Dangikrekar.com
بابەتی هەڵبژاردە

لەنامەیەکدا، کرێکارانی چەند کارگەیەک، زوڵم و زۆرو مامەڵەی نایاسایی خاوەنکار، ئاشکرا دەکەن!  

لەنامەیەکدا، کرێکارانی چەند کارگەیەک، زوڵم و زۆرو مامەڵەی نایاسایی خاوەنکار، ئاشکرا دەکەن!  

 

 دەنگی کرێکار

کرێکارانی چەند کارگەیەك لەنامەیەکدا کەبۆ دەنگی کرێکاریان ناردووە، باس لەدۆخی کار وئەو زوڵم و مامەڵە نایاسایانە دەکەن کە بەڕێوەبەرایەتی کارگەکان لەگەڵ کرێکاراندا ئەنجامی دەدەن. پێدەچێت نامەکە بەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نیوان چەند کرێکاری کارگەیەک بێت، ئێمە لەبەرئەوەی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەو سزاو هەڕەشەی  لەسەرکاردەرکردن نەبنەوە، ناوی کرێکارەکان و کارگەکانمان لابردووە. ئەمەی خوارەوە دەقی نامەکەیە:

” ئێمە نوێنەرنین، ئێمە چەندین کرێکارین لەکارگەیەکدا کار ئەکەین، ئەگەرچی بەژمارە زۆرین، بەڵام بەڕاستی کێشەو گرفتی هەر هەموومانە.. ئێمە تەنها دەنگی کرێکارمان هەیە کەنامەی ئاراستە بکەین هەتا کێشەکانمان تێبگەن و بەدواداچون بکەن، ئیتر هیچ لایەکی ترمان نیەو باوەڕیشمان بەلایەنی تر نیەو هەمووی تاقیکراونەتەوە.. بۆیە هیوادارین دەنگی کرێکار بەدواداچوون بکات و ئەم کەیسەمان بجوڵێنێت هەتا لایەنی پەیوەندیدار بێنە سەرخەت و ڕێگا لەم هەموو زوڵمە بگرن کەدەرحەق بەئێمە دەکرێت… لێرەدا هەوڵئەدەین لەچەندین خاڵدا کێشەکانمان بخەینەڕوو:

١/ ئێمە هەتا ئێستا بڕو مووچەکانمان نازانین، هیچ کرێکارێک ئەوەی هێشتا بۆ مەعلوم نەبووەو بەڕاستیش نازانێت چەندە! ئێمە کاتێک بەوەمان زانی کە:

ئەو کاتانەی کارگە کاردەکات و بەردەوام لەئیشدایە، پێمان دەڵێن مووچەکانتان مانگانەیە، گرێبەست و دەستەبەری کۆمەڵایەتیتان –ضمان هەیە، ئەمە لەکاتێکدایە زۆرینەمان هیچ گرێبەستێکمان واژۆ نەکردووەو مانگانەش ڕێژەیەک لەمووچەکەمان دەبڕن بەناوی دەستەبەری کۆمەڵایەتیەوە.. بەڵام ئەو کاتانەش بۆنموونە: بەهۆی پاککردنەوەوە، یان بەهۆی چاککردنی ئامێرەوە، یان بەهۆی نەبوونی بازاڕەوە.. کار ناکرێت و کارگە ئەوەستێت، پێمان دەڵێن: ئێوە کارمەند یان کرێكاری ڕۆژانەن و چەند ڕۆژ دەوام بکەین، ئەوا مووچەی ئەو ڕۆژانەمان بۆ هەژماردەکەن.

٢/ زۆرجار وا ڕێکەوتووە کارمەند هەم وەکو یەک مۆڵەتیان وەرگرتووە، هەم وەکو یەک کاریان کردووە، کەچی هەریەکەیان بڕی مووچەی جیاوازترو کەمتری وەرگرتووە بەبێئەوەی ڕوونکردنەوەەیەکی لەسەر بدرێت هەتا خاوەنەکەی یان کارمەندان بەگشتی تێبگەن کەبۆچی وایە، بەیەک قسە کۆتایی بەهەمووشتێک دەهێنن و دەڵێن مووچەکەی تۆ هەرئەوەندەیە..

