کرێکارانی کارگەی ئاوی سلێمانی، خەبات لەپێناوی خواستەکاندا..درێژەی هەیە!
ڕیپۆرتاژێک لەبارەی مانگرتنی کرێکارانەوە
| دەنگی کرێکار:
زیاتر لەمانگێکە کرێکارانی کارگەی ئاوی سلێمانی کەلەلایەن کۆمپانیای ئاڵاوە بەڕێوەدەبرێ، کەوتونەتە حاڵەتی مانگرتنەوە. بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار وەک بەرئەنجامێك لەبەدواداچونەکانی بۆ مانگرتنەکە ئەم ڕیپۆرتاژەی ئامادەکردوە:
پێشینەی ناڕەزایەتی کرێکارانی کارگەی ئاوی سلێمانی:
پاش بێئەنجام مانەوەی هەوڵدانی چەند جارەی نوێنەرانی کرێکاران وخستنەڕووی داخوازیەکانیان وقسەکردنیان لەسەر ئەو مامەڵە خراپەی لەگەڵیاندا دەکرێ، بەتایبەتیش بەدوای ئەوەدا کەبەڕێوەبەرایەتی کارگەی ئاوی سلێمانی، بەمەبەستی دەمکوتکردنی کرێکاران، دوو کرێکاری کەرگەکەی بەپاساوی تێکدانی دۆخی کارگەکە لەڕێگای ئاسایشی بازیانەوە بۆچەند ڕۆژێک ڕوبەڕووی سزای زیندانی کردەوە، کرێکاران لەڕۆژی ٢٠/٨/٢٠٢٥ دا کەزیاتر لە ٣٠ کرێکار دەبوون لەبەردەم کارگەکەدا مانگرتنیان ڕاگەیاندو لێستك لەخواستەکانیان کەلە دوانزە خاڵدا گەڵاڵە کرا بونەوە، پێشکەش بەئیدارەی کۆمپانیای ئاڵا کرد، بەڵام ئیدارەی کارگە نەک هەر هیچ یەکێک لەخواستەکانی قبوڵ نەکرد، بەڵکو بڕیاری لەسەر کاردەرکردنی ١٢ کرێکاری ڕاگەیاندو ئەستۆپاکیشی بەکرێکارە گەڕێندراوەکان پڕکردەوە تا بەهیچ جۆرێک باسی خواست و مافە سەرەتاییەکانی خۆیان نەکەن.
کرێکارانی کارگە پشتیوانی لەیەکدەکەن.
ڕۆژی ١٥/٩/٢٠٢٥ بۆ پاڵپشتی کرێکارە دەرکراوەکان، ٢٢ کرێکاری تر بەنارەزایەتیەکەوە پەیوەست دەبن ودەچنە بەردەم دادگای کاری سلێمانی بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەکارگەی ناوبراو وە لەئەنجامدا بەتێکڕا ٣٤ کرێکار سکاڵا تۆماردەکەن کەبڕیار وایە لەچەند ڕۆژی داهاتودا دادگایکار ووردبینییەکانی خۆی دەست پێبکات بۆ یەکلایی کردنەوەی هەموو کەیسەکان..
بەڕێوەبەرایەتی کارگە فەرمانی کارگێڕی دەردەکات و پەنا بۆ دادگایکار دەبات
کۆمپانیای ئاڵا لەبەرواری ٣/٩/٢٠٢٥ بەژمارە ٢٨٧ فەرمانێکی کارگێڕی دەرکردەوە، کەتێیدا هاتووە:
“ئەم کرێکارانە لەدەرەوەی کۆمپانیا کۆبوونەتەوەو تەلەفۆنیان بۆ سەرجەم کارمەندانی دیکە کردووەو پێیان ووتوون دەوام نیەو کۆمپانیا ئیش ناکات وە بەهەندێکی تریان ووتووە ئیشەکانتان بەجێبهێڵن.. ئەو کارمەندانەی کارەکەیان بەجێهێشتووەو زیانیان بەکارگە گەیاندووە، هەروەها کرێکارەکانیان لەدژی کۆمپانیا هانداوە، کە دەچێتە بابی دەستەگەری و ئاژاوە نانەوەوە. ئێمە گومان دەکەین هەموو ئەمانە دەستپێکی لەپشتەوە بێت بۆ زیان گەیاندن بە کۆمپانیاکەمان، بۆیە سکاڵامان لەدژیان هەیەو بڕیارماندا بە درکردنیان لە سەرکارەکانیان بەڕاوێژ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کارو سەندیکای کرێکاران و دەستەبەری کۆمەڵایەتی داوە، چونکە بەهیچ جۆرێک ناتوانین ئامێرەکانمان و کۆمپانیا بخەینە ژێردەست کەسانێک کیشەیەیان هەبێت”
