ڕێکخراوبوونی کرێکاران، پێویستییەکی حەیاتیە بۆ پاراستنی مافەکان و گۆڕینی هاوسەنگی هێز!
ڕێکخراوبوونی کرێکاران لەمێژوودا هەرگیز هەڵبژاردەی تەنها بابەتێکی ڕووکار نەبووە، بەڵکو پێویستییەکی بابەتی بووە کە لەسروشتی پەیوەندی نێوان کارو سەرمایەوە سەرچاوەی گرتووە.
کرێکاری تاک، هەرچەندە شارەزایی و ئەزموونی زۆری هەبێت، هێشتا لەبەرامبەر خاوەنکاردا لاوازترین لایەنە، چونکە خاوەنکار خاوەنی سەرمایە، ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دەسەڵاتی ئابوورییە. لێرەوە پێویستی بەدروستبوونی ڕێکخراوە کرێکارییەکان هاتە ئاراوە، تاوەکو کرێکاران لەدەوری ئامانجە هاوبەشەکان یەکبگرن، توانای بەرگری لەمافەکانیان و بەدەستهێنانی داواکارییە ڕەواکانیان زیاد بکەن و داواکارییەکانیان بگوازنەوە بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کاریگەر.
کاریگەری ڕێکخراوبوونی کرێکاران تەنها لەبواری یاسایی سنووردار نابێتەوە، بەڵکو دەگاتە گۆڕینی هاوسەنگی هێز لەناو کۆمەڵگا. لەو کۆمەڵگایانەی کرێکاران ڕێکخراوی بەهێزیان هەیە، بەئاسانی ناتوانرێت بڕیارە ئابوورییەکان بەبێ گفتوگۆو دانوستاندن لەگەڵ نوێنەرانیان بدرێت، هەروەها حکومەتەکان ناچار دەبن لەدانانی سیاسەتە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکاندا بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار لەبەرچاو بگرن.
بەپێچەوانەوە، کاتێک کرێکاران پەرتەوازن و ڕێکنەخراون، توانایان بۆ بەرگری لەماف و بەرژەوەندییەکانیان لاواز دەبێت بەئاسانی سیاسەتگەلێک جێبەجێ دەکرێن کەمووچەکان کەم دەکەنەوە، پاراستنی کۆمەڵایەتی لاواز ئەکەن یان گەرەنتیە یاسایییەکان کەمدەکەنەوە. ڕێکخراوبوون هەروەها لەدانوستاندنی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خاوەنکاراندا ڕۆڵێکی گرنگ ئەبینێت، چونکە یەکگرتوویی کرێکاران هێزێکی دانوستاندنی زۆر گەورەتر لەداواکارییە تاکەکەسییەکانی پێئەبەخشێت. خاوەنکار ڕەنگە گوێ بەگازندەی کرێکارێکی تاک نەدات، بەڵام ئەگەر داواکارییەکان لەلایەن ڕێکخراوێکەوە پێشکەش بکرێن کەنوێنەرایەتی سەدان یان هەزاران کرێکار ئەکات، ناچار ئەبێت گفتوگۆو دانوستاندن بکات. بۆیە دانوستاندنی کۆمەڵایەتی بووەتە یەکێک لەگرنگترین ئامرازە نێودەوڵەتییە ناسراوەکان بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لەپەیوەندییەکانی کاردا.
ڕێکخراوبوون هاوکات هاوسۆزی و یەکگرتوویی نێوان کرێکاران بەهێز دەکات، چونکە هەر کرێکارێک تێدەگات کەبەرگری لەمافی هاوکارەکەی ئەکات، لەڕاستیدا بەرگری لەمافی خۆشیەتی. ئەم هاوسۆزییە ڕێگە لەوە دەگرێت خاوەنکاران کەڵک لەجیاوازی و دابەشبوونی کرێکاران وەربگرن یان بەشێوەی تاکەکەسی فشاریان بخەنە سەر، چونکە ئەگەر وابکەن داواکارییە تاکەکەسییەکان ئەگوازنەوە بۆ داواکارییە کۆمەڵایەتییە کاریگەرەکان.
لەسەردەمی گۆڕانکارییە ئابوورییە نوێیەکان و بڵاوبوونەوەی کاری کاتی و کاری ڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، پێویستی ڕێکخراوبوونی کرێکارانە زیاتر لەهەر کاتێکی تر هەست پێدەکرێت. ئەم جۆرە نوێیانەی کار، ئاستەنگی یاسایی و کۆمەڵایەتی نوێ دروستئەکەن کەپێویستییان بەڕێکخراوگەلێک هەیە بتوانن نوێنەرایەتی کرێکارانیان بکەن و داوای یاساگەلێک بکەن کەپاراستنی کۆمەڵایەتی و مافە بنەڕەتییەکانیان دابینبکات. هێزی چینی کرێکار بەژمارەی ئەندامەکانی پێوانە ناکرێت، بەڵکو بەتوانای ڕێکخراوبوون، یەکگرتوویی و کاری هاوبەش پێوانە ئەکرێت. ئەوە ڕێکخراوبوونە کەژمارەی زۆری کرێکاران دەگۆڕێت بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی کاریگەر، دەنگیان دەگەیەنێتە شوێنی بڕیاردان و ڕێگەیان پێدەدات لەمافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان بەرگریبکەن، بەشداری لەداڕشتنی یاساکان بکەن و بەشداربن لەبنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرترو هاوسەنگتر.
