Dangikrekar.com
گفتوگۆ

گفتوگۆی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، لەگەڵ وەستا حەسەن، هەڵسوراوێکی کرێکاریی

“نایەکگرتوویی و نەبوونی  ڕێکخراوێکی سەراسەی کرێکاریی، بووەتە هۆی ئەوەی کەزیاتر کرێکاران بچەوسێنرێنەوەو زیاتر بکەوونە بەر بێکارییەوە”

گفتوگۆی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، لەگەڵ وەستا حەسەن، هەڵسوراوێکی کرێکاریی

دەنگی کرێکار: لەئێستادا چۆن دەڕواننە هەلومەرجی کارو گوزەرانی کرێکارانی بیناسازی لەکوردستان و بەتایبەت لەهەولێردا.

وەستاحەسەن: مەسەلەیەک کەپەیوەندی بەبێکاری و بەکرێکارانی بیناسازی و هەموو ئەو هێزی کارەی کەلەدەرەوەی ووڵاتەوە دێن بۆ ئێرەو دیسانەوە فەرامۆشکردنی هێزی کاری ناوخۆیی، بەشێکی پەیوەندی بەهێزی کاری هەرزانەوە هەیەو بەشێکی دیکەشی پەیوەندی بەخودی کۆمپانیاکانەوە هەیە. من لەو باوەڕەدام ئەو کرێکارە بیانیانەی کەلەلایەن کۆمپانیاکانەوە دەیانهێنن جۆرێک لەپاراستنی نهێنیەکانی چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو ماددەو بابەتانەیە کە لەپڕۆژەکانی بیناسازیدا دروستی دەکەن. ئیستغلالکردن وفرسەت وەرگرتن لەو مەسەلەیە، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ناهوشیاری کرێکاران و نایەکگرتوویی کرێکاران لەبەرامبەر کۆمپانیای وەبەرهێناندا، کرێکاران زیاتر بێکار دەکات، بێکاری و لەشکری بێکاری زیاتر دەکات. مەسەلەی وابەستەبوونی سەرمایەگوزاری کوردی و وەبەرهێنەرانی کوردی بۆخۆیان زیاتر کار لەسەر ئەوە دەکەن کە کرێیەکی کەمتر بدەن بەکرێکارانی بیانی. نەبوونی هوشیاری و یەکلایی نەبوونەوەی کرێکاران لەدروستنەکردنی ڕێکخراوێکی خۆیانداو نەبوونی ڕێکخراوێکی تۆکمەی کرێکاری، ووردە ووردە بێکاریش زیادو زیاتر دەبێت. هەل و مەرجی کرێکاران خۆیان لەگەڵ نایەکگرتوویی و نەبوونی  ڕێکخراوێکی سەراسەی کرێکاریی، بووەتە هۆی ئەوەی کەزیاتر کرێکاران بچەوسێنرێنەوەو زیاتر بکەوونە بەر بێکارییەوە.

یەکێک لەو خەسڵەتە تایبەتیانەی ڕاپەڕین و دوای ڕووخاندنی بەعس و کرانەوەی هەل و مەرجی ئابووری ئەم ناوچەیەیە، بەشێکی پەیوەستە بەسیستەمی تەمبەڵخوازییەوە کەگرنگی خۆی هەیە، چونکە سەرمایەگوزاری تێیدا سەرمایەگوزارییەکی پیشەسازی نیە، کەمتر سەرمایەداری پێشەسازییە. ئەوەی پەیوەندی بەسەرمایەداری پیشەسازییەوە هەیە لەم ووڵاتەدا غائیبە، هەموو شتێک هاوردە دەکرێت. ئەوەی کەپەیوەندی بەسەرمایەی عوملە-سیولەوە هەیە کەخۆی لەبیناسازی ئاپارتمان و شوققەو ئوتێل و شوێنە جێاجیاکاندا دەبینێتەوە لەم ناوچەیەدا بووەتە بەشێک لەپیشەی سەرمایەداری لەووڵاتی ئێمەدا. لەم حاڵەتانەدا کرێکاران نایەکگرتوون لەبەرامبەر ئەوەی کەپێویستە لەیاساکانی کاردا شارەزاییان هەبێت، ئەگەر جاروبار سەندیکای کرێکارانیش کەهەمیشە بەناوی کرێکارانەوە قسەوباسێکیان هەبێت، ئەوا زیاتر سیاسەت وئەجێندای حزبەکانیان دەبەنە پێشەوەو هیچ بۆ کرێکاران ناکەن.. بۆیە من پێم وایە بەهۆی نەبوونی هوشیاری لەلایەک ونەبوونی ڕێکخراوێکی کرێکاری لەلایەکی ترەوە، ئیتر ناتوانن کرێکاران ڕێگا لەپەلامارەکانی ئەوان بگرن.

