لە چاوەڕوانی ناندا.. کرێکارێک لە سەر شەقامی ١٠٠ مەتری هەولێر لە کاتی چاوەڕوانی کاردا گیانی سپارد
دەنگی کرێکار – هەولێر
ئەمڕۆ ١٥ی مارس، لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا کە نیشانەی قووڵی ئەو مەینەتییەیە ڕووبەڕووی چینی کرێکار بووەتەوە، کرێکارێک لە شاری هەولێر، لە کاتی چاوەڕوانیدا بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیانی، دوا کۆچەری ژیانی کرد. بەپێی زانیارییەکان، کرێکارەکە لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری (شوێنی باوی کۆبوونەوەی کرێکارانی ڕۆژانە) وەستاوە بە هیوای ئەوەی خاوەن کارێک بێت و بۆ کارێکی ڕۆژانە بیبات، بەڵام لە پڕ و لە ناکاو بەردەبێتەوە و پێش گەیشتنی تیمە تەندروستییەکان گیان لەدەست دەدات. ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە کرێکارانی (ڕۆژانە) لە خراپترین بارودۆخی دەروونی و جەستەییدا کار دەکەن. نەبوونی هیچ جۆرە بیمەیەکی کۆمەڵایەتی، نەبوونی گرەنتی بۆ کار و ژیانی کولەمەرگی، وای کردووە ئەم چینە لە ژێر گوشارێکی زۆردا بن. زۆرجار کرێکاران کاتژمێرەکان لەبەر سەرما و گەرما و لەسەر شەقامەکان چاوەڕێ دەکەن، تەنها بۆ ئەوەی بڕە پارەیەکی کەم بۆ خێزانەکانیان ببەنەوە، بەڵام وەک بینیمان ئەمڕۆ یەکێک لەو چاوەڕوانییانە بە مەرگ کۆتایی هات دەنگی کرێکار
