Dangikrekar.com
وتار

بارودۆخی کرێکاران لەناو سیستەمی سەرمایەداری و کەرتی تایبەتدا

بارودۆخی کرێکاران لەناو سیستەمی سەرمایەداری و کەرتی تایبەتدا

 

ڕێبین عبدولڕەحمان

 لەچوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا، شوێنیکاربەتایبەتی کارگەو کارخانەکان، ناوەندی سەرەکی دروستبونی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابورییە. لێرەدا، کرێکار وەک هێزێکی کارنەک وەک مرۆڤێکی خاوەن  ماف و کەرامەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. بەپێی تیۆری مارکس، کرێکار هیچ شتێکی بۆ فرۆشتن نیە جگە لەهێزیکارەکەی، ئەوەش لەبازاڕێکدا دەیفرۆشرێت کەخاوەن ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دەسەڵاتی تەواویان هەیە بەسەریدا. لەزۆربەی شوێنەکانی کاردا، گرنگی سەرەکی نەلەسەر ناسنامە، نەلەسەر شوێنی هاتنی کرێکار بۆ ناوەندەکانی کارە نەزمانزانین و نەلەسەر بارودۆخی ژیانی کرێکارە؛ بەڵکو لەسەر ئەوەیە تا چ ڕادەیەک دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی چالاک بۆ بەرهەمهێنانی سوودی زیاتر..

سەرەڕای ئەوەی کرێکاران لەهەر کۆمپانیاو کارگەیەکدا ئەگەر کارێک بکەن، دوچاری نادادی و چەوساندنەوە ئەبنەوە، وەکو تریش ئەگەر ڕێکخراونەبن و هێزو پێزیان پیکەوە گرێنەدابێتەوە، ئەوا ئیتر هیچ ئاسۆیەکی ڕوونیان لێدیار نابێت و بەئاسانی دەگۆڕدرێنەوە بەکرێکارێکی دەرەوە لەناو سوپای بێکاراندا کە سیستەمی سەرمایەداری بەشێوەیەکی بەردەوام پەرەی بەم دیاردە شێرپەنجەیە داوە لەپێناوی دورخستنەوەی خەتەر بۆسەر بەرژەوەندییەکانی..

موچەی مانگانەی کرێکار، کەزۆرینەی جار لەخوار ئاستی ژیانی شایستەدایە، نموونەیەکی ڕوونە لەدزین و ڕاووڕووتی هێزیکاری ئەوان.. خاوەنکار، هێزیکار دەکڕێت، بەڵام بەرهەم و قازانجی دروستبوو لەخوێن و ڕەنجی کارکردنی کرێکارەکە دەگوازێتەوە بۆ سەرمایەدار، نەک بۆ ئەو کەبەشێوەی ڕاستەقینە بەرهەمی دروستکردووە. ئەم پڕۆسەیە تەنها چەوساندنەوەی ئابووری نیە، بەڵکو دڕندەیەکی مێژووییە بۆ شێواندنی مرۆڤ بۆ ئامرازو کاڵا لەناو کەرتی گشتی و زیاتریش لەکەرتی تایبەتدا.. ئەم چەوساندنەوەیە وەک ڕێگایەکی ئاسایی کارکردن نۆرماڵکراوە. دەرکردنی کرێکار، نەک وەک دۆخێکی نائاسایی، بەڵکو وەک ئامرازی فشاردانان و ڕێکخستنی بازاڕیکار بەکاردێت. بوونی ژمارەیەکی زۆر بێکار، دەبێتە پاساوێکی سیاسی بۆ شکاندنی هەر هەوڵێکی ناڕەزایەتی، چونکە هەمیشە “جێگرەوەیەک” هەیە لەدەرە لەناو سوپای گەورەی بێکاراندا..لەلایەکی تریشەوە، دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکانی وەک وەزارەتیکارو سەندیکاکان، لەزۆربەی حاڵەتەکاندا نەک ناوەندی پاراستنی کرێکارن، بەڵکو بەشێکن  لەئامێری سەرمایەداری.

بەپێی تێگەیشتنی مارکسیستی، دەوڵەت ئامرازێکی چینایەتیە کەبەرژەوەندی چینی سەرمایەدار دەپارێزێت، نەک چینی کرێکار کەهێزیکارەکەی تاڵانفرۆشدەکات. جێبەجێ نەکردنی یاسایکار، نەبوونی چاودێری شوێنەکانی کارو بێدەنگی بەرامبەر پێشێلکارییەکان، هەموویان نیشانەی ئەم ڕۆڵە چینایەتیەن.. هۆکاری سەرەکی بەردەوامبوونی ئەم نایەکسانیەش لەدوو بنەمای گرنگ پێکهاتووە:یەکەم: لاوازی دەسەڵاتی یاسایی لەبەرامبەر سەرمایەو پارێزراوی بەرژەوەندی خاوەنکاران. دووهەمو گرنگترین: نەبوونی ئاگاداری چینایەتی و ڕێکخستنی کرێکاران لەشێوەی هێزێکی یەکگرتووی کرێکاران، سەرەڕای ئەوەی کرێکاران زۆربەیان ئاگادارن لەچەوساندنەوەی خۆیان، بەڵام بەهۆی ترسی دەرکردن، بێ‌پارێزگاری یاسایی و نەبوونی ڕێکخراوەیەکی شۆڕشگرانە، ناتوانن ئەم ئاگادارییە بگۆڕن بۆ هێزی گۆڕانکاری. لێرەدا، سیستەم نەک تەنها هێزیکار دەچەوسێنێتەوە، بەڵکو هۆشی چینایەتی کرێکاریش کۆنترۆڵدەکات.

لەکۆتاییدا، تا کاتێک سیستەمی سەرمایەداری بەشێوەیەکی بنەڕەتی ڕەخنەی لێنەگیرێت و تا کاتێک کرێکاران خۆیان وەک چینێکی یەکگرتوو ڕێکخراو نەناسێنن، هیچ چاکسازییەکی یاسایی یان فەرمی ناتوانێت ئەم زنجیرەی چەوساندنەوە و نایەکسانییە بشکێنێت. ڕزگاری ڕاستەقینەی کرێکاران تەنها لەڕێگەی ڕێکخستنی چینایەتی کرێکاران خۆیانەوە، لەڕاستای خەباتێکی یەکگرتووەوە بۆ گۆڕینی بنەمایی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان مەیسەر دەبێت.

 

Related posts

بەهۆی تەقینەوەی تایەی بارهەڵگرێک لە دەڤەری بارزان کەسێک گیانی لەدەستدا

Dangi Krekar

 ئیهانەو بێحورمەتی بەکرێكاران قەدەغەیە!   ڕێپۆرتاژێک لەناوەندی کارگەکانی ناوچەی بازیانەوە  لەبازیانەوە

Dangi Krekar

کۆمەڵگا کێ  دەیچەرخێنێ، هێزی کاری کرێکاران، یاخود پارەو پولی سەرمایەداران؟

Dangi Krekar

Leave a Comment