٣/ کێشەی مۆڵەتەکان گرفتی گەورەیە!

ئەگەر ئێمە کارمەند یان کرێکاری مانگانە بین، واتە وەک هەر کارمەندێکی فەرمی و حکومی کەمانگانە مووچەیەکی هەیە، کەواتە دەبێت کۆنتراکت”عقد”ێکمان هەبێت، هەروەها دەبێت مۆڵەتی نەخۆشی و مانگانەمان هەبێت، مۆڵەتی نەخۆشی بەپارەی تەواوەوە.. وە وەک کارمەندێکی حکومی کە ساڵانە ٢٤ ڕۆژ مۆڵەتی سمستەری هەیە.. بەڵام زۆرینەی کارگەو ناوەندەکانی کار بەئارەزوی خۆیان مۆڵەتیان داناوەو پێچەوانەی یاسای کاری بەرکاری هەرێمە..کارگە هەیە لەماوەی یەک ساڵدا ٨ ڕۆژی بۆدانراوە، واتە هەر سێ مانگ دوو ڕۆژ مۆڵەت، هەیە لەمانگێک بەمنەتەوە ئەگەر ڕۆژیکت بدەنێ.. تەنانەت ئەو ڕۆژەش ناتوانیت بەدڵی خۆت، یان پێوویستیت پێیەتی لەو ڕۆژەدا، بەڵام ئەو ڕۆژەت نادەنێ.. جاری واش هەیە بەپێی شەفتاتەکان مۆڵەتەکەت ئەدەنێ.. خۆئەگەر کارێکی فەمیت هەبێت لەفەرمانگەیەکی حکومیدا، ئەوا ئەستەمە بتوانیت مۆڵەت وەربگریت..

٤/ ئەوەندەی بەکاری زیادە یان ئیزافەکاریش دەگەڕێتەوە، بەپێی یاسای کاری بەرکاری هەرێم نابێت ڕۆژانە لە ٢ سەعات زیاتر کاری زیادە بکریت بەکرێکار. دەبێت حەقی یەک سەعات کاری زیادە لەڕۆژدا  بە سەعات ونیوێک هەژمار بکرێت، بۆنمونە ئەگەر یەک سەعاتکاری فەرمی ناوکارگەیەک بایی ٢٠٠٠دینار بێت، ئەوا یەک سەعات کاری زیادە، حەقەکەی بایی ٢٥٠٠ دینارە، واتە یەک سەعات بە سەعات  و نیوێک هەژمار دەکریت.. هەروەها بەپێی یاسای کاری هەرێم، ئەگەر کاری زیادە لەشەودابوو، ئەوا دەبێت هەر سەعاتێک دەبڵ بکرێتەوە، واتە یەک سەعات کارکردن دەبێت بەدووسەعات، واتە ئەگەر کرێی یەک سەعات کارکردن ٢٠٠٠ هەزار دینار بێت، ئەوا بۆ یەک سەعات زیادەکاری لەشەودا دەبیت بە ٤ هەزار دینار.. بەڵام زۆرینەی کارگەکان و بەتایبەت ئەوەی ئێمەش بۆ نیوە کەمیدەکاتەوە.. یەعنی ئەگەر یەک سەعاتیکارکردنی فەرمی ناو کارگە ٢٠٠٠دینار بێت، ئەوا بۆ یەک سەعات کاری زیادە، ١٠٠٠ دینارت بۆ هەژمار دەکەن، واتە بۆنیوە کەمیدەکەنەوە.. کە ئەوەش ڕێک بەپێچەوانەی یاسای کارەوەو کەسیش بەدواداچوون لەسەر ئەم کێشەو زولمە لەکرێکاران ناکات..

