خاوەنکارو کۆمپانیاکان کاتێک دەتوانن زوڵم لەکرێکاران بکەن کە یەکگرتوو ڕێکخراونەبن و ڕیزەکانمان پەرتەوازەبێت ”
وتوێژی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەگەڵ کرێکاری کارگەیەکدا.
سازدانی/محمود حەلاق
دەنگی کرێکار: سوپاس کەکاتت بۆ تەرخان کردین. با ڕاستەوخۆ بچینە ناو باسەکەوە، دۆخی کارکردنتان لەناو کارگەدا چۆن دەبینیت، بەتایبەت لەڕووی ئەو ئەرکانەی پێتان دەسپێردرێت؟
کرێکارەکە: دەستخۆشی بۆ ئێوە. ڕاستییەکەی دۆخەکە لەکۆیلایەتی دەچێت نەک کار. ئێمە کاری زیادەمان پێدەکرێت کە لەبنەڕەتدا لە گرێبەستەکانماندا نییە، بەڵام ناچارین بیکەین. لەبەرامبەر ئەو هەموو هیلاکبوونەشدا، مووچەمان زۆر کەمەو بەهیچ شێوەیەک نەلەگەڵ قورسی کارەکەدا دەگونجێت، نەلەگەڵ گرانی لەڕادەبەدەری ئێستا دەگونجێت.
دەنگی کرێکار:باست لەگرێبەست کرد، ئایا هەموو کرێکاران گرێبەستی فەرمییان هەیە؟
کرێکارەکە: نەخێر، کارەساتەکە لێرەدایە!زۆرینەی کرێکاران گرێبەستی کاریان نییە، ئەمەش بەتەواوی پێچەوانەی یاسایکارە، ئەوانەشی کەهەیانە مەرجی خاوەنکاری تێدایە. جگە لەوە، کاتێک کرێکارێکی نوێ تەعیندەکرێت، بڕی مووچەکەی زۆر کەمترە بۆ هەمان ئەو ئیشەی کە کرێکارێکی کۆن دەیکات، وەک بڵێیت ئەزموون و ماندووبوون تەنها ئامڕازێکن بۆ کەمکردنەوەی خەرجی کارگەکە.
دەنگی کرێکار: سەبارەت بەمافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی (ضمان)، ئایا خاوەنکارەکان پابەندن پێوەی؟
کرێکارەکە: بەگشتی نەخێر.. بەشێکی زۆری کرێکاران دەستەبەری کۆمەڵایەتییان نییە.خاوەنکارەکان فێڵێکی یاسایی دەکەن و بەبیانووی کرێکاری ڕۆژانەوە دەستەبەر بۆ کرێکار ناکەن و پێیان دەڵێن ئێوە موەقەتو کاتین. لەکاتێکدا یاسایکار دەڵێت: لەیەکەم ڕۆژی کارکردنەوە دەبێت کرێکار دەستەبەر بکرێت، بەڵام لێرە یاسا تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزە.
دەنگی کرێکار: ڕۆڵی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان چییە لەم نێوەندەدا؟ ئایا چاودێری ئەم کارگانە ناکەن؟
کرێکارەکە:وەک بڵێیت حکومەت دەستی خاوەنکار و کارگەکانی کردۆتەوە، هیچ ئیجرائاتێکی پێویست و جدی نابینین. ئەوەی زیاتر ئازارمان دەدات ئەوەیە کەبەشێک لەم کارگەو ناوەندە گەورانەی کار، پشکی لێپرسراوو بەرپرسانی تێدایە، بۆیە هیچ شتێک ناکرێت کەبەقازانجی کرێکار بێت. بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری دەسەڵاتداران و خاوەنکارەکان تێکەڵ بووەو ئەوەی لەم نێوەندەدا دەهاڕدرێت تەنها کرێکارو کەرامەتیەتی.
