چاوپێکەووتنی سەرنوسەری دەنگی کرێکار لەگەڵ ڕادیۆی پێشەنگدا
ڕادیۆی پێشەنگ: هەروەک ئاگادارین لەدوایین ژمارەی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکاردا گۆشەیەکتان لەڕاگەیاندنی دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتووی کرێکاری بۆ بەرگریکردن لەخەڵکی فەلەستین بلاوکردۆتەوەو ئاماژەشتان بەوە داوە کەئێوە وەک لایەنێک بەشدارن لەپێکهێنانی ئەم بەرەیەدا.. سەرەتا دەمانەوێت بپرسین کە بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم بەرەیە چۆن هاتۆتە ئاراوەو بنەماو پێداویستیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی دامەزراندنی چیە ؟.
وەستامەهدی: ئیمە خەڵکی جیهان شاهێدی ئەوەین کەئیسرائیل سەرچاوەی ئەسڵی کێشەی خەڵکی فەلەستینەو ئەم کێشەیە بووەتە قەزیەیەك لەدرێژەی ٧٨ساڵی ڕابردودا چارەسەر نەکراوە. وڵاتانی هاوپەیمانی ئیسرائیلیش هەمیشە بەشێك بوون لەدرێژە پێدەری ئەم کێشەیە. هاوکات وڵاتانی عەرەبیش بەهیچ جۆرێك پشگیرییەکی ڕاستەقینەی خەڵکی فەلەستین نەبوون، بەردەوام بەپێی بەرژەوەندی خۆیان دەخاڵەتیان تیدا کردووە. لە ٧ی تشرینی یەکەمی پارساڵەوە ترسانکترین و خوێناویترین کۆمەڵکوژی لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بەیپشتیوانی ئامریکاو هاوپەیمانە ئیمپریالیستیە ڕۆژئاواییەکانی دژبەخەڵکی فەلەستین ئەنجامداوەو هەربەوەشەوە ڕانەوەستاوەو هێرشی بۆسەرلوبنانیش دەستپێکردووە. شاهێدی ئەوەشین کە بەشەریەتی موتەمەدینی جیهان هەڵویستی خۆیان دەربڕیوەو هەموو ئەم تاوان و دڕندەیی و داگیرکارییە ڕەتدەکەنەوەو هاتونەتە مەیدان و دنیایان کردوتە مەیدانی بەگژاچوونەوەی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان. بیرۆکەی ئەم بەرەیە ئالێرەدایە کە ئێمەش وەک چالاکوانی ناو بزووتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی ناوچەکەو ووڵاتانی عەرەبی بەرەیەکی سەرانسەری کرێکاری بۆدیفاع لەکرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی فەلەستین پێکبهێنین و بتوانین لەم کەناڵەوە خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ووڵاتان عەرەبی پێکەوە گرێبدەینەوە بەئاقاری بزوووتنەوەیەکی سەراسەری کرێکاری لەهەموو ناوچەکەدا کەبتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر ڕووداوو پێشهاتەکان. لەم پێناوەشدا حەلکردنی مەسەلەی فەلەستین و کۆتایی هێنان بەمیحنەتەکانی خەڵکەکەی و بەتایبەتی چینی کرێکاری فەلەستین.
