Dangikrekar.com
هەواڵ

گەرمیان: کرێکاران و کارمەندانی نۆرینگە و دەرمانخانەکان، لە دژی بڕیاری داخستنیان گربونەوەیەکی ناڕەزایەتیان سازدا!

گەرمیان: کرێکاران و کارمەندانی نۆرینگە و دەرمانخانەکان، لە دژی بڕیاری داخستنیان گربونەوەیەکی ناڕەزایەتیان سازدا!

 دەنگی کرێکار 

لە هەنگاوێکی نادادپەروەرانەدا کە ژیان و بژێویی سەدان خێزانی لەسەرە، کرێکاران و کارمەندانی نوریگە و خاوەنی دەرمانخانە ئەهلییەکانی گەرمیانی ناڕەزایەتی توندیان بەرامبەر بە بڕیاری داخستنی شوێنگەکانیان، کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە  دەرکراوە، بەدوای خۆیدا هێنا .

ئەم ناڕەزایەتییە کە ڕۆژی سێ شەممە بەرامبەر بە ١٨ی ئابی ٢٠٢٦بەگردبونەوەیەکی نارەزایەتی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیاندا خۆی نیشاندا، بەرامبەر بەو هەڵمەتە فراوانەبوو کە بۆ داخستنی نزیکەی ٥٠٠ دەرمانخانەو نۆرینگە دەست پێکرد، هەڵمەتێک کەبەپێی ئامارە نافەرمییەکان تەنها کەمتر لە ٥٠ دانەیان لەلایەن پزیشکی دەرمانسازەوە خاوەندارێتی دەکرێن و ئەوانی تر لەلایەن کارمەندانی تەندروستییەوە بەڕێوە دەبرێن کەساڵانێکی درێژە لەبێکاری و فەرامۆشیدا وەک خۆبەخش خزمەت دەکەن.

نوێنەری کارمەندانی هەموو بەشەکانی تەندروستی گەرمیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، نیگەرانی قووڵی خۆی بەرانبەر سیاسەتەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان دەربڕی. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە زیاتر لە ١٧ جۆر پیشەی جۆراوجۆر لە کارمەندانی دانەمەزراو و خۆبەخش لەسنوری ئیدارەی گەرمیاندا هەن، کە لەساڵی ١٩٩٢وە هەتا ئێستا خزمەتگوزارییان پێشکەشی خەڵکی ناوچەکە کردووە، کەچی لەجیاتی پاداشت و دامەزراندن، زیاتر لەساڵێکە ڕووبەڕووی سیاسەتی بیکارکردن و نانبڕین بوونەتەوە.

نوێنەری کارمەندان جەختی لەوە کردەوە کە بەشێک لە لیژنە وەزارییەکان ئەسڵەن هیچ پەیوەندییەکیان بەبابەتی تەندروستییەوە نییە، کەچی بوونەتە بەشێک لەو پێکهاتانەی کەبڕیاری داخستنی نۆرینگەکان دەردەکەن. کارمەندان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە ڕەوانەی دادگا دەکرێن و ڕۆژانە بانگهێشتی پۆلیس دەکرێن بۆ لێپرسینەوە، لە کاتێکدا هەندێک لەو کارمەندانە لەساڵی ٢٠١٣وە خزمەت دەکەن و هەتا ئێستاش دانەمەزراوون. لەبەرامبەر ئەم ناڕەزایەتییە فراوانەدا، ئازاد حەمەفەرەج، ووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند که ئەم بڕیارە لەئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستییەوە دەرچووە، کە تێیدا دەبێت کارمەندی تەندروستی نۆرینگەی هەبێت و پزیشکی دەرمانساز دەرمانخانە بەڕێوە ببات. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەم لیژنەیە لەم دواییەدا بەهێنانی نوێنەری داواکاری گشتی کارا کراوەو کارەکانی جێبەجێ دەکات و بەپێی بڕیارەکە ئەو دەرمانخانانەی کارمەندی تەندروستی بەڕێوەیان دەبات دەبێت دابخرێن و بکرێنە نۆرینگە. لەکاتێکدا لەڕووی ستانداردو زانستیی جیهانییەوە بنەمایەکی دروستە کەدەرمانخانە لەلایەن پزیشکی دەرمانسازەوە بەڕێوە ببرێت، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا کێشەی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی جێبەجێکردنی ستانداردە، یان بیکارکردنی کرێکارانو کارمەندان و ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ قۆرخکاری و بەکۆمپانیاکردنی کایەی دەرمان؟

ئەوەی لەگەرمیان و ناوچەکانی تری هەرێم بەڕێوە دەچێت، پیلانێکی مەترسیدارە کە لەژێر پەردەی یاساو ستاندارددا، دەیەوێت نۆرینگەو دەرمانخانەی ئەو کارمەندە خۆبەخشانە داخات کە ساڵەهایە تەمەنیان لەخزمەتکردنی خەڵکدا بەڕێکردووە بەبێئەوەی هیچ سەرچاوەو جێگرەوەیەکی بژێوی یان دامەزراندنێکیان بۆ دابین بکات. دەسەڵات لەکاتێکدا باسی ستاندارد دەکات کەخۆی لەمافە سەرەتاییەکانی کارمەندان (وەکو دامەزراندن و مووچەی شایستە) دەدزێتەوە.

بەدڵناییەوە ئامانجی ئەم هەڵمەتە نەک هەر ڕاستکردنەوەی کەموکوڕیەکانی کەرتی تەندروستی نییە، بەڵکو سەپاندنی بێکاری و تەسفیەکردنی بژێویی سەدان خێزانی زەحمەتکێش و ڕادەستکردنی کایەی دەرمانە بەکۆمپانیاو بەرژەوەندییە بازرگانییەکان. هەربۆیە نارەزایەتی کرێکارانو کارمەندانی ئەم بەشە ڕەوا وبەرهەقەو جیگای پشتیوانی سەرجەم کرێکارانە..

Related posts

گیانلەدەستدانی گەنجێکی تەمەن ۲۱ ساڵ بەهۆی تەزووی کارەباوە

Dangi Krekar

خه‌ڵكی فەلەستین پێویستی بە پشتگیری هەمەلایەنە هەیە، لەپێناو بەرگرتن بە کۆمەڵکوژی  و ئەو تاوانانەی کە بەردەوام بەرامبەری ئەنجام دەدرێن 

Dangi Krekar

دەنگی کرێکار بەهاوکاری تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی هاوکاری گەیاندە شارۆچکەی بازیان!

Dangi Krekar

Leave a Comment