لەدیدارێکدا، بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی کرێکاران سازدەدات
| پەیامنێری دەنگی کرێکار/ سلێمانی:
لەسەردانێکی پەیامنێری بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، بۆ ناوەندەکانی کار، لەشاری سلێمانی، دیدارێکی لەگەڵ کۆمەڵێک کرێکار سازداو گۆڕێکی گفتوگۆی لەسەر پرسەکانی کرێکارن سازدا. ئەمەی خوارەوە کوۆکراوەی گفتۆگۆی کرێکارنە:
دەنگی کرێکار: سڵاوتان لێبـــیت وماندوو نەبن.. خۆشحاڵین کەداوای دەنگی کرێکارتان قبوڵکرد هەتا پێکەوە دابنیشین وگفتوگۆ بکەین.. هەڵبەت بابەت و قەزیەی کرێکار زۆرن، بەڵام لەفرسەتەدا باشترە لەسەر چەند بابەتێکی سەرەکی قسەوباس بکەین:
ئایا پێتانوایە کرێکارانی کوردستان لەڕێگای ڕێکخراووبونەوە بتوانن ڕێگری بکەن لەهێرشی بێڕەحمانەی خاوەنکارو کۆمپانیا بۆ سەر ژیانیان؟ ئایا کرێکاران چۆن ڕێکخراوی خۆیان دروست بکەن و چ جۆرە ڕێکخراوێک دەتوانێت کرێکاران لەدەوری خۆاستەکانیان کۆ بکاتەوە؟ ئایا هەتا چەند زەمینەی دەستبردن بۆ ڕێکخراوبوونی کرێکاران گونجاوە؟
لەوەڵامی پرسیاری یەکەمدا. یەکێک لەکرێکارەکان دەڵێت: دەستتان خۆش بۆ وروژاندنی ئەم بابەتە هەستیارو گرنگە.. بۆ وەڵامی پرسیارەکان، بەبۆچوونی من: بەڵێ.. بەڕێکخراوبوون ئەتوانرێت چۆك بەزوڵمی خاوەنكار دابدەیت و سەد لەسەد نا، بەڵام بەڕێژەی %٨٠ ئەوان سڵ لەزوڵمكردن ئەكەنەوە بەرامبەر بەكرێكار لەكاتی ڕێکخراوبونیان.. ئەمەم تەجروبە كردووەو بینیومە ئەو كاتەی کە خۆمان پەرتەوازە ئەبین چۆن مامەڵە ئەكرێت و كاتێكیش هێزی پێكەوە بوون نیشانئەدەین چۆن پاشەكشە ئەكەن..
کرێکاری دووەم: دەستتان خۆش بێت، خۆی لەڕاستیدا دەبوایە کرێکاران زۆر جدی بوونایە بۆئەم بابەتەو سەرلەبەری کێشەو بابەتەکانیان.. بەداخەوە گرفتی ئێمە کرێکاران خۆمانین.. ئەوەتا ئێوە لەجیاتی ئێمە بیردەکەنەوەو گرنگی بەژیانمان ئەدەن نەک خۆمان.. ئێوە گرنگی بابەتەکە ئەوروژینن و بەدواداچوون دەکەن نەک خۆمان.. شتەکان پێچەوانەیە..من پرسیارەکە لەکرێکارانی دەکەم، ئێستا هیچ جێگاو حزب و لایەن و ڕێکخراوێک نیە کەپشت و پەنای کرێکاران بێت، تەنها ئەم دەنگی کرێکارە نەبێت کەهەواڵ و گرفتەکانی کرێکاران بڵاودەکاتەوەو لەپاڵ ئێمەدا وەستاوە، ئەی باشە هەموو خەڵکێک حزبێک، مەکۆیەک، دەستەو تاقمێک حزبی هەیە، ناوەندێکی هەیە، دەمڕاستێکی هەیە، ئەی نابێت کرێکاریش شوێنیک، ڕێکخراوێک، گروپێکی خۆی هەبێت کەبتوانێت ئیستیفادەی لێبکات و گەورەی بکات بۆئەوەی دیفاعی لێبکات؟.. من پێموایە هەتا کرێکار چوارچێوەیەکی نەبێت کەبەدەستی خۆی دروستی کردبێت، هەر ئاوا ئەمێنیتەوەو هەمیشەش زەرەری لێدەکات..
کرێکاری سێــیەم: کاکە ڕێکخراوو ئەو شتانە باشە، بەڵام بەڕاستی کەس تاقەتی لێی نیە.. ئەوەندە ڕێکخراوو حزب و شتیوا دروستبووەو هەمووشی خەریکی بەرژەوەندی خۆیەتی.. ئێوە نەبێت کێ باسی کرێکار دەکات، کێ ئاوڕ لەکرێکار ئەداتەوە! ئێ کرێکاریش لەجیاتی ئەوەی بیر بکاتەوە چاوەڕیی کەسێک، لایەک دەکات شتێکی بۆبکات..ئێ تۆ خۆت شت بۆخۆت نەکەیت کەسیش بۆتناکات.. ئینجا کرێکاریش لەگەڵ یەکتردا دوورەپەرێزە، پەرش و بڵاوەو پێکەوە بۆیەکتری کارناکەن..
