ئایا مووچەی بنەڕەتی و کۆی گشتی مووچە جیاوازییان هەیە؟
نوسینی / شاباز مەحمود
لەژمارە ٧١ دەنگی کرێکاردا ووتمان لەژمارەی داهاتوی دەنگی کرێکاردا جیاوازی مووچەی بنەڕەتی و کۆی گشتی مووچە ڕووندەکەینەوە.. سەرەڕای ئەوەش لەژمارەکانی پێشووتری دەنگی کرێکاردا بڵاوکراوەتەوە..هەروەها لەماوەی سێ هەفتەی ڕابردووشدا، چەندین کرێکار پرسیاری ئەم بابەتەیان کردووە لێمان، کەچی بکەن؟ کەواتە بابزانین جیاوازی نێوان هەردوو ووشەکە چیەو لەم نێوەدا چ فێڵێک دەکرێت لەکرێکاران؟
مووچەی بنەڕەتی چیە؟
کاتێک خاوەن کارگەو کۆمپانیا کە کرێکارێک دائەمەزرێنیت، کۆنتراکتێک لەگەڵ کرێکارەکەدا واژۆ دەکات و بڕی مووچەی دیاریکراو دەنوسێت.. بۆنموونە کرێکارێک ٤٥٠ هەزار دینار مووچەکەیەتی، بەڵام کاتێک کۆمپانیا پارەی دەستەبەری کرێکارەکە ئەبات بۆ بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ٣٠٠ هەزار یان شتێک زیاتر پیشانی ئەوان ئەدات و ڕێژەی دەستەبەرکردنەکە لەسەر کەمترینەکە هەژمار دەکات.. بەواتایەکی تر، لەڕاستیدا کرێکارەکە ٤٥٠ هەزاری هەیە، بەڵام بەنوسین لەسەر کاغەز ٣٠٠ هەزار دەنوسرێت.. بەم هۆیەوە کۆمپانیاو کارگەکان، مانگانەو ساڵانە بڕێکی باش پارەی زیادەی بۆ دەگەڕێتەوە لەژمارەی ئەو کرێکارانەی کەدەستەبەرییان بۆکراوە..
بەڵام لەم فێڵەدا کرێکار زەربەی لێدراوە، چونکە مووچەکەی ٤٥٠ هەزارە، بەڵام کۆمپانیا دەستەبەری بۆکردوووە لەسەر مووچەی ٣٠٠ هەزار دیناری، کەواتە بڕی دەستەبەری بۆ هەژمار نەکراوە لەسەر ئەو ١٥٠ هەزارەی کەخاوەنکار لێیبڕیوە لەبەر قازانجی خۆی. بەم پێیە کرێکارەکە لەسەر بڕی ٣٠٠ هەزار دەستەبەری بۆکراوە لەجیاتی ٤٥٠ هەزار.. هەربۆیە کاتێک کرێکارەکە تەمەنی ئەگاتە خانەنشین بوون وئەیەوێت وەک هەر کارمەندێکی حکومی خانەشین بێت، ئەوکاتە بەپێی یاسا مووچەی خانەنشین بوونەکەی کەمترە، چونکە دەستەبەرییەکەی کە بۆیکراوە پێشتر کەمتربووە.
کۆی گشتی مووچە چیە؟
کۆی گشتی مووچەکە دیارو ڕوونە کەمەبەستە لەکۆی هەموو ئەو بڕە پارەیەیە کەوەک مووچە ئەدرێت بەکرێکار بەبێ پاشگرو پێشگر.. کاتێک کرێکارەکە ڕێک ٤٥٠ هەزار وەردەگرێت، ئیتر ئەوە کۆی گشتی مووچەکەیەتی و ئەگەر دەستەبەری بۆبکرێت، ئەوا لەسەر کۆی ئەم کۆی گشتی موچەیە دەستەبەری بۆدەکرێت.. قازانجەکەشی لەوەدایە بۆ کرێکار، کەکاتێک تەمەنی ئەگاتە خانەنشینی، ئەوا ئەو مووچەیەی کەبۆی دیاریدەکرێت بڕێکی زیاترە لەچاو مووچەی بنەڕەتیدا..
ئەی یاسیکار چی دەڵێت لەسەر ئەم دوو ووشەیە؟
بەپێی یاسایکاری بەرکاری هەرێم ، دەبێت دەستەواژەی مووچەی بنەڕەتی لاببرێت یان بگۆڕدرێت بەکۆی گشتی مووچەکە.. ئەگەر نا، پێچەوانەی یاسایەو ڕێکاری یاسایی لەسەر هەر کارگەو کۆمپانیایەک دەگیرێتەبەر.. لەم کەناڵەشەوە هەم قازانج بۆ کرێکارەکە دەگێڕدرێتەوەو مافەکەشی ناخورێت، هەم وەزارەتیکارو کاروباری کۆمەڵایەتی قازانج لەو باج و خەراجە دەکات کەلەکۆمپانیاو کارگەکان وەریدەگیرێت و دواتر بڕێکی دەگەڕێنێتەوە بۆ تەمەنی خانەنشینی کرێکارەکە کەبۆ داهاتووی کرێکارەکە گرنگە وەک هەر کارمەندێکی حکومی، تائەویش مووچەیەکی هەبێت بۆژیانکردن و هەروا بەری ڕەنجی نەدزرێت و نەخورێت