بنیاتنانی ڕێکخراوە کرێکارییە بەهێزو سەربەخۆکان، مەرجێکی سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، پاراستنی مافی کرێکارو چەسپاندنی بنەمای گفتوگۆ لەنێوان هەموو لایەنەکانی بەرهەمهێناندا. هەموو ئەو مافانەی کرێکاران ئەمڕۆ پێیان شادمانن، لەڕابردوودا بەرهەمی خەباتی بزوتنەوەی کرێکاری ڕێکخراو بوون و پەرەپێدانی ئەم مافانە هەمیشە پەیوەستە بەتوانای کرێکاران لەپاراستنی یەکگرتوویی، ڕێکخراوبوون و بەردەوامی خەباتی ڕەوایان.
ئەزموونە مێژووییەکانی جیهان دەریاندەخەن کەزۆربەی مافەکانی وەک دیاریکردنی کاتژمێرەکانی کار، مۆڵەتی ساڵانە، بیمەو دابینکارییە کۆمەڵایەتییەکان، قەرەبووی ڕووداوەکانی کارو لایەنی کەمی مووچە، بەخشینی حکومەت یان خاوەنکاران نەبوون، بەڵکو ئەنجامی خەباتی درێژخایەنی بزوتنەوەی کرێکاری ڕێکخراو بوون.
ڕێکخراوبوونی کرێکاران لەشوێنی کارەکانەوە دەست پێئەکات، بەپێکهێنانی لیژنە کرێکارییەکان کەنوێنەرایەتی کرێکاران لەبەرامبەر ئیدارەی کارئەکەنو داواکارییەکانیان بەشێوەی کۆمەڵایەتی ئەگەیەنن. پاشان ئەم ڕێکخراوبوونە بەرەو ئیتحادیەی و پیشەیی و ناوەندەکان پەرەئەسێنێت، و لەکۆتاییدا دەگاتە یەکێتییە کرێکارییەکان کەهەوڵ و کارەکان یەکدەخەن و هاوئاهەنگیان دەکەن. هەرچەندە ڕێکخراوبوون سەربەخۆترو فراوانتر بێت، هێندەش توانای نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی بەرژەوەندییەکانی کرێکاران زیاترئەبێت.
گرنگی ڕێکخراوبوون تەنها بەدانوستاندن لەسەر مووچە سنووردار نابێتەوە، بەڵکو باشترکردنی مەرجەکانی کار، دڵنیابوون لەسەلامەتی پیشەیی، بەرگری لەدەرکردنی نایاسایی لە کار، داواکردنی فێرکاری و پەرەپێدانی لێهاتوویی، و پاراستنی کەرامەتی کرێکار لەشوێنی کاریش دەگرێتەوە.
هەروەها ڕێکخراوبوون دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ گواستنەوەی ئەزموون و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری یاسایی لەنێوان کرێکاران، تاکو هەر کرێکارێک زیاتر لەماف و ئەرکەکانی ئاگادار بێت و کەمتر بکەوێتە بەر هەڵخەڵەتاندن و چەوساندنەوە.لەڕووی یاسایییەوە، ڕێکخراوبوونی کرێکاران یەکێکە لەگرنگترین ئامرازەکان بۆ کاریگەری لەسەر یاسادانان.
یاساکان جێگیرو جیاواز لەکۆمەڵگا نین، بەڵکو بەهاوسەنگی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان کاریگەرئەبن. کاتێک کرێکاران ڕێکخراون و دەتوانن بەشێوەیەکی کۆمەڵایەتی دەنگی بەرژەوەندییەکانیان بگەیەنن، دەبنە لایەنێکی کاریگەر لەگفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی یاساکانی کار، چونکە زیاترین پەیوەندییان لەگەڵ کێشەی ڕۆژانەی کرێکاران هەیە. لەڕێگەی توێژینەوە، یادداشتە یاسایییەکان و گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتە یاسادانەر و جێبەجێکارەکان، دەتوانن پێشنیاری گۆڕانکاریی بکەن، کەکەموکوڕی یاساکان چارەسەر بکات و هاوتا بێت لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابووری و پێویستییەکانی بازاڕیکار.