دەنگی کرێکار: بەردەوام باسی بێکاری لەناوکرێکاراندا یەکێکە لەباسی ڕۆژ، کەچی هیچ جووڵانەوەك نابینین لەکوردستان لەلایەن بێکارانەوە کە بەشێوەکی ڕێکخراو بەدوای شیعاری کار یان بیمەی بێکاریەوە بن، بەشێك لەبێکارەکان لەهەوڵی ئەوەدان بڕۆنە دەرەوەی وڵات لەبەرنەبوونی هەلی کار، لەلایەکی تریشەوە دەیان پرۆژەی بیناسازی هەیەو هەزاران کرێکار کاری تێدا دەکەن، بەڵام کرێکاری وڵاتانی بیانین، ئایا ئێوە لەسەر ئەم دیاردەیە دەڵێن چی؟ ئایا ئەوە کرێکارانی کوردستانن کارناکەن ؟یان وەبەرهێنەرانی کوردستانن کار بەکرێکاری ناوخۆنادەن؟ ڕێگە چارە بۆئەم وەزعە چییە؟لەناو کرێکاراندا باسی ئەوە دەکرێت کە ئەوە کرێکاری تورکو ئێرانی و نایجیری و بەنگالین شوێن کارەکانیان لێداگیرکردوون،  بەبڕوای ئێوە قسەیەکی لەم جۆرە بەقازانجی کرێکارانە یان بەقازانجی خاوەن کارو کومپانیاکان؟

وەستا حەسەن: لەم بەشەی پرسیارەکەتدا کەتایبەتە بەمەسەلەی دروستکردنی جیاوازی لەنێوان کرێکارانی کوردو تورکی و ئێرانی و بەنگلادیشی و ئەوانە کە گوایە بووبێتە هۆی ئەوەی کە بێکاری لێدروست کردبێت، ئەوە شتێکی نالۆژیکیە، ئەگەر کرێکارانی کوردستان نەتوانێت شرۆڤەی گوزەران و ڕێکخراوبوونی کرێکارانی خۆماڵی بکات و نەتوانن یەکگرتووبن و هەڵوێستێکی کرێکارانەیان نەبێت، لەو باوەڕەدام بەرامبەر بەکرێکارانی بیانی هەڵوێستێکی لۆژیکی و جێگیریان نابێت، بەمانایەک ناتوانن باسی هاوپشتی و هاوخەباتی ئەو کرێکارانە بکەن. کرێکارانی هاتوو بەهۆی نەبوونی یاسایەکی تەندروست لەلایەن حکومەت وسەندیکاو وەزارەتی کارەوە، خودی کرێکارانیش کەڕێکخراوێکی سەربەخۆو چالاکیان نیە، ئیتر هەل و مەرجەکان هەروا دەبێت. ڕەنگە بۆئەوەی تۆ پەردەپۆشی ناڕێکخراوەیی خۆت بکەیت، لەسەر ئەو هەمووە دۆخە نالەبارە، ئیتر تۆ بیخەیتە ئەستۆی ئەوانەوەەو ئەوان تاوانبار بکەیت. ئەمە لەقازانجی کرێکاراندا نیە.

دەنگی کرێکار: گرانی و بێکاری وپێنەدان ولێگرتنەوەی موچەو لەسەرکار دەکردن، سەعات کاری زۆر بۆکرێکارانی کوردستان بەجۆرێکە وای لەکرێکاران کردووە کە مل بەسەخت ترین هەلومەرجی کاربدەن، ڕێگە چارەی گونجاو بۆ دەربازبوونی کرێکاران لەم دۆخەدا چییە؟

