دەستە کرێکارییەکان باشترین و گونجاوترین بژاردەیە بۆ دۆخی کوردستان
شاباز محمود
بەرلەوەی کرێکار ببێتە قوربانی ژێرداروپەردوی پڕۆژەکان یان تەزووی کارەبای ستوونەکان، ئەو قوربانی بێدەنگی وپەرتەوازەیی خۆیەتی. لەهەرێمێکدا کەسەرمایەدارییەکی بێبەزەیی وچاوچنۆک جڵەوی بازاڕی گرتووە، تاکە چەکی دەستی کرێکار بۆ مانەوە، نە پاڕانەوەیە ونە چاوەڕوانی بەزەیی خاوەنکار، بەڵکو تەنهاو تەنها ڕێکخراوبوونە. بەبێ ڕێکخراوبوونیش، کرێکار تەنها ژمارەیەکی بێبایەخە لە لیستی خەرجی کۆمپانیاکاندا، بەڵام بەڕێکخراوبوون دەبێتە بکەرێکی سیاسی وکۆمەڵایەتی کەکەس ناتوانێت فەرامۆشیبکات.
ئەوەی ئەمڕۆ لەبازاڕو پڕۆژە جیاوازەکانی کوردستاندا دەگوزەرێت، تەنها پرۆسەیەک نییە بۆ بژێوی ژیان، بەڵکو گۆڕستانێکی گەورەیە کەڕۆژانە خوێنی کرێکاری تێدا دەڕژێت. ژینگەی کار لێرە ژینگەیەکی بکوژە نەمەرجی سەلامەتی هەیەو نەهەقدەستێکی دادپەروەرانەو نەکاتژمێرێکی دیاریکراوی کارکردن. ئەم نایەکسانییەش لەسێبەری نەبوونی هیچ ڕێکخراوێکی داکۆکیکاری سەربەخۆدا گەیشتووەتە لوتکە، چونکە ئەو دامەزراوانەی بەناوی کرێکارەوە هەن، زۆرجار سێبەری دەسەڵات و حیزبن و لەبری مافی کرێکار، بەرژەوەندی خاوەنکارەکان دەپارێزن. دەستە کرێکارییەکان بژاردەی ڕزگارییە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە مەترسیدارە، بۆیە پێویستمان بەشۆڕشێکی ڕێکخراوەیی هەیە لەناوجەرگەی کارەکاندا. مۆدێلی دەستە کرێکارییەکان نەک تەنها پێویستییەکن، بەڵکو گونجاوترین بژاردەی سەربەخۆیە بۆ کرێکارانی کوردستان. ئەم دەستانە دەبێت لەخوارەوە، واتە لەناو خودی کارگەکان، پڕۆژە بیناسازییەکان و گەڕەکە کرێکارییەکاندا دروستببن. هێزی ئەم دەستانە لەوەدایە کە ڕاستەوخۆ لە کێشەکانەوە نزیکن، ئەوان دەتوانن چاودێری وردی مەرجەکانی سەلامەتی بکەن، ڕێگری بکەن لەچەوساندنەوەو پێکەوە بڕیار لەسەر مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان بدەن. گرنگی ڕێکخراوبوون لەچوارچێوەی دەستەکاندا لەوەدایە کەکرێکار لەتاکێکی لاوازەوە دەگۆڕێت بۆ هێزێکی فشاری کۆمەڵایەتی. تەنها بەم شێوازە دەتوانرێت خاوەنکارەکان وحکومەت ناچاربکرێن کەڕێز لەژیانی مرۆڤ بگرن ویاسایکار بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە کەپاراستنی گیانی کرێکار لەسەرووی هەموو قازانجێکەوە بێت. کاتی ئەوە هاتووە کرێکارانی کوردستان تێبگەن کەهیچ کەس لەبری ئەوان خەبات ناکات. ئەگەر نامانەوێت کوردستان ببێتە گۆڕستانێکی هەمیشەیی، دەبێت ڕێگەی ڕێکخراوبوون بگرینەبەر. ڕێکخراوبوون تەنها ڕێگەیەکە کەدەتوانێت شکۆوژیان بۆ ڕەنجدەران وکرێکاران بگێڕێتەوە. ڕێگەی ڕزگاری تەنها لەم دروشمەدا کورت دەبێتەوە، ئەویش ڕێکخراوبوونە.
