بەسڕا: کرێکاران و کارمەندانی نەوت بەرامبەر بە سەفەقاتی کۆمپانیاکان، دەست بۆ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دەبەن!
| دەنگی کرێکار
لە سەرەتای مانگیئەیلولی ئەم ساڵدا، لە کاتێکدا دەسەڵاتداران و کۆمپانیاکان کێبڕکێ لەسەر پشکی نەوت و سامان دەکەن، باجەکەی هەمیشە لەگیرفانی کرێکار دەدەرێت. نمونەی هەرە دیاری ئەم ستەمە، ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە فراوانەیە کە لەلایەن کرێکاران و کارمەندانی کێڵگەی نەوتی ”وێست قورنە ٢ (West Qurna 2)” لەباشووری عێراق بەڕێوە دەچێت، کە ناڕەزایەتییەکی توندی بەرانبەر بەدزینی ماف و شایستەکانیان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە دەربڕرا. ڕیشەی قەیرانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەک لەمەوبەر کەئەمریکا بەتوندی ئاگاداری حکومەتی عێراقی کردووەتەوە کەدەبێت سەر لەبەری بەرژەوەندییەکانی ڕوسیا، لەوانەش کۆمپانیا گەورەکانی نەوت وەک ”لوک ئۆیل” (Lukoil) و ”گازپڕۆم نێفت (Gazprom Neft) ”لەعێراقدا دەربکات بۆ ئەوەی لە ئابڵوقە و سزاکان دەربچێت. هەربۆیە حکومەتی عێراقی ناچار بەم گۆڕانکارییانەی کرد کەڕاستەوخۆ ئەوەی کە زەرەرمەندی یەکەم بوو، کرێکاران و فەرمانبەرانی ئەو کۆمپانیا نەوتییانە بوو، چونکە لەسایەی ئەم گۆڕانکاری و یارییە سیاسییانەدا، بژێوی، کارو مافە داراییەکانیان کەوتە مەترسییەکی گەورەوەو بوونە قوربانیی یەکەمی ڕێککەوتنە سیاسییەکان.
دەسەڵات هەوڵدەدات قەیرانەکان و دەرئەنجامی ململانێ سیاسییەکان بخاتە سەر شانی کرێکاران، هەربۆیە کرێکارانی پاڵاوگەکان، ناوەندەکانی ڕاهێنانی نەوتی و کرێکارانی گرێبەست، لە ناڕەزایەتییەکی بەهێزدان و چەندین داوایان بەرزکردووەتەوە لەسەر:
١/ پاراستنی بەرژەوەندی کۆمپانیاکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکان هەرگیز نابێت لەسەر حسابی بڕین و کەمکردنەوەی شایستەی دارایی کرێکار بێت.
٢/ دەرچووانی ناوەندەکانی ڕاهێنانی نەوتی، دەبێت هەلیکاری ڕاستەقینەیان پێبدرێت، نەک قۆڵبەستبکرێن بەچاوەڕوانی بێسودەوە.
٣/ کرێکارانی گرێبەست دەبێت بەهەمیشەیی (تثبيت) بکرێن و کۆتایی بەکاری ناجێگیر بهێنرێت.
دەنگی کرێکارجەخت لەوە دەکاتەوە کە کرێکاران و فەرمانبەرانی نەوت نابێت هەرگیز باجی هەڵەو سەفەقاتی سیاسی نێوان دەسەڵات و وڵاتانی زلهێز بدەن. لەئێستادا کەکرێکاران هەڕەشەی مانگرتنی گشتی دەکەن، ئەمە باشترین و بەهێزترین چەکە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم ستەمە. ئەرکی خەباتی چینایەتیی کرێکاران لەم قۆناغەدا ئەوەیە:
یەکڕیزیی پۆڵایینی هەموو کرێکارانی کۆمپانیا نەوتییەکان، چ گرێبەست و چ هەمیشەیی، دەبێت ڕێکبخرێن و بەرامبەر بە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر بژێوییان بوەستنەوە.
مانگرتنی گشتی ڕابگەیەنن و هاوچینەکانیان لە کۆمپانیاو کارگەکاندا بانگەواز بکەن بۆ دیفاعکردن و هاوپشتی لە خۆیان. پێویستە کرێکاران ئامادەکاری تەواو بکەن بۆ مانگرتنی گشتی هەتا حکومەت و کۆمپانیاکان ناچار ببن ملکەچی داواکارییە ڕەواکانیان ببن.
