینار هەژمار بکرێت، ئەوا لەشەودا دەبێت بێتە دوو هەزار دینار (٢ هەزار دینار) بۆ هەر سەعاتێک.
قازانجی زەبەلاحی خاوەنکار لەساڵێکدا لەسەر حسابی کاری زیادەیە
ئەگەر ئەم کاتە زیادانە لەماوەی ساڵێکدا کۆ بکەینەوە، قەبارەی ئەو دزینە ڕوونکەرەوەی ڕاستییەکە کەخاوەنکار گەورەترین قازانج لەسەر رەنجی کرێکار دەکات.
با وایدابنێین لەکارگەیەکدا تەنها ١٠کرێکار هەبن و هەر یەکێکیان لەڕۆژێکدا تەنها ٢سەعات کاری زیادە (کە زۆر لەوە زیاتریش کار دەکەن) بە بێبەرانبەر یان بە پارەیەکی کەم بکەن. لەمانگێکدا دەکاتە نزیکەی ٥٠٠سەعات کار بۆ کۆمپانیاو لەساڵێکیشدا دەکاتە هەزاران سەعات کاری بێمۆچە کەدەخرێتە سەر پڕۆژەو کاڵاکانی خاوەنکار.. خاوەنکاریش بەمە نەک تەنها کرێی کرێکارێکی تری پاشەکەوت کردووە، بەڵکو ملیۆن ملیۆن دینار (بەپێی ژمارەی کرێکاران) قازانجی ڕووت دەخاتە گیرفانی خۆی و لەگیرفانی کرێکاری ماندووی دزیوە.
پەیوەندیی کاری زیادە بەڕێژەی بێکاری و دابینکردنی کار بۆ بێکارانەوە
یەکێکی تر لەلایەنە وێرانکەرەکانی کاری زیادەی هەمیشەیی ئەوەیە که دەرفەتی کار لەسەر کرێکارانی بێکار دەبڕێت:
کاتێک خاوەنکارێک دەتوانێت بەچەند کرێکارێکی کەم، ڕۆژانە ١٠ بۆ ١٢ سەعات (لەڕێگەی ئیزافەکارییەوە) کار بکات، ئیتر پێویستی بەدامەزراندنی کرێکاری نوێ نابێت.
بەواتایەکی تر؛ ئەگەر ئەم کاری زیادە بەدەر لەیاسا ڕابگیرێت و کرێکاران تەنها لە چوارچێوەی ٨سەعاتی ئاسایی خۆیاندا کار بکەن، ئەوا کارگە ناچار دەبێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو سەعاتانە کرێکاری نوێ و بێکار دامەزرێنێت.
کەواتە، نەکردنی کاری زیادە و پابەندبوون بەیاساوە، ڕاستەوخۆ دەبێتە دەرچەیەک بۆ کردنەوەی هەلیکار بۆ دەیان و سەدان کرێکاری بێکار کە لەماڵەوە چاوەڕێی دەرفەتن. کاری زیادە بەمشێوەیە نەک تەنها مافی کرێکاری ناو کارگە دەخوات، بەڵکو نان بڕینی کرێکارە بێکارەکانیشە.
ئایا کاری زیادە کراوەیە؟
کاری زیادە لەیاسایکاردا بێسنوور نییە؛ خاوەنکار بۆی نییە کرێکار بێوچان بخاتە ژێر بارەوە. بەپێی یاسا:
کارکردنی ئاسایی ٨سەعات لەڕۆژدا یان ٤٨سەعات لەهەفتەیەکدایە.
کاری زیادە تەنها بۆ حاڵەتی پێویستی توندو تەنها بەڕەزامەندیی خودی کرێکار ڕێگەپێدراوە، نەک بەزۆرملی یان بەقسەی خۆشی سەرنجڕاکێش.
یاسا بۆ هەر ڕۆژ یان هەفتەیەک سەقف و سنوورێکی دیاریکراو بۆ کاتژمێرەکانی کاری زیادە داناوە بۆ ئەوەی جەستەو تەندروستی کرێکار نەهاڕرێت و تووشی داڕمان نەبێت.
بڕگەو ماددە یاساییەکان لەیاسایکاری بەرکاردا:
بۆ ئەوەی ئەم ماف و سنورانە پشتی بەدەقی فەرمی یاساش هەبێت، ماددەو بڕگەکانی یاسایکار ئەم ڕەهەندانە یەکلایی دەکەنەوە:
ماددەی کاتی ئاسایی و سنوردارکردنی کار:
بەپێی یاسایکار، کاتی ئاسایی کارکردن و سنوری کاری زیادە دیاریکراوە؛ هەر کاتژمێرێک کە لەسەرووی ماوەی یاساییەوە لەسەر داوای خاوەنکار کار بكرێت، بەفەرمی بەکاری زیادەهەژمار دەکرێت بەمەرجێک نەبێتە دیاردەیەکی بێسنوری زۆرەملێ و هەمە ڕۆژە
ماددەی پاداشتی مالی و قەدەغەکردنی کاری زیادە:یاسا ڕێگە بەخاوەنکار نادات بەبێبەرانبەر کرێکار لەسەروی کاتی ئاساییەوە ڕابگرێت. یاسا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەخاوەنکار دەبێت لەبەرامبەر هەر کاتژمێرێکی کاری زیادەدا، کرێ و پاداشتی دارایی زیاتری نەقدی (بەپێی ئەو بڕە نەقدییەی باسكرا) بداتە کرێکار.
ماددەی تایبەت بەکاری شەوو پارێزگاریی جەستەیی: یاسایکار بۆ کارکردن و کاری زیادە لەشەوەکاندا حوکمی توندتری هەیە، چونکە باری دەروونی و جەستەیی کرێکار لەشەودا قورسترە؛ بۆیە یاسا ڕێگە نادات بەنرخی ئاسایی حساب بکرێت، بەڵکو کرێی کاتژمێری شەو بەشێوازێکی بەرچاو بەرزترو بە دوو قات (وەک نموونەی دوو هەزار دینار لەبەرامبەر یەک هەزار دیناردا) هەژمار دەکرێت.
