Dangikrekar.com
بابەتی هەڵبژاردە

 بڕیاری قەدەغەکردنی سووکایەتیکردن بەکرێکارانی بیانی و نەعرەی نەتەوەپەرستی   

 بڕیاری قەدەغەکردنی سووکایەتیکردن بەکرێکارانی بیانی و نەعرەی نەتەوەپەرستی   

   |  دواستوونی دەنگی کرێکار 

بڕیاری قەدەغەکردنی سوکایەتیکردن بەکرێکارانی بیانی بەپێی نوسراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی (ژمارە ١١٧١١ لە ٢٠٢٦/٩/٣)، بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی کرێکارانی بیانی خزمەتگوزاری ماڵان بەتوندی قەدەغە کرا. ئەم بڕیارە هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی ڕێگری لەسوکایەتیکردن و بڵاوکردنەوەی وێنەیان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بکرێت و کەرامەتیان بپارێزرێت. بەڵام ئەمە تەنها ڕووکەشە ولەجەوهەردا کێشەکە گەورەترە. کاتێک مرۆڤێک ناچار دەبێت لەبەر پاروویەک نان، وڵاتەکەی خۆی بەجێبهێڵێت و ڕوو لەهەندەران بکات، نابێت ببێتە کەرەستەی گاڵتەجاڕی و ڕیکلامی کۆمپانیاکان و خاوەنکارە بێویژدانەکان.

هەمیشە دەسەڵاتداران و سەرمایەداران نەتەوەپەرستی و جیاوازی نەتەوەییان بەکار هێناوە بۆ ئەوەی ڕیزی کرێکاران لەتلەت بکەن و لەیەکتر جیایان بکەنەوە. ئەوان دەیانەوێت بڵێن کێشەی سەرەکی ناسنامەو زمان و ڕەگەزە، لەکاتێکدا کێشەی ڕاستەقینە ئەوەیە کەسەرمایەدار هەر دووکیان دەچەوسێنێتەوە. کاتێک کرێکارێك بەهۆی نەتەوە یان ڕەگەزەکەیەوە سوکایەتی پێدەکرێت، ئەمە تەنها ستەمێکی کەسی نییە، بەڵکو پیلانێکی دەسەڵات و سیستەمەکەیە بۆ ئەوەی چاوی خەڵک لەسەر دزی و گەندەڵی کۆمپانیا گەورەکان لاببات و شەڕ بخاتە نێوان خودی کرێکارانەوە. کۆمپانیاکانی هێنانی هێزیکار، مرۆڤ وەک کاڵایەکی بێبەها دەبینن. ئەوان کرێکاران لە سنورەکانەوە دەگوازنەوە تەنها بۆ ئەوەی هەرزانترین کرێکار بخەنە خزمەت قازانجە زەبەلاحەکانی خۆیانەوە. زۆرینەی ئەم کرێکارانە هیچ گرێبەستێکی فەرمی و دەستەبەرییەکیان نییە؛ نەپشوویان هەیەو نە بیمەش. سەروەت و سامانی کۆمپانیاکان لەسەر خوێن و ڕەنجی ئەم کرێکارە بێتاوانانە دروستبووە، کە نەک هەر کاتژمێرێکی زۆر کار دەکەن، بەڵکو کەرامەتیشیان دەشکێنرێت.

لەڕوانگەی دەنگی کرێکارەوە تەنها سزادان بەس نییە، بەڵکو دادپەروەری مەرجەو تەنها دەرکردنی بڕیار دژی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڕووشاندنی کەرامەتیان کێشەکەلەڕیشەوە چارەسەر ناکات. حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت نەک هەر سزای بڵاوکردنەوەی وێنەو ناوزڕاندیان بدەن، بەڵکو خاوەنکارەکانیش ناچار بکەن یاسایکار وەکو ئەوەی هەیە، جێبەجێ بکەن. دەبێت چاودێریی وردی کارگەو کۆمپانیاکان بکرێت بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە کەکرێکاری بیانیش وەک هەر کرێکارێکی تر هەموو ماف، ئیمتیازات و دەستەبەرییەکی هەبێت. پاراستنی کرێکار تەنها بەمووچەیەکی کەم تەواو نابێت، بەڵکو دەبێت شکۆو کەرامەتی بەتەواوی پارێزراو بێت.

دەنگی کرێکارجەخت دەکاتەوە کە ئازار، ژیان، ماف، تینوێتی بۆ دادپەروەری و کەرامەتی هیچ کرێکارێک سنورو زمان و مەزهەب ونەتەوە ناناسێت. جیهانی دادپەروەر تەنها بەیەکڕیزیی هەموو کرێکاران، بەهەر ڕەنگ و بەرگێکیانەوە، بەهەر باوەڕو عەقیدەیەکیانەوە دژ بەسیستەمی قازانچپەرستی سەرمایەداری، بەدەست دێت.

 

Related posts

دەنگی کرێکار لەبەردەقارەمان،لەگەڵ پێشوازی گەرمی خوێنەرانیدا بەرەوڕوو دەبێت!

Dangi Krekar

بزوتنەوەی کرێکاری لەپێناوی چیدایە؟

Dangi Krekar

“بێکاری دەبێتە مایەی ئەوەی کەخاوەنکار زۆرترین هەلومەرجی چەوسانەوە و بێمافی بەسەر کرێکاراندا داسەپێنێت”

Dangi Krekar

Leave a Comment