کرێکاران لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەگەریدا وەڵامی بەڕێوەبەرایەتی کارگە دەدەنەوە
یەکێک لەنوێنەری کرێکاران لەکۆنگرە ڕۆژنامەگەریەکەدا دەڵێت:
“ئێمە وەک کرێکارانی کۆمپانیای ئاڵا بۆوەبەرهێنانی ئاوی کانزایی کارگەی ئاوی سلێمانی، لەپاش بوونی چەند کێشەیەکی یاسایی لەناو کارگەکەمانداو ئاگاداکردنەوەی ئیدارەی کارگە بەشێوەیەکی مەدەنی لەبوونی ئەم کێشانەدا، بەڵام بەداخەوە گوێمان لێنەگیرا.. پاشان سێ نوێنەرمان بەنوێنەرایەتی سەرجەم کرێکارەکان، کێشەکانمان بەلیستیک گەیاندە بەڕێوەبەری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لەسلێمانی..دواتر بەڕێزیان لیژنەیەکیان نارد بۆ کارگەکە بۆ بەدواداچوونی کێشەکانمان، بەڵام بەداخەوە! هەر دوای ڕۆشتنی لیژنەکە نوێنەرانی کرێکارەکان لەکار دەرکران لەلایەن بەڕێوەبەری کارگەکەوە، پاشان ئێمە وەکو ناڕەزایەتیەک لەبەرامبەر ئەم کارەدا بڕیارماندا مانبگرین لەکارکردن پاش ئاگاداکردنەوەی بەڕێوەبەری بەشەکەمان، ئێمە ژمارەمان ٣٨ کرێکارین.. پاشان ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی کارو سەندیکای کرێکارانی سلێمانی و وەزیری کاریشمان کردەوە.
لەبەرواری ٣/٩/٢٠٢٥ بڕیاریدا لەیەککاتدا ١٢ کرێکار نانبڕاو بکات.. سەرەڕای نانبڕینمان، کۆمەڵێک تۆمەت و قسەی ناڕاست لەدژی ئێمەو بەناوی ئێمەوە کراوە لەلایەن کارگەوەو بەنوسراوی فەرمی ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی کار کرا..بۆیە لەبەرامبەردا بڕیارماندا سەرجەم کرێکارە دەرکراوەکان سکاڵا لەدادگای کار لەسەر کارگەکە تۆمار بکەین، هەرلێرەشەوە هەموو ئەو تۆمەت و ناڕاستیانەی کەخراوەتە پاڵمان ڕەتئەکەینەوە.. بۆیە لێرەوە داواکارین لەدادگای بەڕێز مافەکانمان بۆ بگەڕێنێتەوەو سنورێک بۆ ئەم نانبڕینە بەکۆمەڵە دابنــــــێن.
ئێمە ٣٨ کرێکارین، بەشێکیان گەڕاونەتەوە بەڵام پەیمان نامەیان پێ پڕکراوەتەوە کەنابێت لەمەودوا بەشداری هیچ کۆڕو کۆبوونەوەیەک بکەن و داوای هیچ داوایەک بکەن، لەپەیمان نامەکەدا نوسراوە کەئێمە ئاژاوەگێڕین و کرێکارەکانی ترمان بەزۆر هێناوەتە دەرەوە…
کرێکارێک ڕاستیەکانی دۆخی کارگە ئاشکرا دەکات
لەبەدواداچونێکی بلاوکاروەی دەنگی کرێکار سەبارەت بەدۆخی کارگەو هۆکاری مانگرتنی کرێکاران یەکێک لەکرێکارەکان ئەم راستیانەی ئاشکراکرد:
“ئێمە کۆمەڵێک کرێکاری مانگرتووی کۆمپانیای ئاڵا-ئاوی سلێمانی بووین، کەهەندێکمان ماوەی ١٠ساڵە لەوکارگەیە کاردەکەین. لەبەرئەوەی کەجەندینجار خواست و داواکاریەکانی خۆمان داوەبەبەڕیوەبەرایەتی کارگەو لەسەر مامەڵەی خراپی بەڕێوەبەرایەتیەکە قسەمان کردوەو نێگەرانی خۆمان پێڕاگەیاندون، بەڵام ئەوان لەبری ئەوەی گوێ بۆ داواکان و قسەی کرێکاران بگرن ١٢کرێکاریان لەسەرکار دەرکردووە..”
“ئێمە .لەڕۆژی ٢٠/٨/٢٠٢٥ بەناچاری لەسەر هەندێک لەمافە سەرەتاییەکانمان مانگرتنمان لەکار ڕاگەیاند، بەڵام هیچ لایەک وەڵامیان بەخواستەکانمان نەدایەوە..
