قەوارەی هەرێم..ئینجا بەمن چی!
ئەم ڕۆژانە چ لەنێو میدیاکاندا و چ لەناو کۆرۆ کۆمەڵی ڕۆشنبیرو سیاسیەکاندا گوێمان لەوە دەبێت کەقەوارەی هەرێم لەبەردەم مەترسی و،هەڵوەشاندنەوەدایە بەتایبەتیش هەم حزبەکانی دەسەڵات و هەم ئەوانەی لەدەرەوەی دەسەڵاتن لەچاوی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە باسی ئەم بابەتەدەکەن. حزبەکانی دەسەڵات باس لەوە دەکەن کەدەبێت ئەم قەوارەیە ببپارێزرێت چونکە دەستکەوتی خەڵکی کوردستانە، ئەوانی تریش دەڵین ئەم قەوارەیە هیچ بۆ کەس ناکات، نەموچە دەدات و نەخزمەتگوزاری، تەنانەت ئەم قەوارەیە بۆتە لانکەی تاڵانچێتی و گەندەڵکاران، کەوایە با پەنا بۆ بەغدا بەرین وکێشەی موچەو داهاتەکانمان چارەسەربکەین و زۆر قسەی تر..
من وەک کرێکارێک بۆچونێکی ترم هەیە.
سەرەتا با لەوانەوە دەست پێبکەین کە دەڵین ”بەغدا چارەسەرە“. ئەو بەشەی کەئەم لایەن و کەسانە دەێڵێن کەقەوارەی هەرێم دەسەڵاتی چەند حیزبێکی گەندەڵ و تالانچی بەڕێوەی دەبەن وژیان و گوزەرانی خەڵکیان بەبازاڕی ئازادی کۆمپانیاکان سپاردوە، قسەیەکی ڕاست دەڵین، بەڵام ئەم لایەنانە خەڵک پەلکێشی حوکمەتێک لەعێراقدا دەکەن کە وەک حزبەکانی لای خۆمان بەڕێوەی دەبات، سەرتاپایان گەندەڵ و تاڵانچێتیە. واتە دەسەڵاتێک لە بەغدا هەیە هەروەک ئەوەی کوردستان خەڵکی کرێکارو نەداری ژێردەستی خۆی گیرۆدەی بێکاری و هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزاریەکان کردوە. ئایا حکومەتێک کەناوی خۆی ناوە حکومەتی فیدڕال، کاتێک لەسەر زوڵم کردن وناعەدالەتی وەستابێت، ئەبێ چ خێرێکی بۆ خەڵکی کوردستان هەبێت!. ئاخر ئەو هەموو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانەی خەڵکی شاری بەغداو بەسراو وناسریەو..، بەڵگە نییە بۆ ئەوەی کەحکومەتی عێراقیش گەندەڵ و تاوانکارە!. هەربۆیە ئەوانەی کە گەڕانەوە بۆ بەغدا بەچارەسەری خەڵکی کوردستان دەزانن، جگەلەوەی ڕاستیەکان دەشارنەوە وخەڵكی کوردستانی پێ چاوبەست دەکەن، هاوکات دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە دەنگی خەڵک کۆبکەنەوە، هەتا کورسی پەرلەمان و وەزارەتەکانی هەر ئەو حکومەت و نیزامە بگرنەدەست کەقەوارەی هەرێم بەڕێوە دەبات. بۆیە بەڕای من نابێت هیچ کرێکارێک بەقسەی ئەم حیزب ولایەنانە باوەڕبکات وپشتگیری لە سیاسەتەکانیان بێت.
ئەوانەشی کە داکۆکی لەقەوارەی هەرێم دەکەن، زیاتر حزبەکانی ناو دەسەڵاتن، کەمەبەستیانە لەژێر ناوی ”قەوارەی هەرێمدا“ داکۆکی و پارێزگاری لەدەسەڵاتی خۆیان بکەن بەناوی دەستکەوتی خەڵکەوە، کە زیاتر لەسی ساڵە ژیانی خەڵک دەهاڕێت. کارنامەی حزبەکانی دەسەڵات پڕە لەتاوانکاری و زوڵم و چەوسانەوە، بۆیە کرێکاران نابێت بەپروپاگەندەی ئەم حزبانە هیچ باوەڕیکیان هەبێت. کەوایە ڕێگا چارە چیە وکرێکاران دەبێت لەکوێی قەوارەی هەرێمدا ڕاوەستن؟
ئێمە کریکاران و خەڵکی ستەم لێکراوی کوردستان، کە بەدەست بێکاری و نەبوونی و برسێتیەوە دەناڵێنین، ئێمە کەموچەکانمان کەمەو پێمان نادرێت، ئێمە کەگیرۆدەی نەبوونی ئاووکارەباو ڕێگاوبانی باش ومەکتەب و خۆێندن و دەرمان و چارەسەری خۆڕاییەوەین، ئێمە کەپارچە زەویەکمان نیە بۆ کونجێک کەتیایدا بحەسیننەوە، ئیتر قەوارەی هەرێم بەئێمەچی! کەوایە ڕێگا چارەیەک بۆ ئێمەی کرێکار نەگەڕاندنەوەیە بۆ بەغداو نەشوێنکەوتنی پڕوپاگەندەی حزبە دەسەڵاتدارەکانە، بەڵکو هەوڵ و تێکۆشانی یەکگرتوانەو ڕێکخراوی کرێکاران خۆیانە کەکۆمەڵگا بەدەستەوە بگرن. واتە دەبێت کرێکاران خەباتی خۆیان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا پەرەپێبدەن وقەوارەی خۆیان دامەزرێنن وجەماوەری زەحمەتکێشی بۆ بانگەواز بکەن.
لەیەک وتەدا، خەباتی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش بۆ وەلانانی دەسەڵاتەکانی ئێستا چ لەکوردستان و چ لەعێراق ودامەزراندنی دەسەڵات و سیستەمێک کەلەلایەن جەماوەر خۆیانەوە و بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەڕێوە ببرێت، ئەو ڕێگا چارەیەیە کە نەک هەر کۆتایی بەم زەلکاوە دەهێنیت کەژیانی خەڵكی کوردستانی تێدا ڕاگیراوە، بەڵکو دەرگاش بۆ گەیشتن بەژیانێکی خۆشگوزەران و ئاسودە دەکاتەوە..