Dangikrekar.com
گفتوگۆ

“ئەگەر جیهازەکان بوەستن لەکار، ڕۆژانەکەتان بۆ هەژمار ناکەین”

“ئەگەر جیهازەکان بوەستن لەکار، ڕۆژانەکەتان بۆ هەژمار ناکەین”

چاوپێکەوتنی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەگەڵ کرێکارێکی دەرکراوی کارگەی چپسی پەتاتەی مینا

    سازدانی مەحمود حەلاق 

 

چاوپێکەوتنی دەنگی کرێکار لەگەڵ کرێکارێکی دەرکراوی کارگەی چپسی پەتاتەی مینا کەپێی باش نەبوو ناوی بهێنریت

 دەنگی کرێکار: هەواڵی ئەوەمان زانی کەبەڕێزتان لەئیش دەرکراوون لەکارگەی چپسی پەتاتەی مینا، ئەوە ڕاستە؟ ئایا هۆکارەکەی چی بوو؟

کرێکارەکە: بەڵی ڕاستە. ئەوان هیچ پاساوێکی قانعکەریان نەبوو. دیاربوو کەئەوان بەشوێن بەهانەو پاساوێکدا دەگەڕان بۆ دەرکردنمان، سەرەتا ئەیان ووت جیهازو ئامێرەکان ڕاوەستاوون، جارێک ئەیان ووت ئامێرەکان ئیش زۆر ئەکەن و تحمول ناکەن. ئەگەر جیهازەکان بوەستن لەکار ڕۆژانەکەتان بۆ هەژمار ناکەین، مۆڵەتتان بۆ هەژمار ناکەین تەنها ڕۆژانی هەینی نەبێت. دوای دوو هەفتە پێیان ووتین کاکە ئیتر بەشەفتی شەو کار ناکەین و باشترە بڕۆن، هەرکاتێک کەوتینەوە ئیش لەشەودا بانگتان ئەکەینەوە بۆکارکردن.. ئێمە بەهۆی هەڵاوسانەوە، بەهۆی ئەوەی کەقازانجمان کەمبووەو دەرینەهێناوە بۆمان ناتوانین کارتان پێبکەین، هەربۆیە شەفتی شەو لائەبەین و ئیتر ئێوە ناتوانن بمیننەوە لەکارگەدا.

دەنگی کرێکار: ئەتوانیت پێمان بڵێیت ئەو کارگەیە لەکەیەوە دامەزراوەو شوێنەکەی لەکوێیەو ناوی چیە؟

کرێکارەکە: بەپێی قسەی سەرپەرشتیارو کرێکارەکان نزیکەی دووساڵە ئەو کارگەیە هەیە، دوو ساڵە ئیشی تێدا دەکرێت. کارگەکە کەوتۆتە ناوچەی پیشەسازی سلێمانیەوە لەلای ئۆفیسی تاقیگاکانی ئۆتۆمۆبیلەوە. کارگەکەش بەناوی کارگەی چپسی پەتاتەی میناوەیەو هەربەتەنها چپس بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو فینگەریش دروست ئەکات.

دەنگی کرێکار: چەند کرێکار ئیشی تیدا دەکات؟

کرێکارەکە: دوو شەفت کاری تێدا دەکات، شەفتی شەو لایان برد بەپاساوی ئەوەی کەگرانتر ئەکەوێت لەسەریان و بازاڕی ساغکردنەوەی کاڵاکەیان نیە. هەردوو شەفتەکە پێش لابردنی بەشی شەویان، ٢٠ کرێکار ئیشیان تێدا دەکرد.

دەنگی کرێکار: ماوەی کارکردنتان چەند کاژێرە؟

کرێکارەکە: وەکو ماوەی کارکردن، ئێمە پێشتر ١٠ سەعات کارمان دەکرد، یەعنی لەڕۆژی دەستبەکاربوونی کارگەکەوە ڕۆژانە ١٠ سەعات کاری تێدا دەکرێت هەتا ئێستا. شەفتی ڕۆژ لەسەعات ٨ بەیانیەوە هەتا سەعات ٦ ئێوارە، بەڵام کاتێک کرا بەدوو شەفت، کاتی کاریش لە ١٠ سەعاتەوە کرا بە ١٢ سەعات. کاتێک کەمن دەستمکرد بەکار، خستمیانە شەفتی شەو، لەسەعات ٨ ئێوارەوە بۆ سەعات ٦ بەیانی، ئەمە بەردەوام بوو هەتا ١٥ ڕۆژ. بەڵام شەفتی شەو ماوەیەکی کورتی خایاند، پێموایە تەنها مانگێک بوو، دوایی بەپاساوی مەسرەف و تێچووی زیاتر شەفتی شەویان لابردو ئێمەشیان بەو بیانووە دەرکرد.

دەنگی کرێکار: ئایا مووچەکانتان چەندە؟ ئەگەر کرێکاری ئافرەتیش هەیە، ئایا ئەوانیش هەمان مووچەیە؟

کرێکارەکە:  مووچەی مانگانەش ٥ سەد هەزارە بەگشتی بەبێ جیاوازی.. بەڵام وەک سەرپەرشتیار یان ئەوەی کەتەجروبەی زیاترەو کۆنتر، ئەگاتە ٧ سەد هەزار دینار یان زیاتر، ئەندازیارێکی مصریشمان هەیە مانگانەکەی ٣ هەزار دۆلارە.

دەنگی کرێکار: حەوانەوەو نانخواردنتان چۆنە؟

کرێکارەکە: سەعاتێکمان هەیە بۆ ڕێستێکی ئەک چارەکی لەگەڵ نانخواردنی نیووە. ئەوە هەموو ئیستراحەتەکەی ئێمەیە. مەسەلەی نانخواردنیش ڕۆژانە دووبارەیەو تەنها برنج و شلەیەک ئەویش ناچاری بوو، چونکە بەس لەخواردن نەئەچوو.

دەنگی کرێکار: شێوەی مامەڵەی کارگەو ئیدارەکەی لەگەڵتاندا چۆن بوو؟

کرێکارەکە: سەرپەرشتیارەکەی ئێمە زۆر باش بوو لەگەڵماندا، بەڵام یەکێکی تریان بەسەر سەرپەرشتیارەکەی ئێمەشدا خۆی فەرز ئەکردو زەبت و ڕەبتی زیاتر بوو، قسە ڕەق بوو لەگەڵماندا.

دەنگی کرێکار: ئایا کرێکاری تێدایە کەدەستەبەر کرابێت؟

کرێکارەکە: بەڕاستی نازانم!! ئەوەی کەتۆ باسی ئەکەیت، ئێستا من ئەیبیستم و تێئەگەم کەشتێکی واهەبێت. پێشتر هەر نەمزانیووە دەستەبەری چیەو سودو قازانجەکەشی چیە بۆ کرێکار. بەڵام ئێستا لەئەنجامی قسەکانی تۆدا تێگەیشتم کەقازانجەکەی چیەو چەندیش پێوویستە بۆ کرێکار.

 

Related posts

workers voice No.8 , The First Worker’s Journal in Kurdistan-Iraq January 2024

Dangi Krekar

چوار کرێکاری ‌خه‌ڵكی یه‌مه‌ن كوژران و دوو کرێکاری تریش برینداربوون. دەنگی کرێکار زانیاری لەسەر بریندارو کوژراوەکانی ڕووداوەکە دەستکەووتووە.

Dangi Krekar

”کۆمپانیای بیڤان“ لەگرێبەستێکدا واژۆ بەکرێکاران دەکات کە بێموچە کاربکەن!

Dangi Krekar

Leave a Comment