ئێمە ژمارەمان ٣٨ کرێکارەو کۆی داخوازییەکانمان لە ١٤ خاڵدا کۆکردەوەو گەیاندمانە دەستی بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و سەندیکای کرێکاران لەسلێمانی، ئەوانیش ووتیان مۆڵەتمان پێبدەن هەتا بتوانین کێشەکەتان بۆ چارەسەر بکەین.. دوای چەند ڕۆژێک جگە لە ١٢ کرێکار، هەموو ئەوانی تر گەڕیندرانەوە سەر کارەکانیان بەڵام بەڵێن نامەیەکیان پێ پڕکردوونەتەوە کەبەهیچ جۆرێک نابێت لەمەودوا باسی مافەسەرەتاییەکانی خۆتان بکەن و بڵێن ئێمە ئاژاوە گێڕیمان کردووە!!.. ئەم ١٢ کرێکارەشمان هێج تاوانێکمان نیەو بەناڕەوا دەریانکردین، بۆیە ئێمەش ئەمڕۆ ٨/٩/٢٠٢٥ سکاڵای خۆمان گەیاندە دادگای کار لەسلێمانی..
لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی کارو سەندیکای سلێمانی، بەرواری ٣/٩/٢٠٢٥ چووینەوە بۆ کارگە بەڵام پێیان ووتین ئێمە بەئارەزوو وویستی خۆمان وەرتان ئەگرینەوەو لەڕێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندی ئەکەین یان نا.. داواکاری و خواستەکانمان ئەمانەیە:
مۆڵەت ٢٠ هەتا ٢٢ ڕۆژ لەساڵێکدا، ئێمە ١٢ ڕۆژەو دوانزە ڕۆژەکەشمان پێنادەن ..کاری ئیجباری دەکەین.. خواردنمان صفرەو دەبێت بەناچاری بیخۆین.. ٨ سەعات بۆ ١٢ سەعات بۆ ١٦ سەعات لەو کارگەیەدا ئەمێنینەوەو بۆمان نیە هیچ شتێک وەکو خواردن لەگەڵ خۆماندا بەرین بۆکارگە.. بیمەی تەندروستی.. نەبوونی لایەنی تەندروستی.. کرێکارمان هەبووە دەستی بریندار بووە، سەقەت بووە، ئامبوڵانسیکی تێدا نیە کەبتگەیەنێتە خەستەخانەی دەرەوە.. دکتۆرمان نیە، پێداوویستی سەرەتایی لێ نیە.. هاتوچۆمان سەختە، ٣٨ نەفەر لەناو پاسێکدایە.. مەسەلەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەبێت بەشێوەی یاسایی کۆی گشتی مووچەکە هەژمار بکرێت، بەڵام ئەوان بە چارەکە مووچەو نیوە مووچە دەستەبەریت بۆ ئەکەن ئەگەر بیشیکەن.. نەبوونی مۆڵەتی نەخۆشی.. کرێکار هەبووە نەخۆش بووە ئیجازەیان نەداوەتێ..
داخوازییەکانی کرێکاران:
ئەمەی خوارەوە گەڵالەی ئەو داخوازیانەیە کەخستویانەتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی کارگە:
١/ مۆڵەتی ساڵانە بەپێی یاسایکار کەلەساڵێکدا ٢٠ ڕۆژە، بەڵام ئێمە ١٢ ڕۆژمان هەیە لەساڵێکدا..
(مۆڵەتی ساڵانە ٢٢ ڕۆژە نەک ٢٠ڕۆژ بەپێی یاسا.. بەپێی ووتەی یەکێک لەکرێکارە دەرکراوەکان، ئەو ١٢ ڕۆژ مۆڵەتەش وەکو نەبوو وایە!!)
٢/ مۆڵەتی نەخۆشی.. وەک دەڵێن لەم کارگەیەدا بەهیچ جۆرێک مۆڵەتی نەخۆشی نیە کەلەیاسای کاری عێراقیدا ئاماژەی پێکراوە
٣/ کاری کرێکارانی ئەم کارگەیە بەشێوەی شەفتاتەو کاری زیادەیان بۆ هەژمار ناکرێت، کەیاساییە
٤/ کێشەی هاتووچۆ.. زۆرینەیجار تەنها پاصێک زیاد لەپێوویست کارمەندو کرێکاری تێدایە( زیاتر لە ٣٠ کەس)، بۆیە داواکارن پاصیان بۆ زیاد بکرێت
٥/ پێوویستە پاصەکانی کۆمپانیا لەشوێنی گونجاودا کرێکار سەربخەن و دابگرن
٦/ دەستەبەری کۆمەڵایەتی-ضمان- بۆهەموو کرێکارو کارمەندەکان بکرێت، زۆرینە دەستەبەر کراوون لەسەر چارەکە مووچەو نیوە مووچە کەپێـــچەوانەی یاسای کارە
٧/ خواردن وکوالێتی خواردن باش نیەو خراپە، داواکارن ئاڵوگۆڕی بەسەردا بهێنرێت لەجۆرێتیدا
٨/ نەبوونی تیمی تەندروستی لەناو کارگەداو نەبوونی ئامبوڵانس بۆ گواستنەوەی نەخۆش لەحاڵەتی نەخوازراودا
٩/ ڕێگا لەبەکارهێنانی مۆبایل نەگیرێت لەناو کارگەدا
١٠/ کەمی کاتی پشوو حەوانەوە.. داوا دەکرێت ڕێکبخرێتەوە
١١/ نەبوونی مەرجی سەلامەتی، ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتیەوە کرێکار برینداربووە بەهۆی ڕووداوی کارەوە
١٢/ کاتێک کرێکار کاژێر ٧:٥٠ دەقیقە دێتە ناو کارگەوە سزا ئەدرێت.