ڕادیۆی پێشەنگ: ئەولایەنانەی کەبەشدارن لەپێکهاتنی ئەم بەرەیەدا کێن وئەو ئامانجانە چین کەلایەنەکان لەسەری ڕێککەوتوون؟ ئایا کارەکانی ئەم بەرەیە بەکوێ گەیشتووە؟
وەستامەهدی: زیاتر لە٢٥ ڕێکخراوو فیدراسیۆنی کرێکاری سەربەخۆ، ڕۆژنامەو گۆڤارە کرێکارییەکان، یەکێتیە کرێکارییە جۆراوجۆرەکان، چەند زانکۆیەک لەووڵاتانی عەرەبی، چەندین ئەحزابی سۆسیالیستی و چەپ و لەگەڵ چەندین کۆمەڵەی چەپ و کرێکاری تر لەسەرانسەری ناوچەکەو ووڵاتانی عەرەبیداو هێشتاش لەڕێگای پەیوەندییەکانەوە دەیان کۆمەڵەو ناوەندی ئازادیخوازان و کرێکاری و چەپ بەنیازن لەئایندەیەکی نزیکدا بەم بەرەیەوە پەیوەس بن. ئامانجی سەرەکی و ڕیشەیی ئەم بەرەیە ڕێکخستنی چینی کرێکارە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەستنەوەیەتی بەڕێکخراوە کرێکارییە سەربەخۆکانی تری جیهانەوە، ئەم بەرەیە قۆناغی بنەڕەتی خۆی تێپەراندووە بەفەرمی و بەیاننامەی پێکهێنانی ڕاگەیاندووەو هەیئەتێکی تەنفیزی بەناوی (الامانة العامة )ی پێکهێناوە کەپێكهاتووە لە ١٢کەس و لەماوەی داهاتوودا کاروباری ناوخۆی بەرەکەش تەواودەبێت و دەست بەچاڵاکیەکانی خۆی دەکات.
ڕادیۆی پێشەنگ: ئاماژەتان بەچەند ڕێکخراوێکی کرێکاریی کرد کەلەبەشێک لەوڵاتانی عەرەبیدا کاردەکەن، پێگەی ئەم ڕێکخراوانە چیەو چ پەیوەندیەکیان بەدەسەڵاتداران و حکومەتەکانی ئەم ووڵاتانەوەهەیە؟ لەکاتێکدا ووڵاتەعەرەبیەکان بەردەوام مەسەلەی فەلەستین بۆبەرژەوەندی خۆیان بەکارهێناوەو بوونەتە بەربەستێک لەبەردەم چارەسەری کێشەی فەلەستیندا؟
وەستامەهدی: هەموو بەشدرابووانی ئەم بەرەیە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکارین و هیچ پەیوەندیەکیان بەحکومەتەکانیانەوە نییە لەدژی زوڵم و ستەمی خاوەنکارو دەسەڵاتداران وخەباتی چینایەتی دەکەن لەپێناوی باشکردنی هەلومەرجی کارو ژیانی کرێکاران، ئەوانەشی کە وەك حزب بەشدارن، ئۆپۆزیسیۆنی سیاسین لەوڵاتەکانی خۆیاندا. ئامانجیش لەم بەرەیە گۆڕینی باڵانسی هێزی کرێکارییە لەیەک یەکی ووڵاتانی ناوچەکەدا بەجۆرێک کەبتوانێت ڕێگا لەهەر جەنگ و کاولکارییەک بگرێت لەئەگەری هاتنەپێشەوەیداو جەنگ و کاولکاری دووربخاتەوە لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی..
ڕادیۆی پێشەنگ: ئێوە وەک لایەنێکی بەشدار لەم بەرەیەدا دەتانەوێت چیبکەن؟ پەیامتان بۆ کرێکاران وخەڵکی کوردستان چیە؟
وەستامەهدی: بەشداری ئێمە لەو بەرەیەدا بەئامانجی هەرچی زیاتر فراوانکردنەوەی بزووتنەوەی کرێکارییە بەجۆرێك چالاک بکرێت کەهاوسەنگی هێز بگۆڕێت هەم بەقازانجی کرێکاران و هەم بەفشاری ئەم بزوتنەوەیە بتوانرێت دەستی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ببەسترێت لەپێش هەر شتێکدا ئەم جەنگ و قەتڵ وعامەی خەڵکی فەلەستین ڕابگرێت. هەروەها بتوانێت لەڕیشەوە ئاڵوگۆڕ بەقازانجی کۆمەڵگا دەستەبەربکات. پەیامی ئێمە بۆ چینی کرێکاری کوردستان هەرئەوەیە بەهەرجۆرێك بۆیان دەکرێت بەم بەرەیەوە پەیوەست بن لەپێناوی بەهێزکردنی بزووتنەوەی کرێکاری لەناوچەکەداو لەپێناوی ژیان و ئایندەیەکی باشتردا.