باشکردنی دۆخی ژیان وکار، هاتنە مەیدانی یەکگرتوانەی کرێکارانی دەوێت
کرێکارانی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی بەسەریاندا سەپێنراوە، پێویستیان بە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە, پیویستە لەکارگەو ناوەندەکانی کاردا لە دەوری داخوازیەکانیان کۆببنەوە، لەوانەش خواستی پێدانی موچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا وزیادکردنی بەپێی گرانبوونی شتوومەک لەبازاڕدا، کەم کردنەوەی سەعات کار، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کاتی و دامەزراندنی هەر هاوڵاتیەکی ئامادەبەکار، بیمەی بێکاری ودابینکردنی لانی کەمی بژێوی، ئازادی ڕێکخراوبون و.. هەرخواستێکی تر کە کرێکاران لەشوێنیکارەکانیان بەپیویستی دەزانن. جگەلەمەش کرێکاران بۆ باشکردنی ئاستی بژێویان دەبێ لە گەڕەک و شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆیان وەک هەر هاوڵاتیەکیتر بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزاریەکان پێبنێنەمەیدانەوە ولەدەوری دابین کردنی خوێندنی بەخۆڕایی وداودەرمان و کارەبا ئاوو گشت خزمەت گوزاریەکانی تر کۆببنەوەو یەخەی دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەرایەتیەکان بگرن.
بێگومان هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی چینی کرێکار دەبێ هاوشان لەگەڵ بەشە ناڕازیەکانی کۆمەڵگادا دەست بخەنە ناودەستی یەکترو ناڕەزایەتیەکانیان لەبزوتنەوەیەکی سەراسەریدا یەکگرتوو ڕێکخراوو بکەن تابتوانن هاو سەنگی هێز بەقازانجی کرێکاران بگۆرێت.
چاوەڕوانی بەدیار حزبەکانی دەسەڵات وئۆپۆزسیۆن، هیچ ئاکامێکی نابێت جگەلەمانەوە لەم دۆخەی ئێستادا. بەواتایەکی تر، کرێکاران وجەماوەری ناڕازی دەبێ هێزی خۆیان ببینن ولەدەستە وکۆروکۆمەڵی ناڕازیدا لە گەڕەک و ناوەندەکانی کاردا لەدەوری داخوازیەکانیان کۆببنەوەو بێنەمەیدانەوە. ئەمە تەنها ڕیگایەکە کەدەتوانێت دۆخی ئیستا بەقازانجی کرێکاران و بەشە مەحرومەکانی کۆمەڵگا بگۆڕیت وئەو فشارە سەختەی کەلەسەریانە کەمبکاتەوە، بەتایبەتی کەلەئێستادا هەم ناڕەزایەتی کرێکاران وهەم ناڕەزایەتی جەماوەری دژ بەنەدانی موچەو کەمی خزمەتگوزاریەکان لێرەولەوی لەئارادایەو جموجوڵێک دەستی پێکردووە. ئەم جمۆجوڵە وئەم خەبات و ناڕەزایەتیانە تەنها پێویستیان بە لێکگرێدانەوەو سەرانسەری کردنەوە هەیە، کەدەبێ لەدەوری ئاسۆیەکی خەباتکارانە ڕێبەری وڕێنمایی بکرێت وبەرەو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەری کرێکاری بۆ زامنکردنی ژیانێکی ئاسودەتر لەمەی کە ئێستا هەیە، بەرەوپێشەوە ببرێت.