بەڕای ئێوە چی بکەین باشەو کرێکار چۆن بتوانێت لەدەوری یەکتری کۆ ببێتەوە؟
کرێکاری یەکەم: بەبڕوای من زوڵم وماف و خواستی کرێکار زۆرن.. با باسی زوڵم بکەین.. کوێ ماوە، چ شوێنێک هەیە کرێکار کاری تێدا بکات زوڵمی لێنەکرێت، یان بۆڵەبۆڵ نەکات بۆنمونە لەسەر حەقدەستەکەی، لەسەرسەعاتکاری ڕۆژانەکەی، خورادنەکەی، هاتووچۆکەی.. داوای خواردنێکی نۆرماڵ و باش دەکات، داوای زیادکردنی حەقدەست دەکات، داوای زیادکردنی کاتی ئیستراحەت دەکات کە هەتا هاتووە کەمیان کردۆتەوە، داوای مۆڵەت دەکات ونایدەنێ یان کەمتری ئەدەنێ.. داوای نوسخەی کۆنتراکتەکەی ئەکات نایدەنێ، بەدواداچوون دەکات بۆ دەستەبەرییەکەی هەتا بزانێت بۆیکراوە یان نا، دەرئەکرێت.. دەنگێکی لێبەرز ببێتەوە دەرئەکرێت.. ئینجا ئێستاش مۆدێلیکی تر فێربوون کە کۆمپانیایەکیان لەکارگەیەکدا قوتکردۆتەوە ئیش و کاری سەرەکی بۆ بابەتی تاعینات و ئەو شتانەیە، لەم کۆمپانیایەدا موچەیەکی ئەدەنێ کە لەکرێکاری ئاسایی کارگە کەمترە بەهەمان کاری ناو کارگەوە.. یەعنی بەڕاستی زوڵم لەکرێکاران ئێجگار زۆرە.. ئێ کەواتە هەر ئەم زوڵم و خواست و مافانەش دەتوانێت کرێکار لەیەکتری نزیک بکاتەوە..
کرێکاری دووەم: کاکە وەڵلا وەزعێکیان دروستکردووە کەس تاقەتی هیچی نەماوە.. جا ئەگەر ئەم خەڵکە بیرێکی لەحاڵی خۆی بکردایەتەوە بۆچی بەم ڕۆژە دەگەیشت.. کاکە کرێکار خواخوایەتی کارێکی دەستکەوێت، ئەم بێکارییە بووە بەسەرەتان، هیچیان نەهێشتۆتەوە بۆ خەڵک، خوێندن تەواو ئەکەیت تاعین ناکرێیت، یەعنی نازانی چی بکەیت.. هەزار کێشەیان بۆخەڵک دروستکردووە.. لەبەر ئەوە مەسەلەی ڕێکخراوو ئەو شتانە کەکرێکار خۆی بیکات زەحمەتە، تاقەتی نیە، هەر حیزبێک هاتووە دەستی خەڵکی لەبنەوە بڕیوەتەوە.. قورسە، خۆئەگەر بکرێت باشترین کەناڵە بەو شەرتەی کەهی کرێکار خۆی بێت هەتا بتوانێت دیفاعی لێــــبکات.
کرێکاری سێـــیەم: من وائەزانم کە هەرچی هاتووە حزبێکی هەیە تەنها کرێکار نەبێت، ئەم حزبانەش کەهەیە لەماوەی زیاتر لە سی ساڵ هەرچی کارەسات و داماوییە بەسەر خەڵکدا هێناویانە، بۆیە کرێکار سەیری ئەوە ئەکات و وەک ئاوێنەیەک خۆی لەبەریا دەبینێتەوە کەمەسەلەی حزبایەتی و ڕێکخراوو شتی لەمجۆرە هەر ئەوەیە.. بۆیە سەختە هەروا ئاسان باوەڕ بەهاوڕی کرێکارەکەشی بکات.. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەکو ئەو برادەرەمان باسیکرد یەکەمجار هەر دەبێت بەهۆی زوڵمی زۆرو خواست و مافەکانی کرێکاران خۆیانەوە بگاتە ئەو باوەڕو قەناعەتەی کەدەبێت هەم ڕێکخراوی خۆی هەبێت هەم حزب و ناوەندێکی خۆی هەبێت کەبتوانێت دیفاع لەکرێکاران بکات..من ئەو ڕۆژە دەبینم و باوەڕیشم پێـیەتی..
گفتوگۆکانی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار درێژەی دەبێت
