“دوای ئەوەی لەسەرکار دەریانکردم، داوای ئەستۆپاکی لە کۆمپانیا دەکەم، بەڵام نامدەنێ!”
گفتوگۆ لەگەڵ کارمەندێکی کۆمپانیایەکدا
سازدانی/مەحمود حەلاق
دەنگی کرێکار: ئەم کاتەت باش.، پێمباش بوو کەڕووبەڕو ئەم چاوپیکەوتنەمان کرد لەسەر کێشەو گرفتەکانت نەک لەڕێگای تەلەفۆنەوە.. سوپاس بۆ ئامادەبوونت
کارمەندەکە: زۆر سوپاس بۆ بەدەنگەوە هاتنی ئێوەش، لەڕاستیدا وامدەزانی تەنها ڕێنوێنیەک دەکەن و ئیتر تەواو، ئێستا تێئەگەم کەچەند مەسئولانە دێنە پشتی قەزیەی کرێکارو کارمەندانەوە بۆ سەندنەوەی مافەکانیان..
دەنگی کرێکار: لەساڵی چەندەوە لەو کۆمپانیایەدا کاردەکەیت؟ وە کاتیکارکردنتان لەسەعات چەندەوە بۆ سەعات چەند بەردەوام دەبێت؟
کارمەندەکە: من لەسەرەتای مانگی یەکی ٢٠٢٣ لەو کۆمپانیایە دەستبەکاربووم هەتا سەرەتای مانگی ١٢/ ٢٠٢٥.. کاتی کارکردنمان زۆربوو، لەسەعات ٩ سەرلەبەیانیانەوە بۆ سەعات ٥ ئێوارەو بەشێوەیەکی ناچاری لەڕۆژی شەممەوە بۆ پێنج شەممە. بەڵام بەحوکمی ئەوەی کە ١٥٠ دۆلار زیادەمان وەردەگرت، ناچار دەکراین هەتا سەعات ٧ ئێواران لەسەر کاربین.
دەنگی کرێکار: باسی موچەت کرد بەدۆلار، هەروەها ووشەی ناچاربوونیشت دەربڕی، ئایا مووچەتان بەدۆلار پێئەدرا؟ وەبۆچی ناچار بوون؟
کارمەندەکە: بەڵی موچەی بنەڕەتیمان بەدۆلار بوو، مانگانە ٦ سەد دۆلارم وەردەگرت هەتا سەعات ٥ ئێواران، بەڵام ١٥٠ دۆلار زیاتریان ئەدامێ بۆئەوەی هەتا سەعات ٧ بمێنمەوە، هەر بۆیە ناچاربووین کەبمێنیەوەو کەسیشمان پێیخۆش نەبوو، چونکە هەمانبوو لەناو ژیانی خێزانیدابوو، منداڵداربوو وەکو من، وە نەیئەتوانی ئەو ئیزافەکارییە بکات و پێمخۆش نەبوو بکردایە لەبەر منداڵەکانم، بەڵام ناچاربووم بۆ ئەوەی بێکار نەبم.
دەنگی کرێکار:ئایا مۆڵەت و ئایا کاتی حەوانەوەو نانخواردنتان هەبوو؟
کارمەندەکە: بەڵی مۆڵەتمان هەبوو، ئەویش لەمانگێکدا ڕۆژو نیوێکمان هەبوو.. کاتی حەوانەوە نانخواردنیشمان یەک سەعات بوو
دەنگی کرێکار: ئەی ضمان-دەستەبەرییتان بۆکراوە؟
کارمەندەکە: بەڵی دەستەبەرییمان هەیە، بەڵام بەمووچەی کەمترو هەمیشەش درەنگتر لەکاتی دەستپێکردنی کاردا داخڵکراووین، تەنها گرێبەستیکار بۆ دەستەبەریکار بۆمان کراوە لەناو کۆمپانیاداو وەکو تریش هیچ گرێبەستێکی ترمان بۆ نەکراوە.
