لەوەڵام بەپرسیاری کرێکارێکدا
| دەنگی کرێکار-سلێمانی:
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، کرێکاری یەکێک لەکارگەکانی سنوری سلێمانی، دەپرسێت: بۆچی نایەنە دەنگ لەسەر کرێکارانێک کەبەناڕەواو بەپاساوی داوای مافێکی زۆر سادەو سەرەتایی لەکار دەرئەکرێن؟ ئایا لایەنی ۆپەیوەندیدار لەسلێمانی نازانن یان بێدەنگەی لێئەکەن؟
دەنگی کرێکار: کرێکاری بەڕێز.. دوای ڕێزو سڵامان، بەداخەوە ئێمە زۆر نیگەرانین بەدەرکردنی کرێکارو نانبڕاوکردنیان، ئێمە تەنها ئەوە دەتوانین کەدەنگ و ڕەنگی کرێکار بین و لەپاڵ خواست و دیفاع لەمافەکانیاندا بەهێزی خۆمانەوە ڕابوەستین و هەرچیەکمان لەدەست بێت لەباری یاساییەوە بۆ کرێکارانی بکەین. بەڵام بەداخەوە، یەکێک لەکێشەکانی کرێکاران ئەوەیە کەکەمترین پەیوەندی بەئێمەوە دەکەن ئەگەر کێشەیەکیان هەبێت، کەلەڕاستیدا کێشەیان زۆرە، بۆئەوەی ئێمەش لەڕێگای یاساییەوە بەدواداچوون بکەین ولەسەر مافەکانیان بەجدییەوە ڕابوەستین.
دەرکردنی کرێکاران بەرەنجامی ناڕێکخراوی و ناتەبایی خۆیانە، بۆیە خاوەنکارو کۆمپانیاو کارگەکانیش بەئارەزووی خۆیان چۆنیان بووێت بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ کرێکاراندا دەکەن. ئەمە بەجۆرێکە تەنانەت بەشێک لەو کارگەو کۆمپانیایانە بەپێچەوانەی یاسایکاری بەرکاری هەرێمەوە لەبەرامبەر کرێکاراندا دەوەستنەوەو پێچ و پەنای یاسایی دەکەن و لینکێکیان بەلێپرسراوان و دەسەڵاتدارانەوە هەیەو پێێان گرنگ نیە یاسایەک هەبێت یان نا..
لەلایەکی تریشەوە، ئەو کرێکارانەی کەدەرئەکرێن لەکار، هێشتا ئەترسن لەوەی کەلەڕێگەی ئێمەوە شکات بکەن تا لانیکەم ئەو مافانەی کەهەیەتی وەریبگرێتەوە لەڕێگای داداگای کارەوە. دەبێت ئەوە بزانێت کە تازە ئەو لەکاردەکراوەو نایگێڕنەوە سەرکارەکەی، با هیچ نەبێت سکاڵایەکی هەبێت لەدادگا جائیتر وەرگرتنەوەی مافەکانی دوائەکەوێت یان نا کێشە نیە، گرنگ ئەوەیە کرێکار بجوڵێت و لەسەر مافەکانی بێدەنگ نەبێت، پێئەچێت کەیسەکەشی بەقازانج بگەڕێتەوەو ئەگەر دەستەبەری بۆ کرابێت، وەریبگرێتەوە.
خاڵیکی پێویست هەیە کەباسیبکەین! ئێمە بەردەوام کۆنتاکت ودانیشتنمان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدارو تەنانەت وەزیری کاریش هەیە کەچی بکەین مافی کرێکاران بگێڕینەوە! بۆئەو مەبەستەش دوای ئەوەی کەکرێکارەکە پەیوەندی پێوەکردین و هەوڵمدا لەڕێگای ئەوەوە یەکدوو کرێکاریان بێن بۆلامان تا پێکەوە بەدواداچون بکەین لەڕێگای پارێزەری خۆبەخشی دەنگی کرێکارەو بچینە دادگای کار، بەڵام بەداخەوە هێچ یەکێک لەکرێکارەکان ئامادە نەبوون، بەڵام بەناچاری کۆنتاکتمان کرد بەلایەنی پەیوەندیدارەوەو ئەوانیش لەوەڵامدا بەمجۆرە بابەتەکەیان ڕوونکردەوە:
ئێمە وەک لایەنی پەیوەندیدار ناتوانین لەخۆمانەوە بچینەسەر هەر کارگەو ناوەندێکی کارەوە ئەگەر کرێکار خۆی نەیەتە لامان لەهەردوو بەڕێوەبەرایەتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی سكاڵا تۆمار نەکات. هەرکاتێک کرێکار هاتەلامان، ئەو کاتەش ئێمە ئیجرائاتی پێوویست دەکەین هەتا دواخاڵ کەدادگای کارە. لەوانەش گرنگتر، لەلای ئێمە لەبەڕیوەبەرایەتی کارو لەبەڕیوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ناوی کرێکار پارێزراوە ئەگەر ترسێکی هەبێت کەکەشف ببێت و بەمهۆیەشەوە نانبڕاوبکرێت، ئێمە ئەرکی ئەم لێپرسراویەتتە ئەخەینە سەرشان و گەرەنتی ئەوە ئەدەین بەکرێکاران کەنەترسن و بێن هەرسکاڵایەکیان هەیە لەلای ئێمە تۆماری بکەن.
