چۆن کرێکارانی کوردستان لەڕێگەی ڕێکخستنی سەربەخۆی خۆیانەوە مافەکانیان دەپارێزن؟
محمود حەلاق
یەکەم هەنگاو بۆ پاراستنی کرێکاران خۆیان، تێگەیشتنە لەوەی کەماف بەبێهێزی فشار بەدەستنایەت.
لەسایەو سێبەری سیستەمی سەرمایەداری کۆنترۆڵنەکراودا، هەمیشە کرێکار ڕووبەڕووی مەترسی بەردەوام دەبێتەوە، هەر لەنەبوونی حەقدەستێکی شیاو، نەبوونی گرێبەستێکی واقیعی کرێکاری، بیمەی تەندروستی و خانەنشینییەوە بگرە هەتا دەگاتە نەبوونی سەلامەتی لەشوێنیکاردا کەساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کرێکار. بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەش پێویستە کرێکاران تێبگەن کەپاراستنی مافەکانیان هەر تەنها ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکی خودی خۆیانەکەچۆن ڕیزەکانیان پتەوو بەهێز ڕابگرن هەتا بتوانن لێرەوە یاسایەکی پێشڕەوی کرێکاری بهێننە پێشەوەکەڕێگریی بکات لەپێناوی پاراستنی خۆیان و لەبەرامبەر کارگەو خاوەنکارو کۆمپانیاکانیشدا.
بۆ ئەوەی کرێکارانی کوردستان خاوەنی سەروەریی خۆیان بن، پێویستە لەقۆناغی ناڕەزایی تاکەکەسییەوە بەرەو ڕێکخستنی خۆیان هەنگاو هەڵگرنەوە لەچەندین ڕێگاوە، لەوانەش:
١/دروستکردنی ڕێکخراوی خۆیان: یەکێک لەگەورەترین کێشەکانی کرێکاران، پاشکۆیی ڕێکخراوە کرێکارییەکانە بۆ حزبە سیاسییەکان. کرێکاران کاتێک مافیان دەپارێزرێت کەڕێکخراوەکەیان تەنهاوتەنها نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەوان بکات. پێویستە ڕێکخراوێک دروستبکەن کەبڕیارەکانی لەناوخۆی کارگەو شوێنکارەکانی خۆیانەوە سەرچاوە بگرێت، نەک لەمەکتەب سیاسی و ڕێکخراوە سێبەرەکانیانەوە.
٢/پێویستە لەهەر پڕۆژەو کارگەیەکدا، لەهەر ناوەندو شوێنیکارێکدا، لێژنەیەکی بچووکی کرێکاری هەبێت کەنوێنەرایەتی کرێکاران بکات لەبەردەم خاوەنکاردا. هەرئەمەشمیکانیزمێکە کەکرێکار وەک ناوەندێکی یەکگرتوو تێیدا دەردەکەوێت کەئاسان نیەو ناتوانرێت بەئاسانی هەڕەشەی دەرکردنی لەسەر کاری لێبکرێت.
٣/دروستکردنی سندوقی پشتیوانی دارایی خۆیان: ڕێکخراوێکی کرێکاری بەهێز پێویستی بەسەربەخۆیی دارایی هەیە. بەکۆکردنەوەی بڕە پارەیەکی زۆر کەم وەک ئابوونەی مانگانە، کرێکاران دەتوانن سندوقێکی هاوکاری دروستبکەن بۆ پاڵپشتی ئەو کرێکارانەی بەهۆی مانگرتن یان پێکانەوە لەکار دوور دەخرێنەوە، ئەمەش ترس لەلەدەستدانی کار کەمدەکاتەوە، سەرەڕای کۆکردنەوەی خۆیان لەدەوری خۆیاندا.
٤/ شارەزابوون لەیاساییکار بۆ کرێکاران، ڕێگا دەکاتەوە بۆ فشاری زیاتر لەسەر یاسایکارو لایەنی حکومی، کەئەوەش فشار دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕگانەی کەشتێک قازانجهێنەرن بۆ کرێکاران، هەر لەسەعاتیکارەوە، گرێبەستیکار، خواستەکان، دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەتا دەگاتە دادگا. هەر لێرەشەوە پێویستە پارێزەر و یاساناسانی خۆبەخش لەناو ڕێکخراوەکەدا هەبن بۆ بەرگریکردن لەهەر کرێکارێک کەمافی دەخورێت، چونکە تاکە ڕێگەی گەرەنتی ماف، بوونی یاسایەکی کارایە کەخاوەنکار بترسێنێت.
کرێکارانی کوردستان پێویستە تێبگەن کەهێزی ئەوان لەژمارەیان و لە بەرهەمەکەیاندایە. هیچ کارگەیەک ناچەرخێت و هیچ پڕۆژەیەکیش تەواو نابێت ئەگەر زەحمەت وماندووبوونی کرێکارانیتێدا نەبێت. پاراستنی مافی کرێکاران، لەسێبەری ڕێکخراوێکی واقیعی خۆیاندایە دوور لەدەستوەردانی حزبی، هەرئەوەش تەنها ڕێگایە بۆ ئەوەی کرێکار لەکوردستاندا بەکەرامەتەوە بژی و چیتر نەبێتە قوربانی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان کەبەهۆی خودی سەرمایەدارانەوە دەهێنرێتە پێشەوە.
کرێکار دەبێت لەوە تێبگات کە ئەو نەک تەنیا ئامرازی بەرهەمهێنانە، بەڵکو شادەماری ئابوری و کەڵەکەی هەرچی زیاتری سەرمایەو قازانجەو بەبێ ماندووبوونی ئەویش، نەسەرمایە گەشە دەکات ونەسەرمایەدارانیش دەبنە خاوەنی سەرمایە. پاراستنی مافەکان و ڕێگریکردن لەدەرکردنی هەڕەمەکی لەکار، پێویستی بەگۆڕینی هاوکێشەی هێز هەیە لەنێوان خاوەنکارو کرێکاردا، ئەمەش بەتەنهاو بەشێوەی بۆڵە بۆڵ و وەڕسبوونی تاکەکەسی مەحاڵە، چونکە خاوەنکارو کۆمپانیاو کارگەکان هەمیشە سوود لەپەرتەوازەیی کرێکاران وەردەگرێت بۆ ئەوەی ئیرادەی خۆی بسەپێنێت…