وەستا حەسەن: دواجار لەسەر مەسەلەی نەدانی مووچەی کرێکاران، لەبەرئەوەی کرێکاران ڕەنگە لەڕووی مووچەو داهاتی مووچەوە کەمترین داهاتێکیان هەبێت یان کەمترینیان هەبێت، بۆنموونە پیشەوەرەکانی تر لەحکومەتی هەرێم کارمەندن، ئەو کرێکارانەی کرێکاری دەکەن لەناوەندە جیاجیاکانی حکومەت و ئەوانەی لەدەرەوەی ئەویشدا، یەکەمجار گەورەترین کێشە بۆ کرێکاران دروست دەبێت، لەبەرئەوەی داهاتی کرێکاران داهاتێکی سنوردارو کەمە، بەزووترین کات کاریگەری لەسەر کرێکاران دائەنێت بەجۆرێک کە نەتوانن بژێوی ژیانیان فەراهەم بکەن. ئەوەی کە پێم وایە ئەدەوێت لەدۆخی ئێستای کرێکاران و بێکاری ونەهێشتنی بێکاری باسێک بکەم، تەنهاوتەنها لەگرەوی خڕبوونەوەو کۆبوونەوەی کرێکارانە لەدەوری ڕێکخراوێکی چالاک کەبتوانێت مافەکانی کرێکاران لەکەمکردنەوەی سەعاتی کار، لەزیادکردنی کرێ دەستبەر بکات. هەرکاتێک کرێکاران یەکگرتوو نەبوون حکومەتی هەرێم لەنەدانی مووچەو ڕێکنەخستنی کارەکانیان باڵادەست دەبێت، باڵادەستبوونی حکومەت بەرامبەر بەکرێکارانی ئێمە هەر ئەو خاڵە لاوازانەیە کەکرێکاران لەڕووی ڕێکخراوەیی و لەڕووی یەکگرتوویی نەیانتوانیووە بەرامبەر بەوهێزە بتوانن مانگرتنی گەورە بۆ هاوئاهەنگی و هاودەنگی یەکتر وەڕێ بخەن، ئەوە بەشێکە لەوەی کەفرسەت بەدەسەڵاتدارانی هەرێم بدرێت کە هەرکاتێک بتوانن لەنایەکگرتووێ کرێکاران قازانج بکەن و بتوانن سەعاتیکار زیاد بکەن و کرێ نەدەن و کرێش کەم بکەنەوە. ئەمە یەکێکی ترە لەتایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری کەقازانجی زۆری لێکردووە. هەمووشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەکرێکاران نایەکگرتوون. یەکگرتنی کرێکاران ولەدەوری یەکتری کۆبوونەوەی کرێکاران لەپێناوی مافەکانی خۆیاندا، دەتوانرێت هەموو ئەو ماف و ئیمتیزاتانە وەربگیرێتەوەو خواستی خۆیان بەمسۆگەری فەرز بکەن. بەڵام نایەکگرتوویی و ناڕێکخراووی کرێکاران و ناهوشیاری ئەوان بەبێ ڕێکخراوێکی کرێکاری چالاکانەی کەبەڕاستی پارێزەری کرێکاران بێت بەبێ جیاوازی، خۆی لەخۆیدا نەک هەر یەکێکە لەو خاڵە هەرە لاوازانە کەکرێکار نەیتوانیووە ژیانێکی باشتری لەئێستای هەبیت، بەڵکو هەرئەمەش بووەتە هۆی پاشەکشە پێکردنی کرێکاران و بەم هۆیەشەوە پەرتەوازە بوونیان.

لەساڵانی نەوەدەکان چونکە کرێکاران یەکگرتووبوون لەبەرامبەر مافەکانی خۆیاندا، دۆخیان بەمجۆرە نەبوو دەیانتوانی خواستەکانیان فەرز بکەن، بەڵام ئێستا بەهۆی سیستەمی زاڵی ئەم ناوچەیەو پاشەکشەی کرێکاران لەئەنجامی نایەکگرتوویی خۆیانەوە دۆخەکان سەخت تر و دژوارترە لەبەرامبەر کرێکاراندا. سیاسەتی تەمبەڵکردن لەلایەن ئامریکاو بانگەشەکەرانی دیموکراسی و بازاڕی ئازادەوە، نەیانهێشتووە کرێکاران یەکگرتووبن. دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمیش زیاتر وای لەخەڵک کردووە فریو بەتەمبەڵی و بێکاری بخۆن و لەتەمبەڵیدا پارە پەیدا بکەن، بەم هۆیە کۆنترۆڵی کرێکارانیان کردووەو کرێکارانیش بەهۆی نایەکگرتوویی خۆیانەوە بەم دۆخەی ئێستا گەیشتووون

Related posts

ڕووداوەکانی شوێنی کار

Dangi Krekar

سەرنوسەری بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار نامەیەک ئاراستەی ڕێکخراوی کاری جیهانی ILO دەکات

Dangi Krekar

“لە ئەگەری فەوتانی ساڵێکی خوێندندا، لایەنی پەیوەندیدار بە هۆکار دەزانین”

Dangi Krekar

Leave a Comment