گۆڕینی ئەم هەلومەرجە سەختە لەگرەوی یەکریزی مووچە خۆراندایە”
گفتوگۆی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار سەبارەت بەکێشەی موچە
دەنگی کرێکار لەسەر پرسی مووچە گفتوگۆیەکی لەگەڵ یەکێک لەمووچە خۆرانی حوکمەتدا سازکرد. بەڵام مووچە خۆرەکە داوای لێکردین کە ناوی نەهێنین. فەرموون ئێوەو دەقی ئەو گفتوگۆیە بخوێننەوە.
دەنگی کرێکار: سەرەتا با لەو پرسیارەوە دەست پێبکەین کە ئێوە وەک مووچەخۆرێکی حکومەت چۆن دەڕواننە ئەم دۆخەو کێشەو گرفتی پێنەدانی مووچە چییە؟
مووچەخۆرەکە: سوپاس..کارێکی باش دەکەن کەسەبارەت بەدواکەووتن و پێنەدانی مووچە بەدواداچون دەکەن، چونکە مووچە وەک هیچ شتێکی تر نییە، دواکەوتن یان بڕین یان کەمکردنەوە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی مووچەخۆران دائەنێت، چونکە مووچەخۆر لێپرسراوێتی بەخێوکردنی هاوسەرو منداڵی لەسەرەو ئەگەر مووچەخۆرەکەش ژن بێت دیسانەوە بەشێک لەو لێپرسراویەتیەی دەکەوێتە ئەستۆ. ئێوە پرسیارتان کرد کە چۆن دەڕوانیتە دۆخی پێنەدانی مووچە؟ من پێم وایە ئەم دۆخە کە بۆ مووچەخۆران هاتۆتە پێشەوە، لەو شوێنەوە سەرچاوە ئەگرێت کەیەکەم شت حکومەت ووردە ووردە سیاسەتی بەتایبەتی کردنەوەی کەرتی گشتی دەباتە پێشەوە ونایەوێت کەرتی گشتی بهێڵێتەوە، دەیەوێت لەپرۆسەیەکدا هەرچی دامودەزگاکانی خزمەتگوزاری گشتی هەیە ڕادەستی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان بکات. ئەمە بۆچی؟
لەبەر ئەوەی هەر ئێستاکە مووچەی مووچەخۆرانی حکومەت ڕاوەستاوە، کەرتی تایبەت کێشەی موچەیان نییە، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە، هەموو کاتێک کە کێشە بۆ مووچە دروست دەبێت، کێشەیەکی سیاسیش دێتە پێشەوەو پرسی مووچەش وەک وەرەقەیەکی فشار لەلایەن هەردوو ودەسەڵاتی سیاسی لەبەغداو لەهەرێمی کوردستاندا بەکار ئەهێنن. ئێستاکە لەهەرێم حکومەت موچەی مانگی حەوت و هەشت و مانگی نۆش واخەریکە تەواو ئەبێت هێشتا نەیداوە، بیانوەکەشی ئەوەیە کە بەغدا موستەحەقاتی نەناردووە، بەغداش ئەڵێت حکومەتی هەرێم داهاتی فرۆشتنی نەوتی نەناردووە، بۆیە بەبڕوای من ئەمە نە یەکەم جار ئەبێت کێشەو گرفتی پێنەدانی مووچە بەرۆکمان پێدەگرێت و نە ئاخرین جاریش دەبێت. ئێستا بەپێی لێدوانی بەرپرسانی سیاسی بێت ڕێکەوتن لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمدا کراوەو گوایە ئیتر مووچەش دێت، بەڵام لەوانەیە لەدوای ماوەیەکی ترو بەبیانوویەکی ترەوە دیسان گرفت و کێشە بهێننەوە پێشەوە.
دەنگی کرێکار: زۆر باشە، کەواتە مووچە خۆران چی بکەن! خۆ ئەوە چەندین ڕۆژە پرۆسەی خوێندنیش دەستی پێکردووە! بەڵام دەبینیت لەزونی سەوزدا مامۆستایان بایکۆتیان کردووەو بەردەوامیشە، دوو ڕۆژیشە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت کارمەندەکانی خۆی ڕاسپاردووەکە نەیەنەوە بۆسەرکار، ئێوە لەسەر ئەمە چی دەڵێن؟
مووچەخۆرەکە: تۆ ئەزانیت ئەگەر بایکۆت لەقازانجی مووچەخۆراندا بوایە، ئەوا حکومەت بەزۆر موچەخۆرانی دەبردەوە بۆ سەر کارەکانیان! چوونەوە بۆ ماڵەوەو بەبێدەنگی هیچ شتێک چارەسەرناکات وبایکۆت تاقیکرایەوە بەبێ دەستکەوت. بەڕای من ئەبێت هیچ مووچەخۆرێک بایکۆت نەکات، بەڵکو هەموو بچینەوە سەرکارو ئینجا لەوێ مانگرتن لەکار ڕابگەیەنین. کەئەوەش دەبێت بەکۆبوونەوەی گشتی و لەو کۆبوونەوانەشدا دەیان پێشنیاری جۆراو جۆر دێتە پێشەوە ودەکرێت، بەم هۆیەوە ئێتر مووچەخۆریش بێدەنگ نابێت، ئەوە ڕێگایەکی زۆر باشترو کاریگەرترە لەڕۆشتنەوە بۆ ماڵەوەو لەچاوەڕوانی ڕێکەوتنی و سیاسی بێ بنەمای ئەم دوو حکومەتە فاشلەی بەغداو هەرێم کات بگوزەرێنین. من دەزانم کە زۆر شتمان کردو وەڵاممان وەرنەگرتەوە، بەڵام هەتا ئەو کاتەی کە توانای گۆڕینی ئەم سیستەمە پەیدا ئەبێت، ئەبێت ئەم دەسەڵاتە فەزح بکرێت. لەئێستادا مووچەخۆران دەتوانن وە ئێمکاناتی ئەوە هەیە کەدەعوانامەیەک بەناوی هەموو مووچە خۆرانەوە بدرێت بەدادگای لاهای وتیایدا باسی ئەو زوڵم زۆرە بکرێت کە حوکمەتی بەغداو حکومەتی هەرێم لەمووچە خۆرانی دەکەن، بەبڕوای من هەتا ئەم کۆکتێلە لەئەحزابی ملیشیای چەککدار لەسەرکار بێت، ئێمەی مووچە خۆرانیش دۆخەکەمان لەئێستا باشتر نابێت. لەکۆتاییشدا، دەمەوێت بڵێم گۆڕینی ئەم هەلومەرجە سەختە لەگرەوی یەکریزی مووچە خۆراندایە.