لەتێستکردنی کرێکاردا خاوەنکار چ قازانجێک دەکات؟
| دەنگی کرێکار
لەڕاستیدا مەسەلەی تێستکردنی کرێکار ئەگەر مەبەست لەشارەزایی کردنی کرێکار بێت بەئامانجی فێربوون وچوونە پێشەوەی توانستی عەقڵی و پڕۆفیشناڵ بوونی ئەو بێت بۆ کارکردن هەتا بەشێوەیەکی زانستی و ئاکادیمی کارەکەی پێشکەش بکات بەکوالیتێی باشەوە، ئەوا ڕاستەوخۆ لەئەستۆی حکومەت یان خوێندنگا ناحکومیەکاندایە بۆکردنەوەی دەورات، یان کردنەوەی پەیمانگای بەپیشەیی”حرفی” کردنی کار. ئەم سێکتەرە گرنگەی ناوبازاڕیکار وەک ناوەندێکی فێرکاری لەشێوەی پەیمانگا یان خوێندنگایەکی حیرفەیی بۆکار، یان وەک ئامادەیی پیشەسازی جاران، پاش چەندساڵ یان هەر ٦ مانگ جارێک سودێکی گەورەی هەیە بۆ پێگەیاندنی سەدەها خوێنکار، کرێکارو خاوەن پیشەکان کەچۆن فێری لایەنی زانستی ئەو کارانە دەبن کەخۆیان هەیانە کەهێشتا بەشێوەی ستانداردو لایەنی زانیستیانەی کار لەبارەیەوە شارەزاییەکی ئەوتۆیان نیە. ئەم ناوەندانە توانای عەقڵی و شێوەی زانستیانەی تیۆری کاری حیرفەیی هەر خوازیارێک ئەباتە پێشەوەو دوای تەواو کردنی پەیمانگاو دەوراتەکان بڕوانامەی کاری حیرفەیی خۆیان وەردەگرن و دواتر لەناوبازاڕیکاردا دەتوانن بەشێوەی پڕۆفیشناڵانە کارەکانیان ئەنجام بدەن. بەڵام ئەوەی کەدەگوزەرێت لەناوەندەکانی کارو لەکارگەو کۆمپانیاکاندا لەسەر تێست کردنی کرێکار بۆچەند هەفتەو چەند مانگ، هیچی ترنیە جگە لەقازانجێک کەدەست کارگەو کۆمپانیاکان ئەکەوێت. ئەمە چۆن وایە؟!
کاتێک کرێکارێک وەردەگیرێت لەکارگەیەکدا، چەند مانگێک لەژێر ناوی تێستدا کار بەکرێکار دەکرێت بەحەقدەستێکی کەمترەوە. زۆر جار واڕێکەوتووە کەچەند ڕۆژێک یان چەند هەفتەیەکی کەم کاری پێدەکرێت و دواتر بەپاساوی ئەوەی کەلەتێستدا دەرنەچووە، دەستبەتاڵ ئەینێرنەوە بۆ ماڵەوە بەبێ هیچ بڕە پارەیەک. ئەم سیاسەتی گیرفان بڕینەی خەڵک بەجۆرێک وەک دیاردەو سوننەتێکی لێهاتووەو بەجۆرێکیش سایەی کێشاوە بەسەر بیرکردنەوەی گشتیدا کە ئیتر ببێتە دۆخێکی نۆرماڵ و عاددی لەبەرچاودا. بۆنمونە: جاران منداڵیان ئەنارد بۆناوەندیکارێک وەک سەرتاشخانە، یان بەرگدروو… بۆئەوەی فێری کارەکە ببێت و لەبەرامبەریدا هیچی وەر نەئەگرت بەپاساوی ئەوەی شاگردەو دەیەوێت فێری کار ببێت. ئێستاش لەهەندێک ناوەندیکاردا ئەم نۆرمە دووبارە ئەکرێتەوە بەڵام بەئاشکرا بەشێوەی چەتەیی بەگیان و ژیانی کرێکارێکەوە کەچەند ڕۆژو هەفتە کاری پێکراوەو بێدەربەستانە بەبێ حەقدەست و بەپاساوی پووچی دەرنەچون لەتێستدا دەرئەکرێت لەکار.