ئۆفیسەکانی دۆزینەوەی هەلیکار فێڵ لەکرێکاران دەکەن!
| دەنگی کرێکار :
لەئەنجامی بێکاری و لەسایەی بێکاربووندا، لەکوردستانیش هەروەک ووڵاتانی جیهان جۆرەها ئۆفیس دەکرێتەوە بەناوی کۆمەک کردنی ئەوانەی کەبێکارن بۆدۆزینەوەی کارێک.. ئەم ئۆفیسانە خۆی لەخۆیدا کارێکی باشە بۆ دۆزینەوەی هەلیکارو لەپێناوی کەمکردنەوەی بێکارێک لەکۆمەڵگادا، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە جگەلەچەند ئۆفیسێک، چەندین کەناڵی تریش هەیە کە فرسەتی بێکارییان قۆستۆتەوەو بەناوی دەستەبەرکردنی هەلیکار بۆخەڵکانێک کەبێکارن بازرگانی دەکەن.
بەڵام فێڵەکە لەکوێدایە؟ کاتێک کەسێک سەردانی ئەو شوێنانە دەکات بۆئەوەی کارێکی دەستبکەوێت، فۆرمێکی دروستکراوی بۆ پڕدەکەنەوەو بڕی ٢٥ هەزار یان زیاتری لێوەردەگیرێت و دواتر لەڕێگای پەیوەندییەکانی خۆیانەوە ئەینێرن بۆ ناوەندیکی کار گوایە پێوویستیان پێیەتی. ئەو ناوەندەش چەندین ڕۆژو بگرە چەند هەفتەیەک بەناوی تێستەوە کار بەو کەسە دەکەن کەماوەی تێستەکەی خۆڕاییە. دوای ئەو ماوەیە کەسەکە وەرناگرن بەپاساوی ئەوەی نەیتوانیوە لەتێستدا دەربچێت، بەمشێوەیە کەسەکە دەستبەتاڵ ئەنێرنەوە..
بەڵام فێڵێک لێرەدا کەدەکرێت ئەوەیە کاتێك ئەو ئۆفیسە یان ئەو کەناڵە کە کەسەی ناردووە داوای بڕێکی تر پارە دەکات لەو ناوەندیکارە کەپێشتریش لەسەر بڕە پارەیەک ڕێککەوتوون کەبیگێرنەوە بۆ کەناڵەکە. ئەو کەسەی کەنێردراوە بۆ ناوەندی کارەکە چەند هەفتەو ڕۆژ کاریان پێکردووە بەخۆڕایی بەناوی تێستەوە. ئۆفیسەکەش ژمارەی ئەو ڕۆژی کارە هەژمار دەکات. بۆنمونە: ئەگەر چەند ڕۆژ کاری کردبێت و هەر ڕۆژێک ١٥ هەتا ٢٠ هەزار دیناری وەک ڕۆژانەکار هەژمار کردبێت لانیکەم لە١٠٠ هەزار دینار زیاترە.. بیگومان ناوەندیکارەکەش قازانجی باش دەکات لەبەخۆڕایی ئیش پێکردنی کەسەکە لەماوەی چەندین ڕۆژدا.. ئەم فرت و فێڵە، بازرگانیەکی ئاشکرایە بەهێزی کاری خەڵکەوە.. هەربۆیە بێکاری سەرچاوەیەکی گەورەی داهات و قازانجێکی ئێجگار گەورەیە کەسەرمایەداران و کۆمپانیاو بازاڕو دوکانەکانی کەڵەکەی سەرمایەی ملیۆنی دەکات.. هەروەها چەکێکی کاریگەرو کوشندەشە لەسەر کرێکارانی لەسەرکار کەهەمیشە لەدڵەڕاوکێی دەرکردن لەسەر کار ئەیانهێڵێتەوەو بەناچاری ملئەدەن بەسەعاتیکاری زۆرو حەقدەستی کەم و بەکۆیلەکردنی کار، بەم پێیەش کرێکارانی لەسەر کار هەمیشە ترسی بێکاربوون وەک شەوە سنگ و بەرۆکیان ئەگوشێت و ناتوانن و ناوێرن لەسەر ماف و خواستەکانیان دەنگیان بەرز بکەنەوە.