Dangikrekar.com
سەرنوسەر

 لەسەرکار دەرکردن، نانبڕینی کرێکارانە، نابێت وەزارەتی کار ڕێگە بە کۆمپانیاکان بدات بەویستی خۆیان کرێکـاران لەسەرکار دەربکەن

سەروتار 

لەسەرکار دەرکردن، نانبڕینی کرێکارانە، نابێت وەزارەتی کار ڕێگە بە کۆمپانیاکان بدات بەویستی خۆیان کرێکـاران لەسەرکار دەربکەن

لەسەرکار دەرکردن، شمشێرێکە بەدەستی خاوەن کارو کۆمپنیاکانەوە لەلایەک، بۆ سەپاندنی مەرجەکانی خۆیان بەسەر کرێکاراندا و لەلایەکیتریشەوە کرێکاران لەترسی لەدەستنەدانی کارەکەیان وبێکار نەبونیان ناچارن بێدەنگی هەڵبژێرن و بیر لە دەربڕینی هیچ جۆرە ناڕەزایەتی وخواستەکانی خۆیان نەکەنەوە. بەڵام ڕیشەی ئەم دۆخە لەکوێدایە؟ سیستەمی کار لەهەریمی کوردستان، بەگرێبەستی کاتی وکاری پەیمانکاری دەڕوات بەڕێوە. واتە حکومەت بازاڕیکاری بەیەکجاری بەرەڵاکردووەو  نە دەخاڵەت دەکات ونەخۆی بەتەرەف و بەرپرسیاری بازاڕیکار دەزانێت، بەڵکو دەرگای بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت واڵاکردوە کەلەڕێگای گرێبەستی کارەوە بازاڕیکار بەپێی ویست و مەرجێک کە قازاجی زۆروزەبەندی لێکۆبکاتەوە  دەچەرخێنن وکرێکاران دەخەنە بەرکارەوە، بەجۆرێک هەرکات ویستیان گرێبەست هەڵوەشێننەوە و کرێکارەکانی ژێر دەستیان لەکاردەربکەن. تەنانەت ئەگەر کرێکارێک ناڕازی بێت وەیان داوایەکی هەبێت،  هەرچەند سادەشبێت، وەیان یاسای کاریش بیگرێتەوە، ئەوا بەئاژاوەگێر ودوژمنی کارگە دەناسرێ وبەبێ هیج گەڕاندنەوەیە بۆ دادگایکار لەسەرکار دەردەکرێ. تەنانەت ئەم سیستەم و ئەم بازاڕەی کار، کەحیزبەکانی دەسەڵات   دایان سەپاندووە، ئەو مافەیان بەخاوەنکارداوە کە هەرکات بیانەوێت، کرێکار غرامەبکەن، لەکارگەدا زیندانی بکەن، تەنەنەت ئاسایش وهێزی ئەمنی بەرنەسەر کرێکاران وبێگەڕانەوە بۆ دادگا ویاسا بیانخەنە زیندانەوە. نمونەی مانگرتنی ئەم دوایانەی کرێکارانی کارگەی ئاوی سلیمانی بەڕۆشنی ئەم قسانەی ئێمە دەسەلمێنێ بەتایبەتی کەچۆن بەڕێوەبەریەتی کارگە دوو کرێکار تەسلیم بەئاسایش دەکاو دوای ١٠ساڵ کارکردن بۆ کارگەکە لەبەرئەوەی بەنوێنەرایەتی کرێکاران داوایان هەبووە، دووڕۆژ زیندانی دەکرین و دواتریش لەسەرکار دەردەکرێن بەبێئەوەی بڕیاری یاسایی و دادگای لەپشتەوەبێت، تەنانەت هەم سەندیکا هەم وەزارەتی کاریش لەم کێشەیە ئاگادار بوون بەبێئەوەی هەنگاوێک لەدژی خاوەنکارگە بگرنەبەر.. بەڵام دیوێکی تری ئەم دۆخە نەبوونی ڕێکخراوە کرێکاریەکانە، لەکوردستان نەسەندیکای گەورەی کرێکاری هەیە، نە نەقابەو نەشورا کرێکاریەکان، تا سنورێک بۆ ئەم دەستدرێژەی کۆمپانیاکان دابنێ. ئەویش بەوەی کرێکاران یەکگرتوو بکات و بەکۆمەڵ لەئاست یاسایکاردا ساڵانە نوێنەرایەتیان بکات و سیستەمی گرێبەستی بەکۆمەڵ لەئاست کارگەو کۆمپانیاکاندا ببەستێ ولێرەشەوە چاودێری هەموو ئەو مافانە بکات کەیاسایکار جێگیری کردوە. تەنانەت لەئاستی وەزارەتیکاردا لەسەر سەرپێچی کۆمپانیاکان نوێنەرایەتی کرێکاران بکات وبەگشتی چاودێربێت بەسەر دۆخی کار ومامەڵەی کۆمپانیاکاندا. بەداخەوە ئەمڕۆ دۆخی پەرشوبڵاوی کرێکاران و یەکگرتوونەبونیان، بووەتە هۆکارێک کەهەم حکومەت بێدەربەستبێت وهەم کۆمپانیاکانیش بەویستی خۆیان بازاڕیکار بچەرخێنن.

کەوایە ئەگەر کرێکاران بیانەوێت شمشێری لەسەرکاردەرکردن لەدەست خاوەن کۆمپانیاکان دەرکێشن، تەنها هەوڵدانە بۆ یەکگرتووکردنی کرێکران و دامەزراندنی ڕێکخراوەکانیانە چ لەئاستی سەراسەری و چ لەهەر ناوەندو ڕشتەیەکی کاردا .. لەژمارەکانی داهاتودا لەسەر ئەم پرسە زیاتر ڕادەوەستین…..

Related posts

ژمارە ٦٩ دە نگی کرێکار ببینن

Dangi Krekar

 کرێکارانی ژینگەپارێز خۆیان ئەدوێن! ڕاپۆرت

Dangi Krekar

دەڤەری ڕاپەڕین: مانگرتنی کرێکارانی ژینگەپارێز، سەرکەوتنی بەدەستهێنا!

Dangi Krekar

Leave a Comment