٤/ لەباری سێکورێتی و ڕووداوی کارەوە، زۆرێک لەناوەندەکانی کارو کۆمپانیاو کارگەکاندا، ئەو لێپرسراوێتیەیان خستۆتە ئەستۆی کرێکاران خۆیانەوەو لەکۆنتراکتی کاردا نوسیویانە، لەکاتێکدا ئەمە پێشێلکارییەکی ڕووتی یاسایکارە کەلەدژی کرێکاران دەچێتە پێشەوە. بۆ نموونە لەم کارگەیەی ئێمەدا ئەگەر کرێکار تووشی ڕووداوی کارببێتەوە، ئەوا دەبێت خۆی تێچووی تەندروستی و نەخۆشخانە لەئەستۆ بگرێت.. خەتەری ئەم بابەتە لەوەدایە کە ئەگەری ئەوە هەیە کرێکار ئەندامێکی جەستەی لەدەست بدات لەناوکاردا، ئەوا بەم پێودانگە کرێکار دەنێرنە ماڵەوە بەبێئەوەی ئیتر هیچ حساباتێکی بۆبکەن و هەتا ماوە بەسەقەتی بەبێ مووچەو سەرچاوەیەک بۆژیان دەبێت بتلێتەوە.. ”

کرێکارانی بەڕێز!

ئەم بابەتەی سەرەوە کەخۆێندتانەوە باسی دۆخی نالەباری کرێکاری و سەرجەم کرێکاران ئەکات کەهەریەکێک لەئێوە ڕۆژانە بەشێوەی جۆراوجۆر ئازاری پێوە دەچێژێت.. هۆکاری ئەم دۆخە سەختەی کرێکاران، سەرەڕای ئەوەی کەسیستەم و دەسەڵاتی سەرمایەدارییە، بەڵام لەڕاستیدا پەرش و بڵاوی و ناڕێکخراوی کرێکاران خۆیانە کەدەستی خاوەنکارو کۆمپانیاو کارگەی کردۆتەوە بەئارەزوو وە وویستی خۆیان سیاسەتە دژە کرێکارییەکانیان بەرنە پێشەوە..

ئەگەر کرێکاران لەدەوری ماف و خواستەکانیان کۆببنەوە، وەلەپێناوی ئەو مافانەدا بیرێک لەخۆیان بکەنەوە کەچۆن بتوانن لەدەوری یەکتری کۆببنەوەو بەم هۆیەشەوە هێزێکی گەورەترو کۆمەڵایەتی تر بەئیرادەیەکی بەهێزترەوە بهێننە پێشەوە، ئەو کاتەش دەتوانن ڕێگا لەهەموو ئەو پەلامارانە بگرن کەدەکرێتە سەریان لەلایەن خاوەنکارو کۆمپانیاو کارگەکانەوە.. دەتوانن ترسی بێکارکردنیان لەلایەن ئەوانەوە دووربخەنەوە کاتێک کەکرێکار لەسەر مافی خۆی دێتە دەنگی و بەم هۆیەوە بێکار ئەکرێت..دەتوانن ئەم ڕێکخراوەیەی خۆیان وەک باشترین چەک و باشترین سەنگەر بەکاربهێنن لەبەرامبەر هەر پەلامارو بێمافکردنی خۆیاندا…

Related posts

ئاستەنگەکانی بەردەم کۆنگرەی ئەمساڵی یەکێتی کرێکارانی ئینگلتەرا و وێڵز (TUC)

Dangi Krekar

كرێكارانی كوردستان ستەمی زۆریان لێدەكرێت

Dangi Krekar

قۆناغەکانی دروست بوونی کێشەی دەروونی کرێکاران وچارەسەرەکانی  لەقۆناغی بێکاریدا  چاوان رٶوف

Dangi Krekar

Leave a Comment