١٣/ زیادکردنی کارمەند
١٤/ نەبوونی مۆڵەتی بێ مووچەیی.. داوای ئەمجۆرە مۆڵەتە دەکرێت..
دوا ووتە: هەوڵی کرێکاران بۆ بەدەستهێنانی داخوازیەکانیان درێژەی هەیە
بێگومان ئەم مانگرتنەی کرێکارانی کەرگەی ئاوی سلێمانی بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانیان جێگایەکی گرنگی لە فەزای سیاسی وخەباتی کرێکارانی کوردستاندا گرتووە، بەتایبەتیش لەدۆخێکدا کەهەژارو نەداری گرانی و بێکاری، سەختی کارو ژیان یەخەی بەکرێکاران گرتووە. هەوڵ و خەباتی کرێکارانی کارگەی ئاو بۆ باشکردنی دۆخی کاریان وبەدیهێنانی داخوازیەکانیان، بەدڵنیاییەوە دەرگای ئۆمێد بەڕووی بزوتنەوەی کرێکاریدا دەکاتەوە تا سنورێک بۆ ئەم دۆخە دابنرێت.
بەلام ئەوەی لەم مانگرتنەدا دەبێ لەلایەن کرێکارانەوە سەرنجی لەسەر بدرێ، ئەوەیە:
یەکەم: سوربوون وڕاوەستانی کرێکاران و پاراستنی یەکڕیزی وموتمانەکردن بەهێزی خۆیان تەنها ڕێگای گەیشتنە بەداخوازیەکان. هەرجۆرە دودڵی پشتکردن لەنوینەرانی کرێکاریی، جگە لەشکست هیچ ئەنجامێكی بەدواوەنابێت. بگرە دەستی خاوەن کۆمپانیا ئاوەڵا دەکات پەلاماری زیاتر بۆ سەرکرێکاران بەڕێبخات.
دووەم: ئەو خواستانەی کرێکاران داوای دەکەن مافێکی شەرعی و یاساییە،وە بەشی زۆریان یاسا بەرکارەکانی عیراق وکوردستان دەیگرێتەوەو ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی کارگەیە بەپێی یاسا جێبەجێیان بکات. ئەوەی کەکرێکاران ڕێگای دادگاو یاسایان گرتووە، ئەتوانێ مەیدانێکی باش بێت هەم بۆ گەڕاندنەوەی کرێکارە دەرکراوەکان و هەم بۆ قەرەبووکردنەوەو جێگیرکردنی داخوازیەکان. لەمبارەوە کرێکاران دەبێ بەجدیەوە لەخەمی سکالاکانیاندا بن و بکەونە شوێنی.
سێهەم: فراوان کردنەوەی دەنگو باسی ئەم مانگرتنەو لەقاودانی مامەڵەو پڕوپاگەندەکانی بەڕیوەبەرایەتی وگەیاندنی بەمیدیاکان و کرێکارانی ناوەندەکانی تر، هەنگاوێکە کەدەبێ بەردەوام هەوڵی بۆبدرێت.
چوارەم: بەدەستهێنانی هاوپشتی کرێکاریی وڕاکێشانی کرێکارانی کارگە وکۆکردنەوەیانە لەدەوری ئەو داخوازیانەی ڕاگەیەندراوە، هەروەها پشتیوان و پشتگیری کرێکارانی کارگەکانی تر، بەتایبەتی لەناوچەی بازیان، ئەتوانێ هێزیکی گەورەتر بەم خەباتەی کرێکاران بدات. بەدڵنیایەوە بلاوکراوەی دەنگی کرێکار بەتەواوی تونا لەپشت داخوازیەکانی کرێکاران ڕادەوەستێ وخۆی بەپشتیوانیان دەزانێ وهەرکارێکیش لەتوانایدا بێت بێ دودڵی دەیخاتە خزمەت کرێکارانەوە.