دەنگی کرێکار: با کەمێک قووڵتر بڕۆینە ناو وردەکارییەکانی ناو کارگەوە. زۆرجار دەبیستین کەخاوەنکارەکان لەکاتی وەستانی کاردا، هەموو قورساییەکە دەخەنە سەر شانی کرێکار. لای ئێوە ئەمە چۆنە؟
کرێکارەکە:ئەمە گەورەترین زوڵمە کەبەرامبەرمان دەکرێت. با نموونەیەکت بۆ بهێنمەوە؛ ئەگەر کارگە بەهۆی کارەساتی سروشتیەوە، یان پێویستی بەنۆژەنکردنەوە هەبێت، یان خەلەلێکی تەکنیکی لەئامێرەکاندا بێتە پێشەوە کەچەند ڕۆژو هەفتەیەک بخایەنێت، خاوەنکار بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک پارەی هەموو ئەو ڕۆژانە لەکرێکار دەبڕێت! وەک بڵێیت ئێمە بەرپرسین لەشکانی ئامێرو کارەساتە سروشتییەکان
دەنگی کرێکار:بەڵام بەپێی یاسایکار، ئەگەر وەستانی کار لەئەستۆی کرێکار نەبێت، دەبێت مووچەکەی بۆ هەژمار بکرێت. ئایا خاوەنکار حساب بۆ ئەمە ناکات؟
کرێکارەکە:چ یاسایەک؟! لێرە تەنها یاسا ویستی خاوەنکارە، ئەوان بەهیچ شێوەیەک حساب بۆ یاسایکار ناکەن، چونکە حکومەت ئیجرائاتی پێوویست ناکات، تەنانەت ئەگەر کارگەکە تەنها بۆ پاککردنەوە یان بەهۆی هەرشتێکەوە ماوەیەک دابخرێت، پارەی ئەو ڕۆژانەمانلێدەبڕدرێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێمە بەحوکمی گرێبەست (ئەگەر هەبێت) پابەندین بەکارەکەوە، بەڵام خاوەنکار تەنها ئەو کاتە پارەمان دەداتێ کەئامێرەکان دەسوڕێنەوە. مرۆڤ لای ئەوان تەنها پارچەیەکە لەئامێرەکە
دەنگی کرێکار:ئەم بێباکییەی خاوەنکاران لەچییەوە سەرچاوە دەگرێت؟
کرێکارەکە:لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کەدەزانن کرێکار پەرش وبڵاوو ناڕێکخراوە، کاتێک کارگەیەک بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە هەفتەیەک پەکیدەکەوێت، کرێکارەکە دەبێت بەگیرفانی خاڵی و بە قەرزەوە لەماڵەوە دابنیشێت، لەکاتێکدا خاوەنکارەکە ملیۆنەها دۆلاری کۆکردۆتەوە. ئەمە ئەو زوڵمە ڕەهایەیە کە بۆرژوازی کوردی دەیکات، ئەوان نەک هەر نانمان دەبڕن، بەڵکو هەموو مەترسییەکانی کاردەخەنە ئەستۆی کرێکار، کەچی قازانجەکە تەنها بۆ خۆیانە.
دەنگی کرێکار:ئایا هیچ هەوڵێکتانداوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئەم بڕینانە؟
کرێکارەکە:هەر کرێکارێک نەک هەر دەنگ هەڵببڕێت، بەڵکو بۆڵە بۆڵش بکات و بزانن بۆڵەبۆڵەکەی کاریگەری لەسەر ئەوانی تر دەبێت، ڕاستەوخۆ دەرئەکرێت، پێماندەڵێن ئەوەی هەیە ئەمەیە، ئەگەرنا دەرگای دەرەوە کراوەیە. ئەتوانم بڵێم ئەمە حەقیقەتی هەموو کارگەو ناوەندیکارە لەکوردستاندا، کە بەرپرسەکان وەک مژدەی ئاوەدانی باسیدەکەن
دەنگی کرێکار: کرێکارێکی ئەم کارگانە دوای دە ساڵ کارکردن، خۆی لەکوێدا دەبینێتەوە؟
کرێکارەکە: هیچ ئاسۆیەک نییە. سیستمەکە واداڕێژراوە کەکرێکار هەر بەکرێکاری بمێنێتەوەو تەنها هێزی هەبێت بۆ ڕۆژی دواتر بگەڕێتەوە سەر کار. هیچ جۆرە پلەبەرزکردنەوەیەک نییە کەشایستە بێت، هیچ پاداشتێکی (مکافەئە) ساڵانە نییە. کاتێک دەبینین خاوەنکارەکان ساڵ دوای ساڵ مۆدێلی سەیارەکانیان دەگۆڕن و باڵەخانەی نوێ دەکەنەوە، ئێمە تەنها ئەوەمان بۆ دەمێنێتەوە کە جلەکانمان کۆنتر دەبن و جەستەمان پڕ دەبێت لەئازاری جومگەو پشت ئێشە
دەنگی کرێکار: ئایا بیمەیان قەرەبووکردنەوەهەیە ئەگەر کرێکارێک لەکاتی کاردا تووشی ڕووداو بێت؟
کرێکارەکە: وەک پێشتر وتم، لەبەر ئەوەی زۆرینەمان دەستەبەر (تەمین) نەکراووین، ئەگەر دەستێکمان بشکێت یان لەکارگەدا تووشی پێکانێکی جدی بین، تاکو تەرا نەبێت، خاوەنکار زۆر بەساردی دەڵێت ئێمە لێیبەرپرس نین، چونکە تۆ کرێکاری ڕۆژانەیت. ئەم چەمکی موەقەت وڕۆژانەیی بووە بەچەکێک لەدەستی ئەواندا بۆ ئەوەی لەهەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاسایی ڕابکات.