دەنگی کرێکار: ئایا کێشەو گرفتی کار، یان گێچەڵی جنسی، یان شتێک ئەگەر هەتبێت، بیڵێیت؟
کارمەندەکە:وەکو بابەتی گێچەڵی جنسی شتێک شک نابەم، بەڵام بێگومان من خۆم کێشەم هەبووە بۆیە لەکار دەرکرام. کاتێک داوامان بکردایە کەکاری ئیزافی نەکەین، ڕاستەوخۆ پێمان دەگوترا بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە.. مووچەکەشمان کە ٧٥٠ $ بوو، زیاتر بەهۆی فرۆشتنەوە بوو، وەکو تریش لێبڕینمان هەبوو بەبڕی ٢ هەتا ٣ دۆلار بەهۆی دواکەوتنی هەر ڕۆژێک ئەگەر دە دەقیقە هەتا چارەسەعاتێک درەنگ بکەوتینایە.
دەنگی کرێکار: وویستت کێشەو گرفتی خۆت باسبکەیت کەلەسەری دەرکراوویت، ئەتوانیت بۆمان باسبکەیت؟
کارمەندەکە:یەکێک لەمافە خوراوەکانم لەمانگی ٣ ساڵی ٢٠٢٤ بوو بەهۆی منداڵێکمەوە کەلەدایک بوو، لەجیاتی ٧٢ ڕۆژ مۆڵەت کەیاساییە، تەنها ٣ هەفتە مافی دایکایەتییان پێدام ئەویش لەڕۆژی ٥/٣/٢٠٢٤ بۆ ٢٣/٣/٢٠٢٥ بەپاساوی ئەوەی کە من تاکە بەشی ژمێریاریم و کارەکان بەبێ من دەوەستێت!! لەساڵی دواتردا دووبارە لەمانگی ٤ ساڵی ٢٠٢٥ منداڵی دووەمم لەدایکبوو، بەڵام پێمگوترا ناتوانیت ئیتر هیچ مۆڵەتێکی تر وەربگریت چونکە ساڵی پێشوو وەرتگرتووە، بەڵام بەهەوڵیکی زۆری HR کەلە هەولێر دەوامیدەکرد تەنها یەک هەفتە توانیم مۆڵەتی دایکاتی دووەمم وەربگرم لەڕۆژی ٥/٤/٢٠٢٥ هەتا ١٢/٤/٢٠٢٥
دەنگی کرێکار: هەتا ئێستا چوویت بۆلای لایەنی پەیوەندیدار سكاڵا تۆمار بکەیت بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانت؟
کارمەندەکە: نەخێر، یەکەم جار لەڕێگای تەلەفۆنەکەی بەڕێزتەوە بوو کەئێوەم ناسی و پەیوەندیم پێوەکردن. بەڵام پێشتر بەدواداچوونی خۆم لەسەر ڕووداوەکە کردو پەیوەندیم کرد بە بەڕێوەبەرەکەمەوە لەبەشی ژمێریاریی لەهەولێر بەڵام بەداخەوە داواکەی ڕەت کردمەوە تا دواجار بەبێ هیچ قەرەبوو و داوای لێبوردنێکیش لەمن کەیسەکەیان داخست. ئێستا دوای ئەوەی لەسەرکار دەریانکردم، داوای ئەستۆپاکی لە کۆمپانیا دەکەم، بەڵام نامدەنێ. وەڵامیان ئەوەیە کەهەتا بڕی زیاتر لەهەزارو ٦ سەد دۆلار نەگێڕیتەوە ئەستۆ پاکیت نادەینێ و قەرزارباریشیان کردووەم. هەر بۆیە ناچار بووم کەپەیوەندی بەبەڕێزتانەوە بکەم هەتا مشورم بخۆن و مافەکانم لەڕێگای ئێوەوە وەربگرمەوە.. هیوادارم بتوانن لەم کەیسەدا یارمەتیدەرم بن، کەلێتان ڕادەبینم
دەنگی کرێکار: بەدڵنیاییەوە بەدواداچوون دەکەین و دەنگی کرێکار پارێزەری خۆی هەیە بۆ بەدواداچوونی ئەم سکاڵاو کەیسە کرێکارییانە.. بێخەم بە! بەتەنها جێتناهێڵین.. سوپاس بۆ تەرخانکردنی ئەم کاتە بۆ ئێمە.