دەنگی کرێکار: واتا ئێوە تەنها وەک کەرەستەیەکی قازانجهێن سەیر دەکرێن؟
کرێکارەکە: ڕێک وایە. ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە تەنها بەرهەمە. کاتێک کرێکارێک پیر دەبێت یان توانای جەستەیی نامێنێت، زۆر بە ئاسانی فڕێدەدرێتە دەرەوەی کارگەکە بەبێئەوەی یەک دینار خانەنشینی یان مافی کۆتایی خزمەتی هەبێت. ئەمە ئەو زوڵمەیە کەهیچ کەسێک ئاوڕی لێناداتەوە. حکومەت و وەزارەتی کار تەنها لەمیدیاکانەوە باسی مافی کرێکاردەکەن، بەڵام وەرنە ناو ژورو هۆڵەکانی کارکردنەوە و ببینن چۆن لێرە کرێکار دەهاڕدرێت.
دەنگی کرێکار: ئەمەوێت بپرسم کەچی بکەین باشە؟ چۆن دەتوانین ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستای هەلومەرجی کارو ژیانی کرێکار لەژێر چەوساندنەوەو ئەو زوڵم وزۆرانەو بێباکی حکومەت ڕزگار بکەین؟ میکانیزمی ئەم گۆڕانکارییە لەچیدایە؟
کرێکارەکە: باشترکردنی ژیانی ئێمە بەترساندن وتکاکردن و پاڕانەوە لەخاوەنکار یان چاوەڕوانیکردن لەحکومەت نایەتە دی، بەڵکو تەنها ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆمان، دەتوانێت بەر بەو زڵمو دەستدرێژیانە بگرێت کە کراوەتە سەرمان. خاوەنکار کاتێک دەتوانێت زوڵم بکات کەکرێکاران پەرتەوازە بن. هەروەها دەبێت کرێکاران لانیکەم لەڕێگای فشارەکانیانەوە حکومەت ناچار بکەن کەبەجددیەوە بێتە سەرهێڵ و ڕێگا بگرێت لەم هەموو زوڵم و کۆیلەکارییە بەکرێکار، ئەمەش پێوویستی بەکۆدەنگی کرێکاران خۆیان هەیە کەچۆن لەدەوری یەکتری کۆببنەوەو هێزی پەرش و بڵاویان کۆبکەنەوە. سەرەڕای ئەوانەش ئەم خاڵانەش گرنگن:
زۆرینەی کرێکاران نازانن یاسایکار چ مافێکی پێداوون. دەبێت بڵاوکراوەکانی وەک دەنگی کرێکارو ڕێکخراوەکان، یاسایکار بەزمانێکی سادە بۆ کرێکاران ڕوونبکەنەوە تاخاوەنکار نەتوانێت بەبیانووی کرێکاری موەقەتو ڕۆژانەفێڵیان لێبکات.
کرێکار دەبێت داوای گرێبەست بکات و لەو گرێبەستەشدا هەموو شتێک ڕوون بێت: دەستەبەری-ضمان، کاتژمێریکار، مووچەی مانگانە، هاتوچۆ، خواردن، سەلامەتی شوێنیکار، حەقی کاری زیادە-ئۆڤەرتایم-و مافی پشوو. بۆیە پێوویستە کرێکار پێش دەستبەکاربوونی ئەمانە بزانێت و بیکات بەکلتورێک لەلای خۆی، بۆئەوەی لانیکەمی مافەکانی پارێزراوبیت.
دەنگی کرێکار: واتا تۆ پێتوایە کێشەکە تەنها ئابوری نییە، بەڵکو کێشەی هێزو ڕێکخستنیشە؟
کرێکار: ڕێک وایە! تا ئەو کاتەی ئێمە وەک تاک تاکبیر بکەینەوەو نەگۆڕدرێت بۆ گروپ و بۆ ڕێکخراوی گەورەترسەرمایەدار دەمانخوات. بەڵام کاتێک کەیەگرتووانە دەربکەوین، لەپاڵیەکدا بین، کاتێک کرێکارێک دەردەکرێت و دەرگای کارگەیەکی لەسەردابخرێت، ئەو کاتەش خاوەنکار ناتوانێت بەهۆی لافاوێکەوە یان بەهۆی پاککردنەوەی کارگەیەکەوە، یان بەهۆی بۆلەبۆلو مانگرتێکەوە بۆخواست ومافێک،پارە لەکرێکار ببڕێت، یان دەریبکات لەکار.
دەنگی کرێکار:دوا ووتەت بۆ هاوپیشەکانت و بۆ ئەو لایەنانەی کەبانگەشەی مافی کرێکار دەکەن چییە؟
کرێکارەکە:دەڵێم بێدەنگی چیتر چارەسەر نییە. ئێمە لەنێوان نادادپەروەری یاساو تەماحی بۆرژوازیدا خەریکە دەخنکێین. کاتی ئەوە هاتووە کرێکاران یەکبگرن و داوای ئەو مافانە بکەن کەیاسا پێیداون بەڵام خاوەنکارەکان لێیان دزیون.دەسەڵاتی ئەوان تەنها لەیەکگرتوویی ئێمە دەترسێت، بۆیە هەمیشە هەوڵدەدەن بەدەو پانزەهەزار دیناری ڕۆژانەوەتەنها لەشەڕی ناندا بمانهێڵنەوە تا کاتی بیرکردنەوەمان نەمێنێت بۆئاڵوگۆڕ لەژیانماندا.
